ئامانجی بێ پلان لە خەونێک زیاتر نییە نوسەرو فڕۆکەوانی فەڕەنسی ئەنتوان دوسانت دەلێ " ئامانجی بێ پلان لە خەونێک زیاتر نییە".

ئامانجی بێ پلان  لە خەونێک زیاتر نییە نوسەرو فڕۆکەوانی فەڕەنسی ئەنتوان دوسانت دەلێ
بێگومان ھەر ئامانجێک گەر پلانێکی تۆکمە دارێژەری بەدیھێنانی نەبێت ئەوا لە خەونێک زیاتر ھیچی تری لێ بەدی ناکرێت، ھەر بۆنموونە کێشەی زیندوو و بەردەوام و درێژخایەنی پەروەردە کێشەی میلاکە ھەوڵ و ماندووبوون زۆرە بۆ رێکخستنی میلاک، بەڵام ھەوڵەکان زۆربەیان بێ ئەنجام دەبن یانیش بە واتایەکی تر میلاکی قوتابخانەکان پەرتەوازە تر دەبن ، کەچی ئامانجی سەرەکی وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەی قەزاکان رێکخستنی میلاکە لە قوتابخانەکان و کەم کردنەوەی وانەبێژی و گواستنەوە و دووبارە ڕێکخستنەوەی پسپۆرییەکانە لە قوتابخانەکان و دابینکردنی مامۆستایە بۆ قوتابی، کەچی بەداخەوە لە زۆرێک لە قوتابخانەکان مامۆستای پێویست پسپۆری دیاری کراو نییە قوتابی دەچێتە قوتابخانە مامۆستا نییە وانەی پێ بلێتەوە ، قوتابی ھیچ تاوانێکی نییە کەچی رۆژ دەڕوا و مانگ تەواو دەبێت وزیاتریش بابەت ھەیە یەک ڵاپەری لێ نە خوێندراوە وانەکان ھەر بەتاڵن قوتابیش ھەر چاوەڕێیە مامۆستا بێت وانەی پێ بلێتەوە مامۆستاش ھەر نەھات.
لەوانەیە دابین کردنی مامۆستا لە قوتابخانە دوورەکان لە پەروەردە دوورەکان ئاسان نەبێ و کارێکی قورسە، بەڵام لە قواتبخانەکانی ناوشاری ھەولێر و لە سنوری پەروەردەکانی ناوەند و دەشتی ھەولێر و خەبات ، لەوانەیە بە دووبارە رێکخستنەوەی مامۆستایان کێشەی کەمی میلاک نەمێنێ ھەر بۆنموونە لە سنوری پەروەردەی ناوەند ناوشاری ھەولێر چەند قوتابخانەیەک ھەن کە مامۆستاکانیان ژمارەی بەشەوانەکانیان لە نێوان (٨-١٤) بەشەوانەن بەڵکو کەمتریش، وە قوتابخانە ھەیە ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردی بە نزیکەی (٢٠)بیست مامۆستایە و یانیش قوتابخانە ھەیە میلاکی زۆرە کەچی مامۆستای بۆ دەگوازرێتەوە ژمارەی بەشەوانەی مامۆستاکانی کەمە و کەچی وانەبێژ ھەیە لە قوتابخانە یانیش دوو قوتابخانە بەرامبەرن یەکیان میلاکی زۆرە ئەوی تر میلاکی کەمە و ناتوانرێ مامۆستا بگوازرێتەوە لە یەکیان بۆ ئەوی تر، یان دەگوازرێتەوە بەڵام دەست لە کار ھەڵناگرێ، بەداخەوە ئەو کێشەیە کێشەی ویژدانە کێشەی پەروەردەیە و بەرپرسیاریەتیە و قوتابیەکان چاوەڕێن مامۆستایان ھەبێت.
