حیزبی کوردی لە پەروەردەیەکی سیاسی توندەوە بۆ زمانی لۆژیک

حیزبی کوردی لە پەروەردەیەکی سیاسی توندەوە بۆ زمانی لۆژیک
زۆر ناگەڕێینەوە دواوە، ئەگەر تەنھا لەسەر رووداوەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٧و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان بوەستین، دەبینین پەروەردەی سیاسی کادیرو لایەنگرانی ھەریەکێک لە پارتە سیاسییەکان نەھجەکانیان جیاوازەو فۆرمی ھەم پەروەردە ھەم ئاراستەکرنی کادیرانیانبە کۆمەڵێک سیمات دەناسرێتەوە، ئەم سماتانە بوونەتە شوناسی پەروەردەی سیاسی حیزبە کوردییەکان.
بەشێکیان بە پەروەردەی سیاسی نەرم و ھێمن و زمانی لۆژیک دەناسرێنەوەو نە لە میدیاکان نە لە سۆشیال میدیاکان کەمترین نوسین و پۆستی توندئاژۆییان لێنەبینرێ و لێناخوێنرێتەوە ، حیزبی دیکەشمان ھەیە جێگەی داخە بە سماتەکانی زمانی تەشھیرو سوکایەتی و جنێوپێدان و تۆمەت ھەڵبەستن و داتاشینی سیناریۆی ئابروبردنی نەیارەکانیان دەناسرێتەوە، لایەنگرەکانی ئەوەی نایزانن زمانی گفتوگۆیە، ئەوەی فێرنەکراو رووبەرووبوونەوەی ھێمنانەیە لەگەڵدژەکانیاندا.
حیزبی کوردیشمان ھەیە لایەنگرەکانی بە فرەبۆچوون و فرە ھەڵوێست و فرە باڵ و فرە ئاوازی سیاسی دەناسرێنەوە، لەسەر ھەر پێشھات و رووداوێکی نەتەوەیی و سیاسی ، لایەنگران و تەنانەت قیادییەکانی ئەو حیزبەشپێکەوە بەھەموویان ھارمۆنیای ئاوازەکانیئەو حزبەیان تێک و پێکداوە، ھەر لەسەر پرسێکی چارەنووستازی وەک ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەشێکیان بە دڵ و بە گیان بەشداری ھەڵمەتی پرۆسەکەیان کرد، بەشێکی دیکەیان بێدەنگیان ھەڵبژارد و نەشیان ھێشت میدیاکانی حیزبەکەیان رۆڵ لەم پرسە نەتەوەییەدا بگێڕن، بەشێکی تریش لەناو ھەمان حیزبدا بەدڵ و بەگیان رووبەرووی ھەڵمەتەکە بوونەوەو ئەگەر بۆشیان بلوێ وەک چێشتی مجێوران ھەموو شتێک تێک و پێک دەدەن بەسەریەکدا.
لەولاشەوە حیزبی ترمان ھەیە لایەنگرەکانیان وا فێرکراون کە خۆشیان نەزانن کە بۆ چ ئامانجێک وەدووی ئەو حیزبە کەوتوون، چونکە چاویان لەزارو ھەڵوێستی حیزبی ترەو ئەوان چی ببێژن لەدویان دەڵێنەوە بەھەمان نەغمەو ریتم.
نموونەی پەروەردەی سیاسی حیزبی تریشمان ھەیە کە لایەنگرەکانیان راھێنراون بە پرەنسیپەوە کاری حیزبی بکەن و بە پابەندبوون بە پەیڕەوی کاری حیزبەکەیان لایەنگری موومارەسە بکەن و جگە لە رێژەیەکی کەم، زۆرینەی لایەنگرەکانیان لەسەر میانڕەوی و نەچوونەژێر باری لایەنگرانی ئەو حیزبانەی کە توانای رووبەرووبوونەوەی ھێمنانەیان لاوازە پەروەردە کردووە.
ئەو کاتەی رووبەرووبوونەوەی لۆژیک لاواز دەبێ زمانی زبر جێگەی دەگرێتەوە
ئەزموونی کێبڕکێی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەو دەرئەنجامەی بۆ دەرخستووین کە نا ئامادەییمان بۆ رووبەرووبوونەوەییەکتری و بزربوونی رۆحییەتی گفتوگۆی لۆژیکی لەنێوان لایەنە دژەکاندا، دەرئەنجامەکەی بریتی بووە لە رقلێبوونەوەویەکتری ناشیرینکردن و سوکایەتی بەیەکتری و بە حیزب و بە رەمزە سیاسی و نەتەوەییەکان، ئەم زمانی زبرە دەرئەنجامەکەی تەنھا لەسنووری نێوان دوو کارەکتەرو دوو پارتی سیاسیشدا نەماوەتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ گرژکردنی پەیوەندییەکانی نێوان شارەکان و ختوکەی ناوچەگەریەتی داوە، تا ئەو ئاستەش کە ئەم بزربوونی زمانی لۆژیکە جار ھەبووە ھاوسەرگیری ژن و مێردەکانیشی لەبەریەکتری ھەڵوەشاندۆتەوەو خۆیان و منداڵەکانیشان رەنج بەخەسارو سەرگەردان کردووە.
بە دیدی من لەدوای بەکۆتاھاتنی پرۆسەی ریفراندۆم ئەرکی ئۆرگانە مەدەنییەکان و خودی پارتە سیاسییەکانیشە ئەم کێشەیە کە"لەناوەرۆکدا کێشەیەکی مەترسیدارە" بەھەندی وەربگرن و دیبەت و تا ئاستی ھەڵمەتی میدیایشی بۆ بکەن، چونکەچونکە ئەگەر وانەکەین ئەوا بێ سێو دوو وەک کۆمەڵناسان دەڵێن "توندوتیژی، توندوتیژیبەرھەم دەھێنێت".
Top