لە شاڵاوی بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا... ترەمپ پێداگیرییەكی زیاتر لەسەر یەمەن دەكات
October 30, 2017
وتار و بیروڕا
بە گوتەی بەرپرسیارانی ئیدارەی ئەمریكا، زێدەبوونی هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، هاوڕێیە لەگەڵ دەرفەت و ریسكەكان پەیوەست بە كۆشكی سپی، نەخاسمە لەگەڵ هەڵكشانی شەڕەقسەو لێدوان لەهەمبەر ئێراندا، بۆیە بڵاوەپێكردنی چڕی هێزەكانی هاوپەیمان لە یەمەندا، كە زۆربەیان لە سعودیەو ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتووە دەكرێ تا ئەمڕۆش ببێتە پشتیوان بۆ شاڵاوێكی سەركەوتوو دژی ئەو میلیشیایایانەی كە ئێران پشتگیرییان دەكات لەگەڵ ئاستێكی كەمی دەستتێوەردانی ئەمریكا، ئیدارەی ئەمریكا ئەو پشتیوانییە هەواڵگری و لۆجیستییەی كە پێشكەشی هاوپەیمانانی دەكات چڕتڕكردۆتەوە و چەندین هێرشی مووشەكی كردۆتە سەر چەكدارانی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە یەمەن. بۆیە ئەمریكا هەوڵەكانی لەسەر هەردوو ئاست زێدەتردەكات، لەو سۆنگەیەوە كە پێیوایە ئێران چەك و راوێژی سەربازی دەداتە یاخیبووانی حووسی، ئەوانەی شەڕدەكەن دژی حكومەتەكەی عەبد رەبه مەنسور هادی كە لەلایەن دەوڵەتانەوە دانی پێدانراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ولایەتە یەكگرتووەكان رووبەڕووی مەترسیی تێوەگلانی كردارەكی دەبێتەوە لە شەڕی یەمەندا، كە وا دیارە گرنگییەكەی لە پرسەكانی دیكە كەمترە بە بەراورد لەگەڵ شەڕێكی فراواتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەكی دیكەوە ئێران و هاوپەیمانەكانی لەم مانگانەی دواییدا دەستكەوتگەلێكی زۆریان لە شوێنەكانی دیكە بەدەستهێناوە، بە تایبەتیش كە لەم دواییەدا دەستیان بەسەر شاری كەركووك لە هەرێمی كوردستاندا گرتووە، لە سووریاش وا دیارە رژێمی ئەسەد هێشتا بە پشتیوانیی زۆری ئێران رەگی لە دیمەشق داكوتاوە، لەكاتێكدا حزبوڵا و هێزەكانی ئێران بوونەتە هەڕەشەیەكی زۆر بۆ سەر سنووری ئیسرائیل.
كەواتە بۆچی پێداگیری لەسەر حووسییەكان؟
هەروەك لە هەفتەی رابردوودا ئاماژە بەوە كرابوو كە ستراتیژییەتی تازەی سەرۆك ترەمپ لەهەمبەر ئێراندا بە شێوەیەكی زۆر جەخت لەسەر توانای تاران دەكاتەوە لە رووی فراوانخوازیی ئیقلیمی ئەویش لەمیانی چەكداركردنی میلیشیا شیعییەكان و بڵاوەپێكردنی راوێژكارە سەربازییەكان لە دەرەوەدا، بەرپرسانی پایەبەرزی ئەمریكاش دەڵێن كە هێزی دەستەبژێری ئێران واتا پاسدارانی ئێران، سیستەمی پێشكەوتووی چەكی بە شێوەیەكی فراوان داوەتە بریكارە ئیقلیمییەكانی، كە بریتین لە سیستەمی پێشكەوتووی مووشەك كە بە حووسییەكان دراوە.
بە راو بۆچوونی ئیدارەی ئەمریكا پێویستییەكی زۆر لە ئارادایە بە تایبەتی بۆ سنوورداركردنی ئەو یارمەتییانە لەبەر ئەوەی كە حووسییەكان چەندین جارە مووشەكی دژە كەشتی بەكاردێنن لە لێدانی كەشتییە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كە لە ئاوەكانی بەرامبەر كەناری یەمەن دەپەڕنەوە، ئەمەو رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی بابولمەندەب دەپەڕێتەوە ئەو شوێنەی كە كەنداو بە دەریای سوور دەبەستێتەوە، جا لەبەر ئەوەی ئێران لە گەرووی هورمزی كەنداوی عەرەبی نزیكە، بۆیە پرۆسەی گواستنەوەی مووشەكەكان لەلایەن حووسییەكانەوە ترسی ئەوەی ناوەتەوە لە ئەگەری ئەوەی كە رەنگە ئێران هەر بەخۆی بتوانێت كۆنتڕۆڵی ئەو دوو گەرووەی وزە بكات لە ناوچەكەدا.
