کورد ١٠٠ ساڵە، باجی مانەوە لەگەڵ رژێمێکی دیکتاتۆر ،شۆڤێنی و مەزھەبی عێراق دەداتەوە ..

کورد ١٠٠ ساڵە، باجی مانەوە لەگەڵ رژێمێکی دیکتاتۆر ،شۆڤێنی و مەزھەبی عێراق دەداتەوە ..
میللەتی کورد ناتوانێت لە نێو عێراقێکی میلیشیایکراو ، مافەکانی بەدەست بێنێت ، چونکە لە عێراق تەنیا زمانی چەک و ھێز فەرمانرەوایە و پرسی شۆڤێنزیم و مەزھەبگرایی بۆ گەورەترین کۆسپ لە بەردەم دروستبوونی دیموکراسی لە عێراق. رژێمەیەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ھەموو قۆناغەکانی دەسەڵات و حوکمڕانیدا، بە درێژاییی میژوو بە ھیچ شێوەیەک ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ کورد. ھەمیشە پێکەوەژیانیان ڕەت کردووەتەوە لەگەڵ پێکھاتەکانی عێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی و دووەم نەتەوە لە عێراق، بەتایبەتی کە عێراقی نوێ کەوتە ژێر حوکمڕانیی عەقڵییەتێکی سەربازیی تایفی. وەک ڕەفتاری ڕابردوویان بێ گوێدانە ھەموو پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و بنەما دیموکراسییەکان ڕاستەوخۆ کەوتنە وێزەی پێشێلکردنی مافەکانی کورد و پەراوێزکردن و پشتگوێخستنی پێگە و پۆستەکانی کورد لە بەغدا، ئەمانەش ھەموو ئاماژە و زەنگێکی مەترسیداری پێشوەختە بوون بۆ نەمان و تێکچوونی پرۆسەی پێکەوەژیان و شەراکەتی ڕاستەقینە.'دەسەڵاتی مەزھەبی عێراق ماوەی سێ ساڵە خەڵکی کوردستانی برسی کردووە و قووتی خەڵکی بڕیووە 'پاشگەزبوونەتەوە لە بڕیارەکان و ھەڵوێستە سیاسییەکان، پەشیمانبوونەوەیان لە جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی ١٤٠ و بڕینی قووت و بوودجەی ھەرێمی کوردستان وای کردووە، کە ھیچ پێکەوەژیانێکمان لەگەڵ قبووڵ نەکەن و وامان ھەست نەکردووە کە لە وڵاتێکدا دەژین، کە مافەکانمان پارێزراو دەبێت. بەغدا زیاتر لە ٥٠ پێشێلکاریی دەستووری کردووە، قووتی خەڵکی کوردستانی بڕیووە، لەڕووی سیاسییەوە کوردستانی فەرامۆش کردووە، سەرجەم وەزیرەکانی لە کورد وەرگرتووەتەوە، بۆیە دەکرێت ڕێگایەکی دیکە لەگەڵ بەغدا ھەڵبژێرین، چونکە ھەوڵەکانی ١٤ ساڵی ڕابردووی بەغداو، ئەوەیە کە بۆ پاوانکردنی دەسەڵات و پەراوێزخستنی ھەموو ئەو پرەنسیپانەی کە ڕەنگدانەوەی شەراکەت، ھاوسەنگی و تەوافوقی نێوان پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراق بووە. بێگومان ئەمە یەکێک لەو فاکتەرە ھەرە گرینگانە بووە کە وای کردووە ھەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر سەربەخۆیی و خۆجیاکردنەوە لە عێراق بکات.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەپێی سەرچاوە فەرمیەکان زیاتر لە ٥٠ گروپن، تەنھا چەند گروپێکی کەمیان کەلە ٥ گروپ تێپەرناکات ، پەرلەمانی عێراقی بەبڕیارێک وەک ھێزێکی چەکداری عێراقی دانیپێدانراوە، بەڵام گروپەکانی تر ھەر ھەمووی میلیشای چەکدارین لە دەرەوەی ھێزی چەکداری عێراقی ھەژمار دەکرێن، کەمەش پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای دەقی ماددەی ٩ بڕگەی ب کەتیادا ھاتووە: قەدەغەیە میلشیا سەربازی