سەربەخۆیی و ئیسلام ... مافی چارەنووس لە سەردەمی پێغەمبەردا (د. خ)

سەربەخۆیی و ئیسلام ...  مافی چارەنووس لە سەردەمی پێغەمبەردا (د. خ)
رەنگە بابەتەكەم سەیر بێت بە لای كەسانێكەوە كە باسی مافی چارەنووسم لە سەردەمی پێغەمبەردا (د. خ) كردووە، لەوانەیە بڵێن چۆن لە سەردەمی پێغەمبەردا (د. خ) بابەتی وا هەبووە، كە لە سەدی حەڤدەدا بە (حریة الارادةfree will) ئەم بابەتە باسی لێوە كراوە، پاشان بووەتە (حق تقریر المصیر) واتا: مافی گەلان بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوكمڕانی بە شێوازێك كە بیەوێت لەژێر سێبەریدا بژین و سەروەریی خۆیان مسۆگەر بكەن. هەروەها بڕگەی یەكەمی (موحدە)ی مافی مرۆڤ ساڵی 1966 دەڵێت: ئازادیی گەلان بۆ بڕیاردان ناوەندی سەربەخۆیی سیاسی و ئازادی لە مسۆگەركردنی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە. نەتەوە یەكگرتووەكان لە بڕیاری (2625)دا لە 24 / 11 / 1970 باس لە هاوكاریی وڵاتان و باسی یەكسانی مافەكان و مافی چارەنووسی گەلان دەكات . بەڵام خۆ شاری مەدینە لە كاتی گەیشتنی پێغەمبەردا یەك وڵات نەبوو، بەڵكو تێكەل و پێكەڵی لە ئایینداریدا، لە بیرو باوەڕدا رەنگی خۆی دابووەوە، خو مەعلوومە سەرجەم دانیشتووانی شاری یەسریب (مەدینە) دەستبەجێ نەبوونە موسڵمان، لەلایەن ئایینزاكانەوە كریستیانی (نصاری) و جوو (یهودی) بوونیان هەبوو، لەلایەن هۆز و وعەشرەتیشەوە (مهاجیر و انصار) و ئەوس و خەزرەج و وەسەنیەكانی ئەوس و خەزرەج، یەهوودیی ئەوس وخزرەج و سی هۆزە گەورەكەی یەهوودی (بەنو قەینەقاع و بەنو نەزیر و بەنی قورەیزە) هەبوون، هاوكات ئەعرابەكان كە دراوسێی مەدینە بوون و نزیكەی 59 نیمچە هەرێمێك بە دەوری مەدینەدا بوونی هەبووە، هەر یەكە لەم هەرێمانە ژیانی خۆیان هەبوو، بە یاسای خۆیان حوكمی خۆیان بە شێوازی گونجاو مومارەسە دەكرد.
وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەیان پێكردووە، هەر هۆزو عەشیرەتێك خۆیان یاساو هێزو ژیانی خۆیان سەرپەرشتی دەكرد، ئەمەش (مافی چارەنووس) بووە لەو سەردەمەدا. پرسیارەكە لێرەدایە ئەوەیە: ئایا ئیسلام و پێغەمبەر (د. خ) چۆن لەگەڵ ئەم بابەتە هەڵسوكەوتیان كرد؟
لە وەسیقەی مەدینە بۆ موسڵمان و غەیری موسڵمان ئەم وەسیقەیە باس لە زۆر بابەتی هەستیاری ئەو سەردەمە دەكات، بەتایبەت لەگەڵ یەهوودییەكانی مەدینە، باسی هەماهەنگیی تەواوی نێوان پێكهاتە ئایینییەكان دەكات بۆ سەقامگیریی شاری مەدینە كە وەك پایتەختی دەوڵەتی مەدینە دەستنیشان كرابوو، بڕگەكانی باس لە یارمەتیدانی یەكتر، پارێزگاری لە دراوسێتی، و پاراستنی مافە تایبەتی و گشتییەكان و رێككەوتن لەسەر بەرگریكردن لە یەسریب دەكات ئەگەر تووشی دوژمن ببێت ، بەڵام باسی تێكدانی ئەو سەربەخۆییەی تێدا نییە كە لە 59 شوێنی جیاوازدا بوونی هەبووە و تێكیان بدات، حوكم، یان ناوەندی بڕیار بگەڕێنێتەوە بۆ خۆی.