گەر دوو نموونەی تر وەربگرین لە سنوری پەروەردەی دەشتی ھەولێر قوتابخانە ھەیە (٢٢)بیست و دوو وانەبێژی ھەیە ، قوتابخانەش ھەیە لە ھەمان سنوری پەروەردە مامۆستا لە دەوروبەری (١٤)چواردە بەشەوانە بگرە یان کەمتریان ھەیە ، لە سنوری پەروەردەی خەبات قوتابخانە ھەیە (٢٦)بیست و شەش وانەبێژی ھەیە و کەچی قوتابخانەش ھەیە مامۆستای زیادە و مامۆستای بۆ دەنێردرێ . بە کورتی ئەو نموونەی قوتابخانانەی کە باسم کرد زۆرن، پێویستیان بە ئیرادەی پەروەردەیی بەرپرسیاریەتی ھەیە و خۆمان لێ نەکشێنینەوە چۆن دەبێ لە سنوری پەروەردەی قەزایەک بەو شێوەیە ناڕێکی میلاک ھەبێت ، قوتابخانەیەک میلاکی یەکجار زۆر بێت لەبەرامبەردا قوتابخانەیەکی تر وانە بێژی زۆری ھەبێت، کەچی ئەو قوتابخانەیەی میلاک و مامۆستای زۆرە پەروەردە بەردەوامە لە سەر ناردنی مامۆستا بۆ ئەو قوتابخانەیە ، ئەلێرەوە بەرێوەبەری قوتابخانە بەرپرسیار دەبێت گەر دەستبەرکاربوونی بۆ بنوسێ ، پێویستە پەروەردە و سەرپەرشتیاری ئاگادار بکاتەوە کەچی بەداخەوە گرنگە لای بەرێوەبەری پەروەردە میلاکی سەرجەم قوتابخانەکانی لا بێت خۆی رێکی بخات نەوەک کەمتەرخەمی بکات و بە بەرپرسیاریەتی خۆی ھەڵنەستێت تەنیا بۆ دڵ ڕازی کردنی خەڵکانێک پەروەردە بێ شێل بکات بەھەمان شێوە کاری سەرپەرشتیاری کارگێڕی و لێژنەی گواستنەوە رێکخستنی میلاکە ڕۆلی ئەوان پێویستە لە بەرچاو بێت و بەدواداچوون بکەن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانانە بکەن ئەگەر لە پەروەردە کرا بێت و کاریگەری خراپی ھەبێت لەسەر میلاک.
دەپرسین ئەو مامۆستایانەی کە مافی گواستنەوەیان ھەیە لە پەروەردەیەک بۆ پەروەردەیەکی تر بە پێی ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە، بەڵام بۆیان ناکرێ بێزاریان دەکەن و کەچی ئەوان دەبینن مامۆستا ھەیە خزمەتی زۆر کەمترە لەوان گواستراوەتەوە بۆ شوێنی نزیکتر، چۆن چارەسەری نائومێدی و بێزاری ئەو مامۆستایانە دەکرێ لە کێ دەکرێ تابتوانن بەردەوام بن لە گەیاندنی پەیامی پەروەردەیی و گەڕاندنەوەی مافەکانیان ، لێرەدا گرنگە وەزارەتی پەروەردە بەرنامە و پلانی ئاشکراو ڕوونی ھەبێت بۆ نزیکی لەو مامۆستایانە و بەدواداچوون و چارەسەر بۆ داواکانیان بکات لە رێگای لێژنەیەکی باڵا لە ڕاوێژکارانی بەرێز و بەرێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار لە سەر کۆی نارێکی و نادادپەروەری لە رێکخستن وگواستنەوەی مامۆستایان و میلاکی قوتابخانەکان و زۆری مامۆستا لە ھەندێ قوتابخانە و کەمی مامۆستا لە قوتابخانەی تر و زۆری لەوانەبێژ و ئەو لێژنەیە گرنگە خاوەن دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە بێت و کەمتەرخەمەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت ، بە ھەموو لایەک ھەوڵ بدرێ میلاکی قوتابخانەکان رێکبخرێ و دادپەروەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەکان و پەروەردەکان زیندوو بکرێتەوە و بچەسپێ ، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانرێ قەرەبووی وانە نەخوێندراوەکان و میلاکی قوتابخانەکان بکرێتەوە کە لە بنچینەدا کاری سەرەکی سەرپەرشتیارانی پەیوەندیدار و خودی بەرێوەبەری پەروەردەی قەزایە ، کە دەبێ ھەموو ووردەکاری میلاکی پێویستی قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی لا بێت بە گواستنەوەی ھاتوو ورۆیشتوو بە پسپۆرییە جیاوازەکانەوە، ئەو سێ پەروەردەیە تەنیا بە نموونە وەرگیراون ڕەنگە لە پەروەردەکانی تری قەزاکان لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی تر ھەبێت.


بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top