تەلاقی سیاسی و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد لە قۆناغی ڕیفراندۆمدا (سایکۆلۆژیای سیاسی)

تەلاقی سیاسی و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد لە قۆناغی ڕیفراندۆمدا (سایکۆلۆژیای سیاسی)
تەلاق، ئەو وشەیەی کە خەڵکی زیاتر بە لێکجیابوونەوەی ژن و مێردێک دەیناسن، کە بەرھەمی لێکتەرازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانیانە، و وەک دوایین چارەسەر بۆ کێشە لە بن نەھاتووەکانیان پێشنیار کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێ بگۆترێ کە خۆی لە خۆی دا، ئاماژەیەکە بۆ زۆر جۆری تری تەلاق و جیابوونە چ لەسەر ئاستی تاکی بێ یان کۆمەڵایەتی یان سیاسی، و ئەو بابەتە لە سەردەمی ئێستا دا یەکێکە لەو بابەتانەی دەروونناسی گرنگی و بایەخێکی بەرچاوی پێدەداتن و بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەکرێ.
تەلاقی سیاسی (political divorce)، جۆرێکی تەلاقە، کە بەرھەمی نەمانی بەھاکانی ڕێز لەیەکتر گرتن، و دان نەنان بە بوون و مان و مافەکانی یەکتری و لایەنێکیتر یان بەرامبەرە، و بە بەکارھێنانی ھەر جۆرە زۆرداری و ستەمێک بەرامبەری، کە لە نموونەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید و ... ھتد، بدەین، کە دەستھەڵاتی بەغدای جاران و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێستاکەیش بەرامبەر کوردستانیان کردوویانە و دەیکەن، و ئەگەر بتوانن دووبارە و چەند بارەشی دەکەنەوە.
لەو تەلاقە سیاسییە دا پەیوەندییە مرۆڤی-کۆمەلایەتی-سیاسییەکان واتا و ڕامانیان نامێنێ، و جۆش و خرۆشی خۆیان لە دەست داوە، و ھاوکێشە و ھاوپەیمانی و بەرژەوەندی و سۆزداری سیاسی ھیچ بەھایەکی نامێنێ، و بە ھۆیەوە زۆر کێشەی سیاسی و جۆری تر لەشکەری، کۆمەڵایەتی و ... ھتد، پەیدا دەبن. ھەر بۆیەش یەزدانی مەزن تەلاقی پێ باشترین چارەسەر بووە، کاتێک لە نێو خێزان و ژن و پیاوێک دا ئاستی گرفتەکتان دەگاتە لوتکەی خۆی و ھیچ چارەسەرێکیتر کەڵکی نابێ.
ئەوەتا لە ڕۆژێکی پرشنگدار و مێژوویی وەک (٢٠١٧/٩/٢٥) ڕێژەی (%٩٢,٧) لە خەڵکی بە شەرفی کوردستان، لە ھەموو چین و توێژ و ئایین و نەتەوە و ناوچەکان، گۆتیان "بەڵێ" بۆ سەربخۆیی، واتا "نە" بۆ بندەستی، و نە بۆ ئەو پێکەوە ژیانە سیاسییەی بەغدا و ھەولێر ھەیانبووە و ھەیانە، و لە ئەنجامدا ئەوە جۆرێکە لە ھاوێشتنی تەلاق.
لە ڕووی ئایینی نازانم دوای ھاوێشتنی تەلاق و گەڕانەوە چی دەگەینێ و دەبێ چی بکرێ، و چەند ڕاست و ڕەوا و (حەلالە) یان نە، بەڵام وەک بابەتێکی مرۆڤی و سایکۆلۆژی ئەوە ھەڵەیەکی گەورە و خۆکۆژییەکی بێ وێنەیە، کە سنوور و زیانە لە بن نەھاتووەکانی، نازاندرێتن، و بەتایبەت کە لایەنی بەرامبەر ھەمان ئەو مێنتالیتە و ڕوانگە و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای جارانە، کە بەعسی دوێنێ و داعشی ئەمڕۆ ھەیبووە و ھەیەتی، و ژیانی سیاسی لەگەڵیان ھیچ بەھایەکی نیە و ناشبێ، چونکە لێبۆردەیی لە پەنای تێڕوانینی بە چاوی بەندە و نۆکەر و مەوالی تەماشەی کوردستانیان کردن لە لای ئەوانەوە ھیچ دەرفەتێکی بۆ دروستکردنی خێزانێکی سیاسی نوێ ناھێڵێ. بە لایەنی کەمەوە ئەزموونی ئەو سەد ساڵەی ئێمە و ئەوان بە بێ گۆمان و دوودڵی ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێتن.
