نۆ خاڵ لەبارەی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان

نۆ خاڵ لەبارەی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان

لەناو قوڵایی گرفتەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا، بە رێبەرایەتی بارزانی و بە بەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان "جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی" ھەڵمەتێکی بەرفراوانی جەماوەری بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بەرێوەچوو، ریفراندۆم بە سەرکەوتنی رێژەی ٩٢% تەواو بوو، دوای کەمتر لە بیست رۆژ بەسەر کۆتاییھاتنی ریفرۆندۆم ، کەوتینە ناو شەرێکی قورس لەگەڵ شیعەکانی عێڕاق، شیکردنەوەی جۆراوجۆر دەکرێ لەبارەی ھەڵەبوون و ھەڵە نەبوونی سووربوونی بارزانی لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و رووبەرووبوونەوەی وڵاتان، من تێگەیشتنی خۆم لەوبارەیەوە دەخەمە ڕوو لە نۆ خاڵدا :

یەکەم/ ھێرشەکانی شیعەی عێراق پەیوەندی بە پرسی ریفراندۆمەوە نییە، ھەڕەشەکانی بەغدا لەکابینەکانی سەردەمی نوری مالکییەوە سەریان ھەڵدا، خۆ ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک ھێزێکی تایبەتیان پێکھێنا بەناوی "ھێزی دیجلە"بە سەرپەرشتی "عەبدولئەمیر زەیدی" و راستەوخۆ دوای دەمەزراندنی ئەم ھێزە، بە بریاری مالیکی ھێزەکەیان لەسەر سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ کۆکردەوەو دواتر بە ھەڕەشەی بارزانی پاشەکشەیان پێکرا، خۆ کورد ئەوکات قسەو باسی لەبارەی ریفراندم نەکردبوو!

دووەم/ بارزانی لە ھیچ شوێنێکدا باسی لە پشتیوانی ھیچ دەوڵەتێک نەکردووە ھەم بۆ پرۆسەی ریفراندۆم ھەم بۆ پرۆژە گەورەکە کە پرۆژەی دەوڵەتی کوردستانە، بە پێچەوانەوە لە تەواوی گوتارەکانیدا ئاماژەی بە ئەگەری روودانی مەترسییە سەربازییەکان و داخستنی سنوورەکان دەکردەوە، دەتوانین بڵێین بارزانی زۆریش راستگۆ بوو لەگەڵ گەلەکەی خۆیدا.

سێیەم/ کورد خۆی ئامادەکردبوو بۆ بەرگریکردن لە کەرکوک و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵام رێککەوتنی ژێربەژێری ماڵباتی تاڵەبانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق، کوردی رووبەرووی شکستی سەربازی کردەوەو نەتوانرا بە یەک لایەن بەرگری لەناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکرێ، سوپاسنامەی مالیکی و ھادی عامری وعەێائیبی ئەھلی حەق و نکوڵی لێنەکردنی ماڵباتی تاڵەبانی بەڵگەن لەسەر ئەم رێکەوتنە ژێربەژێرە.

چوارەم/ مەرج نییە ھەموو کات خوێندنەوەی سەرۆکەکان بۆ پێشھاتەکان راست دەربچێت، کاتێک جۆرج بۆش لەبەرەبەیانێکی زوودا بریای ھێرشکردنی بۆسەر عێڕاق داو حزبی بەعسی لەسەر کار لادا تاکو عێڕاقێکی نوێ بنیان بنرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا "بۆش" پێشبینییەکەی راست دەرچوو؟ ئایا عێڕاق بووبە ئەو عێڕاقەی کە بۆش پێشبینی بۆکردبوو؟ ئەو عێڕاقەی ١٤ ساڵە تا دێ ململانێی تائیفی و مەزھەبی و حزبی تۆختر دەبێتەوە، ئایا پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە عێڕاقی پێش ٢٠٠٣ باشتر نەبوو لەعێڕاقی داتەپیوی ئێستا، ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە دواوە "بۆش" ھەمان بڕیار لەبارەی رووخانی سەدام دەداتەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.

