بڕیارەکانی ئێمە و ھێ ئێوە ( سایکۆلۆژیای سەرلێشێوان لە بیرکردنەوە و سیاسەتکردنی بەغدا)

بڕیارەکانی ئێمە و ھێ ئێوە ( سایکۆلۆژیای سەرلێشێوان لە بیرکردنەوە و سیاسەتکردنی بەغدا)

د. نەسرەدین ئیبراھیم گۆلی*
بەپێچەوانەی زۆر لێدوانەکانی سیاسییەکانی بەغدا، بڕیاری کوردستانیان لە سەرەتا و تا گەیشتن بە ڕیفراندۆم و دواتریشی، لەناکاو و لە پڕێک نەبوونە، بەڵکۆ ھەموو بڕیاری لەسەرە خۆ، و ژیرانە و قۆناغ بە قۆناغ بوون، کە لێرە دا پێویست ناکاتن ئاماژە بە دیرۆکی ئەو ھەڵسوکەوت نەشرینە بکەین کە لە لایەن دەستھەڵاتدارانی بەغدا، چ ئەو کاتەی سۆننە تیایدا باڵا دەست بوون و چ ئەو چەند ساڵەی شێعە خۆی تیایدا باڵا دەست بینیوە، لەگەڵ کوردستانیان کراوە، تا ھەموو ئەو دان بەخۆنانەی ئێمەی کوردستانیان کردمان و ئەوەی ئێمە لە دژی ئێمە کردتان، بەھۆیەوە بەراورد بکەین. چونکە ھیچ شتێک ناگۆڕێ.
بڕیاری رَیفراندۆم، بە پێچەوانەی زۆر لێدوانەکانی ئێوە و ھاوکۆفانی دەرەکی و ناوخۆیی، کە بە ھەڵە و ناوەختە و بێ بەرنامە و زەمینەسازی ھەژماری دەکەن، بە بڕوای زۆر سیاسەتوان و چین و توێژ و سەرکردایەتی و ئەکادیمیەکان و گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، زۆر بە جێ و ڕاست و لە کات و ساتێکی زۆر گۆنجاو، و لە سەرووی ھەمووشیان باشترین و دوایین بژاردە بوو، و پێویستیەکی ( زەرورەت) سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕەوشنبیری، سایکۆلۆژی بووە، و دوا ھەناسەی کوردەکان لە قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی پشوودرێژییان بووە. ئەنجامی ڕێژەی دەنگی " بەڵێ بۆ سەربخۆیی کوردستان" گەواھیدەرێکی حاشا ھەڵنەگری ئەم چەندەیە.
وێڕای تێبینی و ئاستەنگ و جیاوازی نێوخۆیی، بەڵام ڕاستترین و دروستترین بڕیار، بڕیاری ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە بوو، کە ئامانجێکی سیاسی و دیپلۆماتیکی گەورەی پێکا و بەڵگەیەک بوو تا بە تێکڕای جیھانیان ڕابگەینین: ئێمە ئاشتی و ئازادیمان پێ سەفرازییە و بندەستی و زۆرلێکردنمان پێ شەرمەزارییە. باشە لەم جیھانە کێ ھەیە بتوانێ بڵێ بڕیارێکی لەو شێوەیە بڕیارێکی ھەڵەیە. با بێتن و بڵێن کۆێی ئەو بڕیارە ئاساییە ھەڵەیە؟
بەڵام بڕیارەکانی ئێوە، چ ئەوەی لە ساڵانی بیستی سەدەی ڕابردوو دەتاندا و چ ئەوانەی ئێستا دەیدەن، زۆریان ئەو پەڕی نامرۆڤایانەن، و ستەمگەری و نادادپەروەری و دۆگماتیزم و شۆڤینیەت لە سەرو سیمای بڕیارەکان دەبارن.
وێڕای ئەوەی کە بڕیارەکانتان ھەمیشە، پێشینە و مۆرک و ڕابردوویەکی دەمارگیرانە و خۆپەرێستانەی لە خۆبایبوونی پێوە دیارە بووە، بەڵام ھەمیشەش لەناوکاو و بە پەلاوپەل و بێ ویژدانانە، و بێ ئەوەی کە دووربینی بۆی بکرێتن، و تیایدا ڕێز لە بوون و ماف و پرستیژی کورد و کوردستانیان بگیرێتن، لەسەر دەستی چەند ناسیۆنالیستێکی شۆڤینی ڕێنووس کراوە، چ ئەو ناسیۆنالیستانە لە سەنگەری سۆننەکان بووبن یان لە شیعەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشیستی و سەدامی گۆڕ بەگۆڕ بووبن. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم ئاخاوتنە ھەموو ئەو زیان و قۆربانیانە بووە کە بەرھەمی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ناوازە و بێ پرۆگرامانە بووە، کە ھیچ دەستێکی ئەمین توێژینەوە و دواداچوونی بۆ نەکردووە.
دیارە لەو بەینەشدا قۆربانیدانی کوردستانیان لە پێناو بەرگری لە خۆکردن و خۆپاراستن بووە، و ھی ئێوە، کە ھەمیشە زۆر زیاتر بووە، بەرھەمی بیرکردنەوەیەکی نالۆژیکانە و سەرسەریانە و کتوپڕی دوور لە بەھا مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینییەکان بووە.
