پرسیارێک بۆ سەرۆک بارزانی

پرسیارێک بۆ سەرۆک بارزانی
وەک ئێستام لە یادە لە ساڵیادی بیرەوەری داستانی شارستێن لەگەڵ کەس و کاری شەهدان و ژمارەیەک لە پێشمەرگەی بەشداربووی داستانەکە چووینە خزمەت جەنابی سەرۆک بارزانی، لە پێناسەی داستانی شارستێندا سەرۆک بارزانی فەرمووی: شۆڕشی ئەیلول شۆڕش نەبوو، داستانی زاویتە کردی بە شۆڕش، شۆڕشی گوڵانیش شۆڕش نەبوو، داستانی شارستێن کردی بە شۆڕش, واتا داستانی زاویتە بانگی رابوون و چەخماخەی شۆڕشی ئەیلول بووە، داستانی شارستێنیش جیا لەوەی چەخماخەی شۆڕشی گوڵان بووە، وەڵامدەرەوەی گەورەترین پیلانی نێودەوڵەتیش بوو دژ بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد.
داستانی خواکوڕک و داستانی کۆڕێش لە دوو قۆناغی جیاوازی بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، هەم وەڵامدەرەوەى ستەمی دوژمنان بوون و هەمیش وەرچەرخانی مێژوویی و گوێزەرەوەی رابوونی کوردایەتی بوون لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، لێرەوە روو لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم و لێی دەپرسم: داستانی پردێ کە دوای شکستی کەرکوک و دژ بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و سوپای پاسدارانی ئێران و لە پەنای بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵتیدا پێشمەرگە و شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانی نەمر ئەنجامیاندا، وەڵامدەرەوەی چ پیلانێکە و چ مانا و چ پێناسەیەکی هەیە؟
Top