لەبەر ئەوە ئەمڕۆ یەمەن پێگەیەكی لەپێشینەو ناوەندیی لە ستراتیژییەتی تازەی ئەمریكادا هەیە لە بەرامبەر ئێراندا، ئەمەش بەگوتەی ئەو راوێژكارە پلەبەرزەی كە بەشداری لە داڕشتنی ئەو ستراتیژییەتەیدا كردووە، ئەو بەرپرسە هەروەها دەڵێت: ئاستی پرۆسەی گواستنەوەی چەك مایەی قبوڵ نییە، لەمەشدا ئاماژە بەوە دەكات كە حووسییەكان چەند مووشەكێكیان لە نێو خاكی باشووری یەمەنەوە بە ئاراستەی سعودیە هاویشتووە،. واشنتۆنیش زۆر نیگەرانە لەوەی كە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران حووسییەكان بكاتە هێزێكی سیاسی و سەربازی لە شێوەی (حزبوڵا) كە ئەمڕۆكە دەكرێ تا رادەیەكی زۆر بە بەهێزترین گەمەكار دابنرێت لە لوبنان.
بەرپرسانی پایەبەرزی ئێران رەتی دەكەنەوە كە چەكیان بە حووسییەكان دابێت، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی هاوپەیمان دەڵێن: لەم چەند ساڵەی دوییدا رێگەیان لە گواستەوەی چەكی ئێران بۆ یەمەن گرتووە، ئەو چەكانەی كە زۆربەیان بە رێگەی بەلەمی چارۆكەداری بچووكەوەو بێ ئاڵای ئێرانی بە قاچاغ دەگوازرێنەوە، لە 12ی تشرینی یەكەمدا، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری فەرماندەی سەربازیی حووسییەكان محەمەد عەلی حووسییەوە رایگەیاندووە كە گوایە گوتوویەتی هێزەكانیان سەرقاڵی پەرەپێدانی تواناكانیانن تایبەت بە درووستكردنی چەكی بالیستی، بەڵام ناوی ئەو لایەنەی ئاشكرا نەكرد كە تەكنەلۆجیای پێویستی بۆ ئەم كارە دەستەبەركردووە، هەرچی ئەمریكییەكانە پێیانوایە ئێران لەپشت ئەم كارەوەیە.
لەلای خۆشیانەوە، سەركردە پایە بەرزە سیاسییەكانی ئێران و فەرماندەكانی پاسدارانی ئێران ستایشی لێهاتوویی سەربازیی حووسییەكان دەكەن و سەركەوتنەكانی ئەوانیان بە دەستڕۆیشتوویی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەستۆتەوە. هەروەها وتەبێژی پاسدارانی ئێران حوجەتولئیسلام عەلی سەیدی لە حوزەیرانی رابردوودا ئاماژەی بەوە كردووە كە كاریگەریی رۆحیی كۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە بابولمەندەب. لە درێژەی قسەكانیشیدا دەڵێت: سنووری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئاوەكانی بەرامبەر كەناری یەمەن درێژدەبێتەوە.
هەنگاوەكانی دواتر لە شەڕدا
حووسییەكان كە سەر بە مەزهەبی شیعەی ئیسلامین و نزیكایەتیی زۆریان لەگەڵ ئێراندا هەیە لە ئەیلولی 2014 پایتەختی یەمەنیان كۆنتڕۆڵكردو و لەوەتەی دوو ساڵە كەوتوونەتە نێو شەڕێكی ناوخۆی دژوارەوە لەگەڵ حكومەتی هادی و هاوپەیمانەكانی لە دەوڵەتانی كەنداو.لە ئاداری 2015 دا سعودیەو ئیماراتی عەرەبی رووبەڕووی كێشەكە بوونەوەو چەكی دژە فڕۆكەو هێزی وشكانییان بەكارهێنا لە هەوڵێكدا بۆ رێگەگرتن لە حووسییەكان و هێزەكانی دیكەی سەرۆكی پێشوو عەلی عەبدوڵا ساڵحی هاوپەیمان. بە پێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتی سڤیلی یەمەنی لەم شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە، كە وێڕای ئەمە نەخۆشیی كولێراو برسێتیش تەنگی پێ هەڵچنیون.
هەروەك پێشتریش ئامەژەمان پێدا، ئیدارەی ترەمپ لەوەتەی دەسەڵاتی وەرگرتووە بەردەوام كاری كردووە بۆ زیادكردنی یارمەتییەكانی بۆ هاوپەیمانان لە یەمەن بە سەرۆكایەتیی سعودیە، بەرپرسانی ئەمریكا و عەرەبیش دەڵێن: پشتیوانیی هەواڵگری و لۆجیستی كە بنتاگۆن پێشكەشی ریازو ئەبوزەبی دەكات لەم مانگانەی دواییدا زۆر زیادی كردووە، لەم رووەوە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا گوتی: هەمیشە سعودییەكان شەریكی راستەقینە نین بەڵكو ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین كە هەواڵگریی خۆشمان بەشداریی پێ بكەین، بۆیە پێویستە بەیەكەوە مامەڵە بكەین، هاوكات كۆشكی سپی بڕیاری قەدەغەكردنی لەسەر فرۆشتنی چەك هەڵگرت كە تەنیا بۆ سعودیە دەچێت تاكو لە یەمەن بەكاری بهێنێت( ئیدارەی ئۆباما فرۆشتنی ئەو چەكانەی سڕكردبوو لە ترسی كوشتنی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی كە لەم دواییەدا زۆریان لێكوژرابوو).
بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی ئەمریكا باس لەوە دەكەن كە ئەو هاوكارییە چڕەی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشكەشی هاوپەیمانی دەكات وا دەخوازێ سنوورێك بۆ ژمارەی كوژراوانی سڤیل دابنێت و گوشار بخاتە سەر حووسییەكان تاكو بێنە سەر مێزی وتووێژ بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی. بەڵام لەوەتەی ولایەتی ئیدارەی ئۆباما كۆتایی هاتووە دیبلۆماسییەت پەكی كەوتووە، جۆن كیری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا لەم مانگانەی دواییدا كە لە پۆستەكەیدا مابوو هەوڵی زۆری دا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست كاتێ لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا راستەوخۆ لەگەڵ سەرانی حووسی لە سوڵتاننشینی عومان كۆبۆوە، بەگوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریكا ئەو هەوڵانە هەرەسیان هێنا دوای ئەوەی چەكداران هەستیان كرد كە سیاسەتی كۆشكی سپی لەسەردەمی ترەمپدا ئاراستەیەكی دیكە دەگرێتە بەر.
سەبارەت بە هەڕەشەی دەریایی، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن كە بنتاگۆن هەوڵی زۆر دەخاتە گەڕ بۆ پاراستنی رێڕەوە ستراتیژییەكانی ئاو لەبەرامبەر كەناری یەمەندا، ئەم پرۆسەیەش لەسەروبەندی كۆتاییهاتنی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا زیاتر خێرایی بەخۆیەوە دیبوو، لە تشرینی یەكەمی رابردوودا سەرۆك ئۆباما رێگەی دا كە مووشەكی كروز لە لێدانی سێ بنكەی رادار لە كەنار بەكاربهێنرێت لەو شوێنانەی كە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵانی حووسییەكان دوای هێرشێكی سەرنەكەوتوو بۆ سەر وێرانكەرێكی ئەمریكی لە دەریای سووردا. حووسییەكان پەلاماری چەند كەشتییەكی سعودی و ئیماراتیشیان دابوو، هەروەها هێزی دەریایی ئەمریكا هۆشداری دا لەبەرامبەر ئەو مینانەی كە حووسییەكان لە نێو ئاودا بڵاویان كردبۆوە بە پشتیوانی و هاوكاریی راوێژكارانی ئێرانی.
بەرپرسانی ئێستاو پێشووی ئەمریكا پێیانوایە كە بەرەنگاربوونەوەی بوونی ئێرانی و حووسی لە دەریادا تەحەددییەكی گەورەیە و رەنگە پەلبكێشێت بۆ هەڵكشانی گرژیی سەربازی. بەپێی رۆژنامەی(نیویۆرك تایمز) لە شوباتی رابردوودا، جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا بیری لەوە كردبۆوە كە چۆن دەتوانێت بڕیاری قەدەغەكردنی چەك دەربكات بۆ كەشتییەكی ئێرانی كە مەزەندەدەكرا چەك لەنێو دەریای ئەلعەرەب بۆ حووسییەكان بگوازێتەوە، بەڵام لە دوا چركەدا وازی لەم بڕیارە هێنا.
لە راستیدا، بەرپرسانی پلەباڵای ئەمریكا دەڵێن كە دەرك بەوە دەكەن ئێران و پاسدارانی ئێران پشتگیرییان بۆ بریكارە بیانییەكانیان زیاتردەكەن لەبەر رۆشنایی تێڕوانینێكی توندتر كە هەفتەی رابردوو سەرۆك ترەمپ پشتی پێ بەستبوو، بەڵام بە بۆچوونی ئیدارەی ئەمریكا، ئەم ئاراستەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە رێی ناوچەكە روون بۆتەوە، لەگەڵ ئەو كۆمەكەی ئێران دەیداتە هاوپەیمانەكانی لە سووریاو كوێت و بەحرەین و ناوچە شیعییەكانی رۆژهەڵاتی سعودیە، هەروەك بەرپرسێك دەڵێت: ئەو چالاكییە لەوەتەی گەیشتن بە رێكەوتنی ناوكی لە ساڵی 2015 زیاتر پەرەی سەندووە، بۆیە پێناچێت لەخۆیەوە سستی تێ بكەوێت.
هاوكات هەڵكشانی پشتیوانیش بۆ هاوپەیمانی سعودیە زۆر ئاڵۆزە، چونكە بەرپرسانی ئەمریكاو عەرەب دەركیان بەوە كردووە كە ئەو شەڕە بە چارەسەری سیاسی كۆتایی نایەت، هەرچەندە دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا گوشارە بۆ سەر حووسییەكان تاكو دیبلۆماسییەت پەیڕەوبكەن، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی دانانی سنوورێك بۆ ریاز تاكو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هەڵپەسێرێت، بە تایبەتی كە دەبینێت قپێشكەوتنێكی گرنگ هاتۆتە پێشەوە.