جێگەی داخ و پەژارەییە، بیرکردنەوەیەکی شەپرزەییانەی پەلاوپەل و لە ژێر پرۆپاگندە و فشار و گۆتەگۆتی ئەم لا و ئەو لا و وڵات و لایەن و کەسایەتی و ئایدیۆلۆژیای تووندھاژۆی ئایینی، کە جەمسەرێکیان لە سایەی ڕشەماڵی وەھابیەت، و جەمسەرەکەی تریش بە ھۆی ویلایەتی فەقیھی شیعە مەزھەب، کە خۆی لە بنەرَەت نەک بەسەر دوو جەپھەی دژ بە یەکتر لە عێراق و ئێران دابەش بووە بەڵکۆ لە خۆدی ئەو دوو وڵاتانەش دا چەندین باڵی باڵا دەست بۆ گەیشتن بە سەرچاوە لەبن نەھاتووەکانی ئابووری و دارایی و دەرامەتە خەیاڵیەکەی ئەو بۆنە ئایینییەی شێعەکان بۆ سەدان و ھزاران ساڵ دەچێ دەستەویەخەن، ڕێبەرایەتی دەکرێن. دیارە ھەمیشەیش ئەو بڕیارانە جگە لە نەھامەتی و کارەسات ھیچ پاداشت و دیاری و یادگارێەکیان بۆ ناوچە و نەتەوە و وڵاتانی نەبووە و ناشبێ. بڕیاری بە پەلە جگە لەوە ھیچ شتێکی تری لێ چاوەڕوان ناکرێتن.
لە کاتێکدا کە بڕیارەکانی کوردستانیان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی بەرھەمی سەد و تەنانەت ھزاران ساڵی ڕابردوویە و زۆر لەسەرخۆ و ھێمنانە و ئاشتیخوازانە و پڕ لە بەزەیی و دلۆڤانی بووە، بەڵام ئێوە ھەمیشە بە پێچەوانەوە بیرتان کردووە و ڕەفتار و بڕیارەکانتان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سەرلیشێواوی و شەپرزەیتان چ لە ئاستی سیاسی و چ لە ئاستی تاکی، و لە ھەمان کاتدا سێبەری بێ دەستھەڵاتیتان و بێچارەگیی سایکۆلۆژیای ڕێبەرایەتی، و بندەستی سیاسیتان و سەربخۆنەبوونتان لەو بڕیارانە ئەوەند ئاشکرایە، کە تەنانەت ئێوە دەرفەتی ئەوەتان نیە یان ئەو دەرفەتەتان پێنادرێتن کە بیر لە ھەموو نەھامەتیەکانی دواتریشی لێبکەنەوە. بۆیە ھەمیشە تێی دەکەون و کاتێک وەخەبەر دێن کە ئیتر کار لە کار تەرازاوە و پەشیمانی چیتر دادتان ناداتن. بڕیارەکانی ھاوشێوە لەم وڵاتە لە ھەژمار نایێن.
ئەگەر لە ڕابردوو، بە زۆر ھۆکاری تایبەتی و سیاسی و ئابووری و لەشەکەری و لۆجستیکی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی کورد و کوردستانیان، لە بەرامبەر ئەو بڕیارە نامرۆڤایانەتان، ئێمە تاڕادەیەکی باش، توانیمان تەنیا دەرەقەت خۆپاراستن و بەرگریکردن لە خۆمان بێین، بەڵام ھیوادارین کە دوای ڕیفراندۆمی سەربخۆییمان، جارێکی تر ھەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەن، و لە بیرکردنەوە و بڕیاردان دووربین بن. بەڵام بارودۆخ زۆر گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا ھاتووە. ئەزموونی جەنگمان لە دژی دڕنەکانی داعش فێری ڕاستیەکی تاڵی کردووین، بۆ سەرکەوتن و ڕزگاربوون لە تیرۆر و دڕندەکان، و خۆپاراستن لە لەنێوچوون دەبێ چیتر بە سۆز و ( عاتیفە) و نەرمی نواندن نەجەنگین. بەڵکۆ دەبێ وەک دوژمن بین تا دوژمن بەسەرماندا زاڵ نەبێ. ئەوە ڕاستییەکی سروشتییە و بیردۆزانی وەک چارلز ڕۆبێرت داروین، لە ئەنجامی چەندین ساڵ توێژینەوە لە دارستانەکانی ئەفریقیا پێی گەیشتووە، و بە داخەوە چەند لە جیھانی گیانەوەران ئەو یاسایانە ھەن ئەوەندەش بەسەر مرۆڤەکان جێبەجێ دەکرێن، و بە تایبەت کە ئێمەی کوردستان ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشەی ئەنفال و جینۆسایدێک بووینە کە خۆیان بەرھەمی بڕیاری ھەڵە و پەلەلێکراوی سیستەمێکی سیاسین، کە تەنھا چەند مێشک شوردراوی ناسیۆنالیست واژووی لەسەر دەکەن و حکومەت و پەرلەمان تەنھا گۆڕەپانی دەست بەرزکردنەوە و دەنگدان و ھێنان و بردن و نوسین و چاپکردن و ژمارە و ڕێکەوت لەسەر دانانی ئەو بڕیارانەن. ڕووڕەشییەکەش ھەر بۆ ئەوان و جێبەجێکاران و لایەنی لەشەکەری و نۆکەرانیان دەمێنێتن.
*پرۆفیسۆری ە. / پسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top