بەڵێ ئەوە فەلسەفەی تەلاقە، کە لە پەرتووکەکانی ئایینی وەک قۆرئانیش ئاماژەی پێدراوە، کەچی عەرەب و تورک و پارسە بەناو مۆسڵمان، بە بیرۆکەی یەکپارچەیی وڵات، کە لە ڕاستیدا خۆی وەک چەمک و بیرۆکە و پرەنسیپ ھیچ بوونی نیە، نکۆڵی و حاشای لێوە دەکەن، و ئەوە واتای دان پێنەنانە بە زۆر شت و لەوانەشە خۆدی ئەو ئایینە و پیرۆزییەکانی. دەبێ ئەوە چۆن بڕوایەک بێ بە ئایین و ئیسلام و محەمەدی ئەمین(س) و پەرتووکەکەی؟! ئەوە کاریگەری مێنتالیتە و بەھا خۆپەرێستیەکانی کەسایەتی و ژیانی تاکێکی بیابانیە، کە وەک فەیلەسوفی مەزن عەلی وەردی دەڵێ و بڕوای وایە کە خۆی خزاندووتە نێو ڕیزەکان و مێنتالیتەی مۆسڵمانانەوە، و بۆوەتە ھۆکاری شوشتنی مێشکیان و لە بیربردنەوەی پیرۆزی بەھاکانی ئیسلام و پیرۆزترکردنی بەھاکانی دواکەوتووی ھەلپەرستانەی بیابانگەرایی( بەدەوی) و ( جاھلیەت).
لەوانەیە ھەن کەسانێک وا بیربکەنەوە و بڵێن خۆزگە ئیسلام لە نێو عەرەب و ( بەدەویەت ) پەیدا نەبووبایە و سەری ھەڵنەدایە، و خۆزگە تۆرانی و پارسەکان نەدەبوون مۆسڵمان، بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە، تێکڕا ئەو ھەموو زیانەیان لە ئیسلام و جیھان نەدابایە!
لە ڕووی لۆژیک و سیاسەت و سایکۆلۆژیاوە گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا، پاش ئەو ڕیفراندۆمە سەرکەوتووە، و سەرەڕای ھەموو گۆشار و کۆسپ و نەخۆشی و مەترسی و گەمارۆ و چاوسوورکردن و تاوان و قۆربانیدان و ڕەنج و ماندیبوون و دڵخۆشی خەڵک و ھیوا و ئۆمێد و ئاوات و خۆزگە و دەستکەوت و سەرفرازییە، گەورەترین ھەڵەی مێژوویی دەبێ، و نەگەڕانەوەش، تەنانەت ئەگەر بە بەھای (٥٠٠) ھزرا شەھیدی تریش بووبێ، ھێشتان گەورەترین و مەزنترین سەفیرازی و دەستکەوتە بۆ تاک تاکی کوردستانیان، و زۆر باشترە لە دووبارەبوونەوەی چەرخی مەینەتی و ئەنفال و کێمیاباران و جینۆسایدەکانی کوردستانیان و بەجارییە بردنی کچ و خوشک و دایکانمان و فرۆشتنیان لە کۆڵان و شار و وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی. ھیچ نەبێ کارەساتەکان یەکجار و دوواجار دەبن و کۆتاییان پێ دێتن، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ئەو خێزانە پەرێشان و لەخۆباییە شەپرزەیە، و چوونی ژێر چەتر و سێبەری دەستھەڵاتە شکستخواردووەکەی بەغدا، کە خۆیان دان بە خۆدی خۆیان نانێن چ جای ئێمە و پڕیەتی لە کێشمەکێش و کۆلەجەرگی و دەردەسەری و قەرز و مایەپووچی سیاسی و ئابووری و سۆزداری، و ئەو لێکتەرازانە ھێشتانبەردەوامە، و بە چوون بۆ ئەو شوێنە جگە لە سەرشۆڕی، دەبێ ھەموو ڕۆژ و ھەر کات و ساتێک و سەدان و ھزاران ساڵی تر چاوەڕوانی جۆرێک لە جۆرەکانی ئەو کارەساتانە بین.
*پرۆفیسۆری ە./پسپۆری زانستەکانیدەروونناسی پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top