لق و پۆپی حەشدی شەعبی بە بای خیانەت دێن و دەچن

لق و پۆپی حەشدی شەعبی بە بای خیانەت دێن و دەچن
لە کوردستان هاوکات لەگەڵ پەلامارەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر کوردستان و داگیر کردنەوەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تری دەرەوەی هەرێم و کۆمەڵکوژیەکەی خورماتوو، لە کوردستانیش لق و پۆپی حەشدی شەعبی لە حەشدی حزبی و حەشدی میدیا و حەشدی نووسەر و رۆژنامەنووس و حەشدی رۆشنبیر و حەشدی رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و حەشدی شرۆژەکاری سیاسی و حەشدی مامۆستا کەوتوونە جموجۆڵ و بە بای خیانەت دێن و دەچن، جموجۆڵی ئەو حەشدانەی کوردستان لە کاتێک دایە کە هەڕەشەکانی بەغدا لەسەر کورد و کۆی داخوازی و مافە نەتەوەییەکانی بەردەوامن، فەرموون ئێوە و ناسنامەی لق و پۆپەکانی حەشدی شەعبی لە کوردستان:ــ

١ــ حەشدی حزبی:ــ هەندێ حزب و لایەنی کوردی کە بڕیاریان داوە لە هەر دەرفەتێکدا بۆیان بگونجێ دژی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد هەنگاو بنێن، لە ساڵی ٢٠١١ بەردەرکی سەرایان گرت و بە درووشمی کوردستان تونس و میسرە و (ارحل) کەوتنە دوای تەپ و تۆزی بەهاری عەرەبی، لە ساڵی ٢٠١٤و کاتێک داعش مەترسیەکانی خستنە سەر کوردستان، هەر ئەو حزب و لایەنانە دووبارە کەوتنەوە ئاژاوەگێڕی و داعشیش لەو بارەوە مەمنوومی بۆ دەربڕین و سوپاس گوزاری بۆ ناردن، ئێستاش کە کورد لە هەموو لایەکەوە هەڕشەی لێ دەکرێ، هەر ئەو حزبانە کەوتوونە جموجۆڵ و بە بای حەشدی شەعبی دەجووڵێن و جارێکیتر خەریکی ئاژاوە گێڕن.

٢ــ حەشدی میدیا:ــ ئەم حەشدە کە بریتین لە هەندێ کەناڵ و گۆڤار و سایت و پەیجی بەناو ئەهلی و بێلایەن، بەردەوام لە بەرژەوەندی دوژمنان و بە سوودو قازانجی هەندێ لایەنی دیاریکراو ختووکەی خەڵک دەدەن و لە هەوڵی نانەوەی پشێوی و ئاژاوە گێڕی دان.
٣ــ حەشدی نووسەر و رۆژنامەنووس:ــ هەندێ هەڵسووڕاو و بانگخواز بە دەمامکی نووسەر و رۆژنامەنووسەوە، لەناو نووسەر و رۆژنامەنووساندا ئەرکی حزبییان بۆ دیاری کراوە، تا ئەرکی حزبییان تەواو دەبێ فرمێسکی تیمساحییان پێ دەڕێژن، هەر کاتێکێش ئەرکیە حزبیەکەیان تەواو بوو وەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و کانید بۆ پۆسیتی پارێزگار و پۆستە حکومیەکان دەردەکەون.

٤ــ حەشدی رۆشنبیر:ــ ئەم حەشدەش هەمان ئەرکی نووسەر و رۆژنامەنووس دەبینن، بەڵام بە دەمامکی رۆشنبیرەوە، دوای تەواو بوونی ئەرکیشیان پۆست و ئیمتیازی حزبی و ئیداریان پێ دەدرێ.
٥ــ حەشدی رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی:ــ باس لە رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دەکرێ، ئایا لە کوردستان کۆمەڵی مەدەنی هەیە؟ تا چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی هەبێ؟! بە راشکاوی دەڵێم: لە کوردستان ئەوەی پێیان دەگوترێ کۆمەڵی مەدەنی، لە راستیدا کۆمەڵی حزبین و چالاکوانەکانیشیان چالاکوانی حزبین، ئەوە حزبەکانن بە شاراوەیی ە بۆ بەرژەوەندی حزبی ئاراستە دەکرێن و جوانیەکانیان پێ ناشیرین دەکەن.

٦ــ حەشدی شرۆڤەکاری سیاسی:ــ هەموو ئەو شرۆڤەکارە سیاسیانەی بێ ناسنامەی سیاسی لە کەناڵەکان دەردەکەون، لە راستیدا نوێنەری حزبە جیا جیاکانن، جا بۆ ئەوەی لێدوان و شرۆڤکانیان کاریگەری زیاتریان هەبێ و باشتر خزمەتی ئەجێندا و پلانی حزبەکانیان بکەن، وەک شرۆڤەکاری سیاسی خۆیان دەناسێنن.
٧ــ حەشدی مامۆستا:ــ زۆر بە داخەوە بۆ ئەو توێژە کە لە هەموو قۆناغە جیا جیاکاندا پێشڕەوایەتی جووڵانەوەی کودایەتی و زانست و پێشکەوتنیان کردووە، لە ئێستادا بەشێکیان کە لە راستیدا کادیر و بانگخواز و هەڵسووڕوای حزبەکانن و لە بەرگی پیرۆزی مامۆستادا خۆیان نمایش دەکەن، لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی حزبەکانیشیان دەستبەرداری پیشە پیرۆزەکەیان بوون و حزبەکانیان چۆنیان بوێ ئاوایان دەجووڵێنن.
ئەوەی جێگای پرسیارە هەموو ئەو حەشدانەی ناوم هێناون، تا ئێستاش لەسەر رووداوەکان و داگیر کردنەوەی کەرکوک و کارەساتەکەی خورماتوو و تاوانەکانی حەشدی شەعبی نقەیان لێوە نەهاتووە، کوردیش دەڵێ: بێدەنگی نیشانەی رازی بوونە.
Top