زۆرداری و زوڵمی دژمن ده‌بێت له‌ یه‌كتر نزیكمان بكاته‌وه‌ و به‌ هێزترمان بكات

زۆرداری و زوڵمی دژمن ده‌بێت له‌ یه‌كتر نزیكمان بكاته‌وه‌ و به‌ هێزترمان بكات
تەنگژەی سیاسی ناوخۆی و دوژمنایه‌تی كردنی یه‌كتری سەرەکیترین فاكته‌رن بۆ تێکچوونی ئاسایشی نیشتیمانی ، ئێمەی کورد پیویستە دڵنیا بین لەوەی گره‌وی سەرکەوتنی نه‌یاران و دوژمنانمان ته‌نیا له‌ سه‌ر نەسازانی سیاسی و ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌، ئەگه‌ر ململانێی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراسی پرۆسەیەکی ته‌ندروست و باش بێت ئه‌و ناكۆكیه‌ و دژایه‌تی كردنه‌ی یه‌كترییش لەناوخۆدا زۆر ترسناكه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی لەهەرێمی کوردستان .
زۆر لایەن و كه‌س هه‌ن كه‌ نه‌ك له‌ كاتی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و نه‌ له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ست به‌گەورەیی ئەو مه‌ترسییانه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی كوردستان ناكه‌ن، ڕاگه‌یاندنەکانی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌گریسانه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ هێرشه‌ كردنه‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و زیندوکردنەوەی کینەی کۆن، به‌ مه‌زنده‌ی خۆیان به‌ روخانی سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ، ئه‌وان ده‌بن به‌ میراتگری هه‌میشه‌یی، غافڵن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هێڕش و جه‌نگه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی رژێمی عێڕاق دژی گه‌لی كوردستان و داواكاره‌ ره‌واكانیه‌تی و ده‌یانه‌وێت ئه‌و دەسکەوتە نیشتیمانی و ده‌سه‌ڵاتی كه‌ كورد هه‌یه‌تی نه‌هێڵن.
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست ئێمەی کورد ته‌نیا ڕێگامان خۆراگری و بوونی ئیرادەیەکی کوردانەی بەرزو به‌رگری شەڕەفمه‌ندانه‌یه‌، هه‌ر وه‌ك له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می هێرشییان بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ئه‌مرۆش ژماره‌یه‌كی پێشه‌مه‌رگه‌ شه‌هید و بریندار بوون . پێشه‌مه‌رگه‌كانی كوردستان پارتی بوو بن یان یه‌كیه‌تی یا خود له‌ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی بن پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و بۆ به‌رگری له‌ كوردستان شه‌هید بوون و گیانی پیرۆزیان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بێت، ئه‌و خوێنه‌ پیرۆزه‌ی شه‌هیده‌كانمان نابێت له‌به‌ر ململانێی سیاسی ناشه‌ریفانه‌ و ته‌سك بینی و خۆ په‌ره‌ستی و به‌رژه‌وه‌ندی په‌ره‌ستی هه‌ندێ كه‌س له‌ هه‌ر لایه‌نێك بن نابێت به‌ فیڕۆ بچێت.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌ ناره‌وایه‌ بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ده‌ورو به‌ری به‌ هه‌زاران خانه‌واده‌ ئاواره‌ بوون ته‌عدا له‌ شه‌ه‌ڕف و كه‌رامه‌تی خه‌لك كراوه‌ و ماڵیان به‌ تاڵان بردراوه‌، ئه‌و زۆرداری و زوڵمه‌ی دوژمن ده‌بێت له‌ یه‌كتر نزیكمان بكاته‌وه‌ و به‌ هێزترمان بكات.
له‌ ئێستادا شه‌ری ڕاگه‌یاندن دژ به‌ یه‌كتری خزمه‌ت گه‌لی كوردستان ناكات، باشتر وایه‌ ئه‌و توانایانەمان بۆ به‌هێز كردنی ئیرادەی كوردایه‌تی و به‌رگری و ڕسوا كردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێڕاق و ئه‌وانه‌ی له‌ پشتیانن به‌كار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی وڵات و گه‌كه‌لمان لە هەڵدێر بپارێزین. هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە باهەموومان بیپارێزن بەخوێن و بەگیان.
Top