بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و پوچەڵكردنەوەی پیلانگێرییەكان یەكریزیمان سەركەوتنی یەكجارییە
October 28, 2017
وتار و بیروڕا
داگیركردنی سەروماڵی كوردستانێان و ئابڵوقەدانی زەمینی و ئاسمانی دوژمنایەتییەكی راستەقینەی میللەتێكی تێكۆشەر و ئازادیخوازە كە دەیان ساڵە بە هۆی پێداگری لە سەر مافەكانی تووشی هێرشی نامرۆڤانەی رژێمە یەك لە دوای یەكەكان بۆتەوە ..گەر بمانهەوێت رۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێ ، گەر بمانهەوێت رەنجی خەبات و ماندبوونی دەیان ساڵەمان بە هەدەر نەچێت بەسە ئیتر چاوەرانیی چی لە رژێمێك بكەین كە میلیشایی ئێرانی و چەك و جبەخانەی سەربازیی هاوشێوەیی رژێمەكانی تر لە دژی میللەتی كورد بەكار بێنێت .
رژێمەكانی پێشووتر وەڵامی كوردیان بە چەكی قەدەغەكراوە و كیمیایی و فسفۆر دابێتەوە ، ئەمجارەیان لە ماوەی سێ ساڵدا ،ئەو رژێمە مەزهەبی بە پاڵپشتی رژێمی خامنەیی و داگیركەری ئێران ، سەخترین وقورسترین چەكی ئابووری لە دژی كورد بە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادە و شكۆمان بەكارهێنا ، جگە لەو چەك و تەكنۆلۆیاییەی كە ئەمەریكا بە مەبەستی دامەزراندنەوەی سەرلەنوێ سوپای رووخاویی عێراقی پێی نوێژەن بكەنەوە ، جارێ هیچ نەببوو ئەوا بینیمان بە هەموو توانا یەكەوە میللەتی كوردیان پێی بۆردومان كرد و ئاوارە كرد و شارە بەدەریان كرد .
پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بووبە پاساو بەدەستیانەوە، بە باوەڕی من لەم قۆناغەی ئێستاشماندا کە "لەزۆر رووەوە چوینەتەوە دواوە بۆ ماوەیەکی کاتی"، پێویستمان بە یەکڕیزی ناوخۆییی ھەیە، لەوێشەوە ئیش لەسەر پرۆژەی سەربەخۆی بکەینەوە، بەڵام بە سوودوەرگرتن لە ھەڵەو کەمووکوڕیەکانی دوێنێمان.ئەو مەرجانەی کە رژێمەكەی عەبادی دەیھەوێ بیسەپێنێ بەسەر ھەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی خاڵەکانی وەک یاری مارو پەیژەکەوایە، لە لوتکەوە بەغدا دەیھەوێ بمانھێنێتەوە خاڵی سفر، نابێ کورد بەو مەرجانە رازی بێ ، چونکە خۆکوشتنی فیزیکی "جەستەیی" شەرەفمەندانەترە لەو مەرجانەی کە زۆرینەیان سوکایەتیکردنە بە کوردو دەستکەوت و خاک و ئازایەتی و قوربانیدان و سڕینەوەی مێژوویەک لە شانازیمان.
لەگەڵ ئەو هەموو تاوانانەی كەوا رژێمە یەك لەدوای یەكەكان دژی گەلی كورد ئەنجامیان دا بوو، بەڵام ئەوان ئێمە بە تێكدەر و ناحەق دەزانن و ئامادە نین گفتگۆمان لەگەڵ بكەن و خۆیان لە گەرٍاندنەوەی مافەرەواكانمان دەدزنەوە . ئەوەی لێردا گرنگە ئەوەیە كە چیتر متمانە بەو رژێمە مەزهەبی زاڵمە نەكەینەوە و چاوەرانی هیچیان نەكەین و كات بەو فیرۆ نەدەین و چونكە بە زیانی دۆزی كوردە ناوی خوای لێبێنین وجاری سەربەخۆیی بدەین و پشتیوانی و ئیرادەی میللەتەكەمان لە هەموو پشگیرییەكی نێو دەوڵەتی گرنگترە و دەبێ پێداگر بین و پشتیوانی سەرۆك بارزانی بین و یەكریز بین بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و سەربەخۆیی تا گەیشتن بە كەنارٍی ئارامی..