ھێرشی سەربازی و ئابڵوقەی ئابووری ئیرادەی سەربەخۆیخوازیمان لاواز ناکات ..

ھێرشی سەربازی و ئابڵوقەی ئابووری ئیرادەی سەربەخۆیخوازیمان لاواز ناکات ..
رژێمەیەک لەدوای یەکەکان بە ھەموو تواناییەکی سەربازی و ئابووری دژی مافەرەواکانی کورد وکوردستان وەستانەوە ، بەڵام نەیانتوانی نەک کورد بسرٍنەوە نە بە زۆرداری ناچاری بکەن کە دەستبەرداری مافەزەوتکراوەکانی بێت ، بۆیە رژێمی ئێستا دەبێ لە رابردوو پەند و وانە وەربگرێت .لەم رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە ترسناکەدا کە رژێم و حکومەتەکانی بە لادا دێن و نەخشە و کەمایەتیەکانی دەلەرزن ، لە دایک بوونی یاریکەرێکی تازە دەبینین ، کە یاریکەری کوردە .گەمەی دەوڵەتان لە سەدەی رابردوو ئازاری کوردی دا ، لەسەر نەخشە بە شێوەی کەمینە بەسەر عیراق و تورکیا و ئیران و سوریا دابەشی کردن . بێ پرسیار دابەشی کردن . جوگرافیا حوکمێکی گرێدراوی بەسەر ئەو میللەتەدا سەپاند و مێژووش بە واژۆکردن حوکمەکەی رازاندەوە .
کورد لە مێژووی خۆید چەندین شۆڕشی بەرپا کردووە و تەواوی قۆناغەکانی بە قوربانیدان بەڕێ کردووە، ھەر لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود و بارزانی نەمر و تا دەگاتە ئەمڕۆی نەتەوەکەمان، کە چارێگە سەدەیەکە خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی خۆیەتی.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشی و نەمانی دیکتاتورەکەی گەلی کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێ دوای ئەوەی کە تەنھا دۆستی کورد چیاکان بوون، ئێستا زۆربەی زۆری وڵاتان بوونەتە دۆستی کورد بە وڵاتە زلھێزەکانیشەو ...دوای گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل لە نێوان سەرکردایەتی کورد و شکست ھێنانی شەراکەت لەگەڵ حکومەتی عێراق، سەرکردایەتی کورد بڕیاری ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا...ھەرچەندە زۆرێک لە دەوڵەتەکان ناڕازی بوونی خۆیان نیشان دا بەرامبەر بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم، بەڵام سەرۆک بارزانی بۆ جیھانی دووپات کردەوە، کە ئێمەی کورد وەک ھەر وڵاتێکی دیکەی دنیا دەبێت خاوەن دەوڵەتی خۆمان بین، چەند جارێکیش ئەوەی دووپات کردەوە. کە لە وڵاتان دەپرسین.
بۆچی عەرەب خاوەن پتر لە ٤٠ دەوڵەت بێت و کورد خاوەنی تەنیا دەوڵەتێک نەبێت و سەروەرییەکانی خۆی تێدا بپارێزێت، ئەگەرچی پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە ھەندێ لایەنی ناوخۆی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بوون دوابخرێت، بەڵام ئەو گوتی: تەنیا ڕای من نیە، بەڵکو زۆربەی حزبەکانی تر لە مانگی حوزەیراندا ئەو ڕۆژەیان دیاری کردووە، ھەروەھا جەنابی سەرۆک، بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ئاماژەی بۆ ئاستەنگەکان کرد. کە لە ئەنجامی ھەوڵدان بەرەو سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵام ئەو ڕاستی کرد، چونکە ھیچ لە دایک بوونێک بە بێ ئازار نابێ، بۆیە پێویستە ئێمە لە پێناو کوردستان دا ھەرگیز سڵ نەکەینەوە و خوێنی ئاڵی خۆمان ببەخشینە نیشتمان و بۆ ئەوەی ئەو خەونە بێتەدی.بێگومانین کە کاتی زەوتکردنی ماف و پەراویز خستن بەسەرچووە ، کەلتوری دانپێدانەنان بە بەرامبەر کەلتورێکی روخێنەرە ” . بارزانی ئازاری خۆی پیشان دا بۆ ئەو کوشتارە فراوان و روخانە بێ سنورو ترسناکەی سوریای ھاوسنورمان دوچاری بووە ، مەترسی خۆی لە دابەش بوونێکی درێژخایەن نیشان دا کە ببێتە ژینگەی باڵادەست بوونی تووندڕۆکان . بوونی دەستی ھەرێمی کوردستانی لە چەکدارکردنی کوردانی سوریا رەتکردەوە و ھیوای بینینی ژیانی ئەو وڵاتە دراوسێیەی کرد لەسایەی دیموکراتیەت و ریزگرتن لە مافی ھەموو پێکھاتەکان .
خوێندنەوەی جەنابی سەرۆک زۆر دووربین و واقیعبینانە بوو، بەڕێزیان چەندین جار ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئەرکێکی قورسە و ئازار و ناڕەحەتی دەوێت و پێویستە بەرگەی بگرین، ھەربۆیە دوای بەڕێوەچوونی پیلانی دوژمنان و خۆفرۆشان لە دژی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و ھێرشی ئەوان بە چەکی پێشکەوتوو و قورس و شکستی کاتیی ھێزی پێشمەرگە لەچەند میحوەرێک، وا بەباش زانرا بۆماوەیەکی کاتی پاشەکشە بکرێت و پێویستیشە ئەو ھێرش و دوژمنکارییەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و ئەو پێشێلکاری و کارە دڕندانەیەی لە کەرکووک و دووزخورماتوو ئەنجامیاندا زیاتر و ڕوونتر بیگەیەنینە ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان.بەدڵنیاییەوە ئاسۆی سەربەخۆیی و سەرفرازیمان گەش و ڕوونە و بە ئیرادە و خۆڕاگری و یەکڕیزیمان سەرکەوتن لە دوارۆژێکی نزیکدا بۆ ئێمەیە و تەنھا شکست و شەرمەزاری چاوەڕوانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ھاوکارانیانە.

Top