پێنجەم/ من باوەڕموایە بارزانی لە ئێستاوە تا دەگاتە داھاتوو، پرۆژەی سەربەخۆیی بە پشتیوانی تەواوی وڵاتانی دنیاش بخاتە سەر سینییەک بیدا بە لایەنە سیاسییەکان ھەندێ لایەنی سیاسی تا ھێزیان تێدایە شەقێکی بەھێزی تێھەڵدەدەن و نایانەوێ، ئەمە کێشەیەکە کە ھەموو کات ئامادەیە بۆ لەباربردنی پرۆژەی سەربەخۆی کە دەبێ حیسابی زۆری بۆ بکرێ.

شەشەم/ ژیان لەگەڵ عەقڵییەتی شیعەی عێڕاق لەمەودوا ئاڵۆزتر دەبێ، تازە ئەوان بەعس ئاسا دەرگای ھێنانی دەبابەکانیان بۆ خۆش بووە، ئەم عەقڵییەتەی شیعە بەقەت تاڵەموویەک جیاوازی نییە لەگەڵ عەقڵییەتی بەعس، بۆیە لە خراپترین دۆخدا دەبێ کورد بیر لەکۆکردنەوەی پشتیوانی دەرەکەی بکاتەوە تا ئەو دەستە دوربخەینەوە کە بۆی ھەیە لەھەر توڕەبوونێکدا ئێخەمان بگرێتەوە.

حەوتەم/ ئێستا تێدەگەین کە تەمەنی کۆماری مھاباد ی قازی نەمر بۆ کەمتر لە ساڵێکی خایاند، چونکە تا ئێستاش "تورک، فارس، عەرەب" لەبەرامبەر ناوھێنانی دەوڵەتی کوردیدا گیانیان دەوێتە لەرزین، ھەمووشیان کۆکن لەسەر لاوازکردنی کورد، ئەوەتا تا باسی پرسی ریفرۆندۆممان نەکردبوو "عەبادی و داود ئۆغڵوو" ھەموو ھەفتەیەک چاویان لەیەکتری سووردەکردەوە، تا ئەو ئاستەی عەبادی داوای لەسەر ھاتنی "ئەحمەد داودئۆغلو" تۆمارکرد کە چۆن بێ پرسی بەغدا سەردانی کەرکوکی کردووە، بەڵام ئێستا موو بەبەینیانەوە ناچێ لەئاست پرسی سەربەخۆییی کورددا.

ھەشتەم/ ئەو شەڕە دەبووایە رووبدا، بەڵام پرسی ریفراندۆم بووبە پاساو بەدەستیانەوە، بە باوەڕی من لەم قۆناغەی ئێستاشماندا کە "لەزۆر رووەوە چوینەتەوە دواوە بۆ ماوەیەکی کاتی"، پێویستمان بە یەکڕیزی ناوخۆییی ھەیە، لەوێشەوە ئیش لەسەر پرۆژەی سەربەخۆی بکەینەوە، بەڵام بە سوودوەرگرتن لە ھەڵەو کەمووکوڕیەکانی دوێنێمان.
نۆیەم/ سەبارەت بەو مەرجانەی کە حکومەتەکەی عەبادی لەرێگەی سەعد حەدیسییەوە دەیھەوێ بیسەپێنێ بەسەر ھەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی خاڵەکانی وەک یاری مارو پەیژەکەوایە، لە لوتکەوە بەغدا دەیھەوێ بمانھێنێتەوە خاڵی سفر، نابێ کورد بەو مەرجانە رازی بێ ، چونکە خۆکوشتنی فیزیکی "جەستەیی" شەرەفمەندانەترە لەو مەرجانەی کە زۆرینەیان سوکایەتیکردنە بە کوردو دەستکەوت و خاک و ئازایەتی و قوربانیدان و سڕینەوەی مێژوویەک لە شانازیمان.
دوا قسەش ئەوەیە کە کورد ناتوانێ تاسەر لەگەڵ عەقڵیەتی داپڵۆسێنەری شیعەی عێڕاق بەردەوام بێ، ھەمیشە دەبێ بیر لە ئەڵتەرناتیڤ بکەینەوە بۆ خۆدەرباز کردن لەم حکومەتە دیکتاتۆرە کە ھیچی کەمتر نیە لە بەعسی سەردەمی ئەنفال.
Top