حوكمی مه‌ده‌نی یا حوكمی میلیشا

حوكمی مه‌ده‌نی یا حوكمی میلیشا
كورتكراوه‌ی ئامانجی رووخاندنی حكومه‌تی عێراقی یاخود باشتر بگوترێ لابردنی سه‌دام حوسێن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵأت له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌" ده‌ستبه‌ركردنی دیموكراسی و ئازادی و سه‌قامگیری ناوچه‌یی و جیهانی و بونیادنانی وڵأتێك نموونه‌یی له‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ره‌نگڕێژی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی " بوو، به‌رپرسه‌ باڵأكانی ئه‌مریكا جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ وڵأته‌كه‌یان دیاری به‌نرخیان پێشكه‌ش به‌ عێراقیه‌كان كردوه‌ و ده‌رگایان به‌ڕووی‌ وڵأتێكی مه‌ده‌نی كردوه‌ته‌وه‌ و ئیتر جیاوازییه‌كان نابنه‌ هۆی پاكتاوكردنی یه‌كدی.
ئه‌مریكا به‌ ئاسانی عێراقی راده‌ستی شیعه‌ كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و تێڕوانین و دیدگایه‌ بكرێت كه‌ له‌ فكری مه‌زهه‌بی شیعه‌ شتێك نییه‌ ناوی ده‌وڵه‌ت بێ، زۆر له‌ لێكۆڵه‌ره‌ دینیه‌كان و توێژه‌كانی سیاسی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن شیعه‌ وه‌ك مه‌زهه‌ب له‌ چوارچێوه‌یه‌كی توندڕۆیی ئاینیدا به‌دوای ئه‌و دروشم و گوتارانه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی دینی ئاڕاسته‌یان ده‌كات نه‌ك بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و ده‌وڵه‌ت بوون.
چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی حوكمی میلیشایی له‌ عێراق هه‌ن" بۆ نموونه‌ دامه‌زراندنی هه‌ئیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی" سه‌رچاوه‌كه‌ی فتوایه‌كی مه‌رجه‌عی بوو" بیانووه‌كه‌ی بۆ روووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش و توندوتیژی بوو" له‌ كرده‌وه‌ی ئه‌م میلیشایه‌" هه‌مان جۆری توندوتیژی به‌رپا بوو" ساڵی 2014 مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ له‌ عێراق به‌ یه‌ك فتوا هه‌زاران گه‌نجی شیعیان خسته‌ نێو لیستی جیاجیای میلیشاكانه‌وه‌ و چه‌كدار كران و له‌ دوای 2 ساڵ به‌رگریكردن له‌ مه‌زهه‌بی شیعی به‌رگی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌به‌ر ئه‌و هێزه‌ كرا" زیاتر له‌ 208 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان پێدا و میلیشا بووه‌ جێگره‌وه‌ی سوپایه‌ك كه‌ ئینتیمای بۆ مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌بێ و پشت له‌ هه‌موو پایه‌كی ده‌وڵه‌ت بكات" چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی عێراق خرایه‌ به‌رده‌م گروپه‌كانی نێو ئه‌و میلیشایه‌. وه‌ك سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن ژماره‌یان(42) گروپن، به‌تایبه‌تی ئه‌و 7 گروپه‌ توندڕه‌وه‌ی پله‌ی یه‌كه‌می میلیشایه‌كه‌ن له‌ ژماره‌ و هێز و سه‌رپه‌رشتیكاره‌كانیان(عه‌سائیب ئه‌هلی هه‌ق، به‌در، كته‌بیه‌كانی حیزبوڵڵا، لیوای ئه‌بو لفه‌زڵی عه‌باس، سه‌رایای خۆراسانی، حركه‌ حزبوڵڵا، جه‌یشی ئه‌لكه‌ڕار).
عێراق ئێستا خاوه‌ن ئه‌و هێزه‌ میلیشاییه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و ئابوری و ..هتد هه‌یه‌، ‌ كاتی بوون به‌ ئه‌ندامی عێراق ساڵی 2016 له‌ ئه‌نجوومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان" هه‌مان ئه‌و ساڵه‌یه‌ ئاماری ئه‌و رێكخراوه‌ باس له‌ كوشتنی 241 هاوڵاتی سڤیل ده‌كات له‌ماوه‌ی دوو مانگی شه‌ڕی داعش و حه‌شدی شه‌عبی له‌مووسڵ و په‌نجه‌ی تۆمه‌تیش بۆ هێزه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی شعیه‌(حه‌شدی شه‌عبی) راده‌كێشێ.
پێكهاته‌كانی عێراق خوازیاری ئه‌وه‌ بوون ئه‌و وڵاته‌ مه‌ده‌نی بێت و رێز له‌ پره‌نسیپ و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بگرێت و ببێته‌ نموونه‌یه‌ك له‌ پێكه‌وه‌ژیان، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی راده‌ستكردنی عێراق به‌م گروپه‌ میلیشایانه‌ یاخود شیعه‌كان" هیچ تروسكه‌یه‌ك وئومێدێك نه‌ما كه‌ وڵاتێك به‌ ناسنامه‌یه‌كی فره‌نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و دینیه‌وه‌ حوكمڕانیه‌ك بكات دوور بێت له‌ به‌كارهێنانی هێز و تێوه‌گلاندنی میلیشا له‌ ناكۆكی سیاسی.
ئه‌وه‌ حوكمی مه‌ده‌نی بوو له‌ ماوه‌ی نێوان 2010 تا 2017 زۆرترین پرۆڤیسیۆر و دكتۆرو مامۆستا وئه‌ندازیار و شاره‌زا و كه‌سایه‌تی ئاینی وكۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستی میلیشاكان له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاره‌كانی وه‌ك به‌غدا و ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركوك و .... تیرۆر كران؟ ئه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و هه‌موو راپۆرته‌ی ئاژانسه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ نین كه‌ عێراق وڵاتێكه‌ نه‌ك مه‌ده‌نی نییه‌" به‌ڵكو مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و له‌ ئاینده‌دا به‌ هۆی زێده‌تربوونی ده‌سه‌ڵاتی میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پشتیوانی كردنیان له‌لایه‌ن وڵاتێكی وه‌ك ئێران كه‌ به‌رده‌وام ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌یش به‌ هۆكاری ناسه‌قامگیری ده‌زانن و وه‌ك یه‌كێك له‌ پایه‌كانی په‌ره‌پێدانی تیرۆر و توندوتیژی ته‌ماشا ده‌كرێت.
ئه‌و حوكمه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراق هه‌یه‌، هیچ سیمایه‌كی دیموكراتیه‌ت و ده‌وڵه‌تێكی سه‌رده‌میانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵكو ته‌واوی جومگه‌ گرنگه‌كانی به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ن كه‌ هێز و گروپه‌ توندڕۆییه‌كانی شیعه‌ پشتیوانیان ده‌كه‌ن، ئه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن له‌ عێراق هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌یه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی دروست كردوه‌" یاخود حه‌شدی شه‌عبی به‌ڕێوه‌ ده‌بات" چۆن جیهان ده‌توانێ وا به‌ ئاسانی بڕوانێته‌ ئاینده‌ی تاڵتری وڵاتێك كه‌ پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌نووسی پێكهاته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شیعه‌مه‌زهه‌ب له‌وپه‌ڕی مه‌ترسیدا بێت؟.
Top