نێچیرڤان بارزانی دۆخەکەی هێور کردەوە

نێچیرڤان بارزانی دۆخەکەی هێور کردەوە
ئەوەی کاک نێچیرڤان لە ڕۆژی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆییی کوردستان گوتی، ئەوە نییە کە هەندێک لە کوردستانیان لێکدانەوەی هەڵەی بۆ دەکەن. ئەو نەیگوت؛ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نییە، ئەو مەبەستی ئەوە بوو؛ کە مەرج نییە ڕاستەوخۆ دوای گشتپرسی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، بەڵکو لەگەڵ بەغدا دەکەوینە گفتوگۆ و زۆر شت ماوە کە دەبێ بە دیالۆگ یەکلایی بکەینەوە. بەڵام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم لێدوانەیان بە هەڵە تەرجومە کرد و وەهایان نیشاندا کە سەرۆکی حکوومەت گوتوویەتی: گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی نییە.
جا خۆ داینێ کاک نێچیرڤان و هەموو سەرکردایەتیی کوردیش گوتیان: گشتپرسییەکە بۆ سەربەخۆیی نییە، کە مەبەستی ئەوەیش نەبووە. بەڵام خۆ لە کارتی دەنگداندا نووسراوە دەتەوێ کوردستان سەربەخۆ بێ یاخود نا؟ زۆرینەی کوردستانیانیش گوتوویانە؛ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی. جا دواتر مامەڵە لەگەڵ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکرێت و مەمەڵە لەگەڵ ئەو وەڵامە فەرمییەی کوردستانیاندا دەکرێت، نەک لێدوان. بۆیە کاک نێچیرڤان هەرچەندە وای نەگووتووە، بەڵام ئەگەر پەیامەکەی بەو جۆرەیش لێکدرابێتەوە، ئەوا تەنیا بۆ هێورکردنەوەی تووڕەییی دراوسێیەکانی کوردستانە و هیچی تر.
وڵاتانی دراوسێ و جیهان بۆ کورد گرنگن، ئەگەر ئەوان غەزەب لە باشووری کوردستان بگرن، ئەوا دۆخی ئەم بەشەی کوردستان خراپ دەبێت. جا لەو ڕووانگەیەوە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکات و دەیەوێ کەمێک لە تووڕەییی نەیارانی سەربەخۆیی کەم بکاتەوە. چونکە هەمیشە نێچیرڤان بارزانی پیاوی ئیدارەدانی کوردستان بووە و بەگوێرەی ئەزموونی خۆی لە مەترسییەکان تێ دەگات و دەزانێ چۆن سیاسەت دەکات.
Top