دروستبکرێت، لەدەرەوەی ھێزە چەکدارەکان، کەواتە حەشدی شەعبی ھێزێکی چەکداری نا قانونییە واتە میلیشایە، ئاماژەشی بەوەدا "بەکارھێنانی چەکی ئەمریکی بەرامبەر ھاوپەیمانێکی ئەمریکا پێچەوانەی ئەم رێکەوتنامەیە بوو، کە لە نێوان ئەمریکاو عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەیە، چونکە بەکارھێنانی ئەم چەکانە تەنیا بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش دەبێت بەکاربھێنرێت، کەچی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع بینرا لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە کەرکوک ناوچەکانی تر، ئەم چەکانە بەرامبەر بە کوردستان و گەلی کورد بەکارھێنرا، بۆیە پێچەوانەی رێکەوتنامە چەکەکان بەکارھێنران. کە ئەم میلیشیایانە لە دوا رۆژدا دەبنە زیاتر مەترسی لە سەر ئاسایش و پێکەوە ژیان و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەو دەبێ رێوشوێنی پێوست لە دژیان بگرێتە بەر بەتایبەت دوای نەمانی داعش.
مێژوویی رٍەشی عێراق نیشاندەری ئەو راستییەیە کە نەک لە رابردوو و لە ئێستا و داھاتووش باوەری بە کورد و مافەکانی نییە و ھەر کاتێک دەرفەتی ھەبێت کار دەکات بۆ لە ناوبردنی .‬ھیچ کات بەغدا نەبووەتە وڵاتێکی دامەزراوەیی و لەسەر بنچینەی یاسا و دەستوور و ھاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ گەلانی وڵاتەکەی بکات و ڕەچاوی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بکات، ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی لە دروشمەوە بگوازێتەوە بۆ کردار. ھەر بۆ نموونە ئەو کاتەی کە نە شەڕی داعش ھەبوو و نە پرسی ڕیفراندۆم لە ئارادا بوو و نە ھەرێم نەوتی دەفرۆشت، بەغدا ئامادە نەبوو بەشە بودجەی ھەرێم وەکوو خۆی بنێرێت کە ١٧% بوو.ئەگەر عێراقی پێش ٢٠٠٣ عێراقی سەرکوتکردن و داپڵۆسین و حیزبی قائید و قائیدی زەرورە و کۆماری ترس و تۆقاندن و سێدارە... بووبێ، ئەوا عێراقی دوای ٢٠٠٣ بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگا و نێوەندە فەرمی و نافەرمییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، لە ڕێزی پێشەوەی دەوڵەتە ھەرە گەندەڵەکانی دونیایە، ھەروەھا بەپێی چەندین داتا و ئامار، عێراقی تازە لە ڕووی خراپی ژینگە و پیسی شارەکان و ناجێگیری دۆخی ئەمنی و بەربادی لەڕووی ئابووری و بەرخۆری و بێ بەرھەمی، لە یەکەمەکانی وڵاتانی دونیایە. ھەروەھا کێشەی کورتھێنانی ساڵانەی بودجە و ساڵ بە ساڵ کەڵەکەبوونی زێتری قەرزی وڵاتان، ئەگەر ئێستاش کارکردی ڕاستەوخۆی نەکردبێتە سەر گوزەرانی خەڵکەکەی، ئەوا بێ شک دوای چەند ساڵێکی دی، زۆر بە ڕۆشنی، ماک و شوێنەوارە خراپەکانی ئەو دۆخە ترسناکە دەردەکەوێت. ئەمە جگە لەوەی نەزعەی مەزھەبگەرایی و دابەشکردنی پۆستەکانی نێوەندی دەسەڵات، لەسەر بنچینەی تائیفی و زیادبوونی میلیشای چەکدار و سوپای نانیزامی، لەباتی پێشخستن، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم وڵاتە دەگەڕێنێتەوە دواوە.بۆیە گفتگۆ و مانەوە لەگەڵ عێراق کارەساتێکی گەورەیە ..
Top