ئەمە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی خوای گەورەیە كە دەفەرموێت: (يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثی وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا) (الحجرات13) (لا ينهاكم الله عن الذين لم يقاتلوكم في الدين و لم يخرجوكم من دياركم أن تبروهم وتقسطوا إليهم إن الله يحب المقسطين) (الممتحنة:8).
بابەتی حوكمڕانیی سەردمی پێغەمبەر (د. خ) بە شێوازێك بوو چەسپاندنی تێدا نەبوو، بۆیە عومەری كوڕی خەتاب (رەزای خوای لێ بێت) كاتێ چووە ئیلیەیە قودس دەستكاری حوكمداری نەكرد و نەیبەستەوە بە مەدینەوە، بەڵكو كاتێك بانگی عەسەر درا لە ناو كڵیسە بوو، وتیان لێرە نوێژی خۆت بكە، بەڵام فەرمووی: نەخێر، ئەترسم ئەگەر لێرە نوێژ بكەم، موسڵمانەكان دوای من ئێرەتان لێ زەوت بكەن و بڵێین لێرە عومەر نوێژی كردووە . بۆیە چووە دەرەوە نوێژی كورد.
كاتێك عومەری كوڕی عەبدولعەزیز دەسەڵاتی گرتە دەست، خەڵكی سەمەرقەند نامەیەكیان ئاراستە كرد و وتیان: لە سەردەمی قوتەیبە كوڕی موسلم كە هاتە وڵاتمانەوە ئێمەی دەركردو هەندێك عەرەبی جێنشین كردووە كە ئێمەش بە دابونەریتی خۆمان حوكمداریمان كردووە، دەمانەوێ ئەو خەڵكەی كە قوتەیبە هاوردەی كردووە، دەریان بكەیت، چونكە پێچەوانەی یاساو رێسا و ئارەزووی ئێمەیە .
عومەری كوڕی عەبدولعەزیز دادوەرێكی نارد بە ناوی (جميع بن حاضر القاضي) و حوكمی ئەوەی دا كە سەرجەم عارەبە هاوردەكانی دەركرد و سەربەخۆیی بۆیان گەڕاندەوە.
ئەمانە بەڵگەن كە سەربەخۆیی بوونی هەبووە، بەداخەوە 59 وڵاتی ئیسلامی ئەم راستییانە دەزانن، كەچی سەربەخۆیی بۆ فەڵەستین حەڵاڵە، بەڵام بۆ منی كورد حەرام و دەرچوونە لە یەكپارچەیی عێراقێكی شكستخواردوو!
ئەگەر جوان سەیری بابەتی سەربەخۆیی (كۆسۆڤۆ) بكەین كە وڵاتێكی تازەیە لەم سەردەمەدا، دەبینین سەربەخۆیی بە ئازایەتی خۆی بەدەستهێنا، تا ئێستاش 108 وڵات بە ئەمریكاشەوە دانی بەو سەربەخۆییەدا ناوە، بەڵام سەیرە پێش چەند وڵاتێكی ئیسلامی و عەرەبی دانی بەم وڵاتەدا ناوە كە 95%ی موسڵمانن و لە ناو جەرگەی ئەوروپادان .
سەربەخۆیی تاك لە بڕیاردان:
لە ئیسلامدا سەربەخۆیی تاك واتا: مرۆڤ دەتوانێ بڕیار بدات، جا چ تایبەت بە خۆی بێت لە بواری ژیانیدا، یان پەیوەست بێت بە گوزەرانی، یان هاوسەرگیری و برادەری و ئاشنابوون، چ بڕوا و ئایینداری لە چوارچێوەی ئایین و یاسا دەرنەچێت: لاَ إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ (آية 256 سورە البقرة)
فەرموودەیەكی بەناوبانگی عومەری كوڕی خەتاب بۆ حاكمی میسر عەمری كوڕی (عاص) هەیە كە فەرموویەتی: (متى استعبدتم الناس و قد ولدتهم أمهاتهم أحراراً) واتا: چۆن ئێوە خەڵكانتان كردووە بە كۆیلە، كاتێ خوا ئەوانەی بە ئازادی هێناوەتە دونیاوە؟ ئەم رووداوەش لە كاتێكدا هات، عەمری كوڕی (عاص) غەدری لە كریستیانێك كرد، بۆیە ئەم فەرموودەیە وەك بنەمای مافی مرۆڤ تەماشا دەكرێت.
