چەند پرسیارێک بۆ دکتۆر بەرهەم

چەند پرسیارێک بۆ دکتۆر بەرهەم
من کوڕی لادێم و تۆ کوڕی شار، تۆ دکتۆر و من بێ بڕوانامە، من لە شاخ پەروەردە بووم و لە سەنگەردا فێری کوردایەتی بووم، تۆ لە ئەمەریکا پەروەردە بووی و لە باڕەکاندا فێری کوردایەتی بووی، تۆ لە هەولێر بینایەکی چەند قاتی هەزاران مەتریت هەیە و لە سلێمانیش دەست بەسەر پارکەکەتدا گیرا، منیش خانوویەکی یەک قاتی دووسەد مەتریم هەیە، وەک زانیومە تۆ کوڕە پۆلیسی و منیش کوڕە شوانەوێڵەیەک، بۆیە لە وەڵامی ئەوەی کە دەڵێی: دادگای دەستووری دەتوانێ ئەنجامی گشتپرسی هەڵوەشێنێتەوە، ناچار بووم ئەو چەند پرسیارەت ئاراستە بکەم، بەو هیوایەی بە سنگێکی فراوان و خوێندەوارانە لێم وەربگری و وەڵامیشم بدەیەوە.
١ــ ئەگەر دادگای دەستووری عەرەبی بتوانێ دەنگی کوردانی ئازدایخواز هەڵوەشێنێتەوە، بۆچی بەغدا و تاران و ئەنقەرە وا تەنگەتاو بوون؟
٢ــ ئەگەر دادگای دەستووری عەرەبی بتوانێ خواستی سەربەخۆیی گەلێکی ستەمدیدە هەڵوەشێنێتەوە، کەواتە دەتوانێ کوردبوونیش هەڵوەشێنێتەوە، ئەی بۆ ئەوە ناکەن و لە چی راوەستاون؟
٣ــ دیارە دادوەرە عەرەبەکان ئەو بەندەیان نەدیوە کە دەنگی بەڵێی کورد بۆ سەربەخۆیی هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆچی ئەو زەحمەتە ناکێشی و پێیان بڵێی ئەو بەندەی دادگا عەرەبیەکە چییە و چۆنە؟ بەوەش بە یەکجاری کۆتایی بە خواستی سەربەخۆیی کورد دێنی و عەرەبیش بە یەکجاری دەحەسێنیوە!
٤ــ یان من هەڵە لە مەبەستت گەیشتووم و تۆ مەبەستتە بە دادگای هێز و بە بەندی سارۆخ و تۆپخانەی حەشدی شەعبی و سوپاس پاسداران و بە خورماتوو کردنی هەموو کوردستان، دەتوانن ئەنجامی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەڵوشێننەوە، لەوەشدا کردار شەرتە و ئایا بە کردار ئەوە دەکرێ؟
Top