پەیامەکەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی
October 8, 2017
وتار و بیروڕا
بوونی قسەیەکی وا بۆ سەرۆکی هەرێم کەم نییە، رەنگە ئەزموونی هاوبەشی هەردوولا لەو تێگەیشتنەوە بووە، بۆ واقعی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی دوای تاڵەبانی، پرسی واقعیان باش درک نەکردووە، (بارزانی) لە کۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سلێمانی دووپاتی ئەوەی کردەوە کە ئەگەر (تاڵەبانی) لەمەیدانی سیاسی بوایە ئێستا زۆرێک لەکارەکان بەسانایی دەڕۆیشتن بەرێرەوی خۆیدا، بۆ ئەوەی یەکێتییەکان دڵی مام جەلال ئاسودە بکەن، زۆر گرنگە یەکڕزی ناوماڵی خۆیان بپارێزن، هەرکەسێکیش شوێنی تاڵەبانی بگرێتەوە لە چوار چێوەی بیرکردنەوەی ئەو لابدات رەنگە دواجار یەکێتی تووشی گرفتی زۆر گەورەببێت، کە بینیمان چۆن تووش بوو.
لێدوانی دووەم لە کاتی کۆچی دوای سەرۆک تاڵەبانی درا لەلایەن (قوباد تاڵەبانی)ەوە بوو، ئەو لەسەر گڵکۆی باوکی گوتی: "وەک وەفایەک بۆ تاڵەبانی دەبێت یەکڕزی ناو یەکێتی بپارێزرێت". هەڵبەتە پەیامی بنەماڵەی تاڵەبانی، دواجار بۆ خودی یەکێتییەکان بوو کە دەبێت لەدوای کۆچی دوای تاڵەبانی یەکێتییەکان هەست و درک بە هەستیاری قۆناغەکە بکەن، چونکە بوونی یەکێتی گرنگە بۆ ئارامی و پاراستنی خاکی کوردستان، تەنیا هەردوو بنەماڵە لە گرنگی هاوبەشی راستەقینەی پارتی و یەکێتی تێدەگەن، زۆر گرنگە کەسی دوای تاڵەبانی دووشت لەبەر چاوبگرێت، یەکەم: یەکێتی بەرپرسیارە لە داهاتووی کوردستان، دووەم: قۆناغی دوای سەرۆک مام جەلال قۆناغی نوێ دەبێت یەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە.
رەنگە هەڵکشان و داکشانی سیاسی وای کردبێت ئاراستەی قسەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی یەک بگرنەوە، لە خالێدا ئەویش پاراستنی یەکڕیزی کوردستانە، بەپێچەوانەوە رەنگە ئەگەرێک خۆی بەهێز بکات بەسەر کوردستاندا کە دواجار هەموویان تێیدا زەرمەند دەبن وەک ئەوەی لەماوەی رابردوو بینرا بۆ تەفرەدانی هێزە کوردییەکان لەناو خۆیداندا و لەناوبردنی تەوافوقی نیشتیمانی وەک ئەوەی لەبەغدا و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بیرنرا، پرسیاری جددی ئەوەیە؟ دوای کۆچی سەرۆک تاڵەبانی، یەکێتی دەست دەگرێت بەو پەیامەی تاڵەبانییەوە؟.