كەواتا ریفراندۆم و سەربەخۆیی بیدعە نییە، ئێمەی میللەتی كورد دامانهێنابێت لەم سەردەمەدا، بەڵكوو لە دێزەمانەوە هەیە، بەڵام ئەوە سەیرە بۆچی بۆ برایانی فەڵەستین واجب وفەرزە، بۆ ئێمەی كورد كە چەنەهای چەند ساڵە بەدەست دەسەڵاتدارانی زاڵمی عێراقەوە دەناڵێنین حەرامە؟ ئایا غەدرمان لێ نەكراوە؟ ماڵمان وێران نەكراوە؟ خوێنمان نەداوە؟ هەموو ئەوانە بووە، بۆیە داوای سەربەخۆیی لە هیچ كەس ناكەین و چاوەڕێی فەتوای كەس نین .
رۆڵی زانایانی كورد لەم قۆناغەدا:
لەم قۆناغەدا بە بۆچوونی من رۆڵی مامۆستایان دەبێت زیاتر بێت بەم شێوازەی خوارەوە:
1 – وەزارەتی ئەوقاف دەبێت بەرنامەیەكی تۆكمە و ئاشكرا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئامادە بكات، بە دروستكردنی كۆمیتەیەك لە مامۆستاو بیرمەندو زاناو موفتی بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی تایبەت بەم مەبەستە، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان و مەكتەبی زانایانی حزبە ئیسلامییەكان و سەرجەم حزبەكانی كوردستان. دەبێت بە هەر شێوەیەك بێت سەردانی مەرجەعە ئایینییەكانی جیهانی ئیسلامی بكەن، وەك خانەی دادی وڵاتە ئیسلامییەكان و مەشیەخەی ئەزهەر و مەككە و فاتیكان و ...هتد، بۆ راڤەكردنی بابەتەكە، لە ناوخۆی هەرێمیشدا كۆڕی جەماوەری ساز بكرێت بۆ سەرجەم مامۆستایانی كوردستان.
2 –مامۆستایانی ئایینی ئەركی سەرشانیانە و دەبێت لە ناو جەماوەری خۆیاندا، بابەتی قوربانیدان و خۆڕاگری و خۆشەویستیی نیشتمان و ورەی بەرزو سوودەكانی بە خاوەن دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی بخەنەڕوو .
3 – زۆر گرنگە لەو كۆمیتانەی كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دروستیان دەكات، وەك كۆمیتەی سەربەخۆیی، نوێنەری پیاوانی ئایینی لە ئایینە ئاسمانییەكان و چەند ئایینی دیاریكراو لە كوردستان بوونیان هەبێت و لە كارو چالاكییەكان بەشدار بن.
4 – پێویستە لە راگەیاندن بەرنامەی تایبەت بۆ مامۆستایانی ئایینی تەرخان بكرێت بۆ شیكردنەوەی سەربەخۆیی كوردستان بۆ هاونیشتمانییان لە رووی شەرع و یاسا ئایینییەكانەوە.
5 – پێویستە لە ئێستاوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران كار بۆ ئەوە بكەن سەربەخۆیی خانەی دادی كوردی و مەرجمەعی فیقهی كوردی، و ئەنجومەنی زانایانی كوردستان، و مەشیەخەی كوردی، یان هەر دەزگایەكی ئایینی كە وەك دەوڵەت پێوستمان دەبێت، دابمەزرێنن، با سەردەمی راوێژكار بەس بێت و بچینە سەردەمی دەزگای بەهێزی ئایینی بۆ وڵاتیكی گەشاوەو جوانتر.




شێخ ئیبراهیم شێخ محەمەد تاهیر بەرزنجی
بەڕێوەبەری ئیرشاد و توێژینەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
Top