خۆزگەی ئەمڕۆم

خۆزگەی ئەمڕۆم
خۆزگە ئەمڕۆ کۆتری نامەبەر دەبووم و لە هەولێری پایتەختەوە لە شەقەی باڵم دەدا و بە دەوری مهابادی خوێنیندا دەسووڕامەوە و تەواوی کوچە و کۆڵانەکانیم ئاڵاڕشێن دەکردن، دواتر دەهاتم و لە چوارچرا لەنگەرم دەگرت و هێواش هێواش دەنیشتمەوە و سەرم دەکردە سەر گۆڕی پێشەوا قازی و دوای شکاندنی سەرخەوێکی سەربەخۆیی پێمدەگوت: ئەی پێشەوا هەستە و رابە، ئەو دیاریەی ساڵی ١٩٤٦ وەک ئامانەتێکی نەتەوەیی رادەستی بارزانی نەمرت کرد، ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختەوە سەرۆک بارزانی بۆتی ناردۆتەوە.
خۆزگە ئەمڕۆ کۆتری نامەبەر دەبووم و لە هەولێری پایتەختەوە لە شەقەی باڵم دەدا و دڵۆپ دڵۆپ ئاوی سەربەخۆیی باشوورم دەڕژاندە ناو ئاگردانی ئامەدی لێو وشک بووی سەربەخۆیی، دواتر دەچوومە خزمەت گۆڕی شێخ سەعید و پێمدەگوت: یا شێخ ئارام بنوو، ئەوە شێخ مەحمود و بارزانی نەمر لە بەردەقارەمان و چیای شیرین بەری رەنجی خوێن و خەبات دەچننەوە.
خۆزگە ئەمڕۆ کۆتری نامەبەر دەبووم و لە هەولێری پایتەختەوە لە شەقەی باڵم دەدا و هەوری سەربەخۆییم بەسەر قامیشلۆی تنیووی سەربەخۆییدا دەکێشا، لەوێوە دەهاتمەوە کۆبانێ و پێمدەگوت: ئەوەی دوێنێ بە ئاڵای کوردستانەوە هاتن و تۆیان پاراست، ئەمڕۆ هەمان ئاڵا دەگەیەننە لوتکەی سەربەخۆیی.
خۆزگە ئەمڕۆ کۆتری نامەبەر دەبووم و لە هەولێری پایتەختەوە لە شەقەی باڵم دەدا و دەچووم لەسەر نوگرەسەلمان، سەد و هەشتا و دوو هەزار تفم دەکردە ناو چاوی هەموو حەجاجەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی عەرەب، دواتر نزم نزم دەفڕیم و سەد و هەشتا و دوو هەزار گوڵی سەربەخۆییم بەسەر بیابانەکانی عەرعەردا دەباراند، هەر لەوێوە روەو هەڵەبجە هەڵدەسووڕم و پێنج هزار گوڵی دژە ژەهری ژێردەستیشم لە کانی ئەشقان هەڵدەکێشا و دەمکردنە دیاری و دەمدانە دەست عومەری خاوەر.
وەڵڵا بە درێژایی ماتی ئەم نووسینە فرمێسک بە چاوەکانمدا هاتوونە خوار.
Top