بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ، چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە

بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ، چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە
نەهامەتییەكانی كورد بە دسەتی رژێمی سەددام حوسێن كە چەكی كیمیایی لە ساڵی 1988 دژی كوردی بەكار هێناوە لەگەڵ بەشداری و رۆڵی كارای پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش هەستی سەربەخۆیی كوردستانی بەهێزتر كردووە و پشتگیری ئەمەریكایان لە شەڕەكە بەدەست هێنا. لەمبارەیەوە ، لوك كۆفی بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی دوگلاسی ئەمەریكی و سارا ئەلیسن لە سەنتەری فارن پاڵسی لە دامەزراوەی هێرتیچی پێیان وایە كە كاتێك داعش لە بەر دەرگای سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بووە ، كوردەكان بۆ نیشتیمانی خۆی جەنگ كردووە.ئەوان قوربانیەكی زۆریان داوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەڵماندوویانە كە هاوپەیمانی ئەمەریكان و پشت بە ئەمەریكا دەبەستن .بڕیاری سەرەتایی بۆ بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە یەكی تەمۆزی دوو هەزار و چواردە لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هات.بارزانی كە هەر لە دوو هەزار و پێنجەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە ، بۆ هەموو كەسێك روون كردەوە كە دەوڵەتی هەنووكەیی عێراق لە رووی ئیدارییەوە دابەشبووە.بێگومان ، ئەو بۆشایە سیاسیەی كە بەهۆی كەلتووری سەددام حوسینەوە لە عێراق بەجێمابوو و سەرهەڵدانی داعش ، كورد پێگەی خۆی قایمتر كردووە.هەروەها ئەم ریفراندومە لەلایەن پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە نێوانیان بە هەوڵ و تەقەڵای نێوان دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیمۆكراتی كوردستان ئەنجام دراوە ، بەڵام پارە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان وەكو گۆڕان داواكارە كە بەر لە ریفراندۆمە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێـن ئینجا ریفراندۆم بكرێت
مێژوو راستیەكان سەڵماندوویانە هەر كاتێك رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ، لاواز و لەرزۆك بوونە دوای دانووستان و گفتگۆیان كردووە لەگەڵ كورد ، بەڵام لەگەڵ بەهێز بوونەوەیان جارێكی تر هێرشی درٍندانەیان كردۆتە سەر كورد بە خراپترین شێوە هەوڵی لە ناوبردن و سرٍینەوەی ناسنامەیان داوە .بۆیە رژێمەكانی عێراق نە لە رابردوو و نەلە ئێستاشدا ، هیچ كات باوەریان بە مافەرەواكانی كورد ، وەك نەتەوەیەكی جیا نەبووە و نابێت . بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستیەیە ئەوەیە هەندێك هێز ولایەنی وەك " گۆرٍان و كۆمەڵ" یان زۆر كاڵ فامی سیاسیین و هیچی لێ نازانن یانیش بەكرێگترەی ناحەزانی كوردن بۆ یەك ئامانج دروستكردنی لەمپەری و دروستكردنی قەیران وناكۆكیی و ناتەبایی و لە ئێستاشدا وەك ئەوەی دەبیسین و هەستی پێدەكەین بە قەسە لە گەڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیین و بە كردەوە لەگەڵ نەخێر و عێراقن و چاوەروانی دەرفەتێك دەكەن بۆ بەهێزبوونەوەی رژێمی عێراق بۆ ئەوەی جارێكی تر مافەكانی كورد ژێر پێی بكاتەوە و بەهێز رووبەرووی میللەتەكەمان بێتەوە .
لە رٍاستیدا 25 ساڵە، پەیوەندی " هەولێر وبەغدا" ، بەكردەوە پچرٍاوە و لەم 14 ساڵەی دواییشدا بە هاتنە سەر كاری رژێمی شیعی لە جیاتی ئەوەی پەیوەندی كورد و عەرەب لە بەغدا بەرەو پێشەوە بچێت بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو كارەی كە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ئەنجامیان دابوو لە دژی كورد ،ئەم رژێمە مەزهەبییە تەواكەری بوو و بینیمان ویستیان لە رێگەی بەكارهێنانی چەكی ئابووری و هەندێك لایەنی كورد لە نێو خۆی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە دەسەڵاتداری و ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێنن .
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ئەوەیە پێوستە گشت هێزولایەنە سیاسیەكان خۆیان لە پرسێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و كوردستانی یەكڵا بكەنەوە ، بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان بەرژوەندی حزبی و شەخسی و كینە و رٍق تێكەڵ نەكەن و لە هەمووشی گرنگتر نەكەونە داویی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان و دژایەتی وبەربەست دروست بكەن ، دەبێ‌ هەمووان پیشتوانی ئەو ستراتیژییە بكەین كە گەیشتنە بە دەوڵەتی كوردستان و ئەوەی بكەوێتە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە ، ئەو ریسوا و كۆیلە وناپاكە بە كورد وكوردستان و خوێنی شەهیدان.

رێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان جگە لەوەی مافێكی ئاسمانی و یاسایی و رٍەوایە بۆ هەموو نەتەوەكانی خاوەن رٍەسەن و خاوەن نیشتیمان لە هەمانكاتیشدا رێیەكی ئاشتییانەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان و رەنگە لە داهاتوودا ئەم پرسە ببێتە بنەما بۆ باكووری كوردستان، بۆیە ئەوەی ئێستا لە باشووری كوردستان كراوە سەركەوتووترین رێگایە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو رێگایەوە مافەكان بەدەست بهێنێت، جیهان ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك پشتگیری لە گەلی كورد دەكات بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت، بۆیە من لەو باوەڕەدام كاتێك كە كورد بووە دەوڵەت، ئەو كاتە وڵاتانی دراوسێ ڕازی دەبن و ددان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێن. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەشدار بووین لە دروستكردنەوەی عێراقی نوێدا بەو مەرجەی كورد و عەرەب و ھەموو پێكھاتەكانی دیكە بە تەوافق عێراق بەرن بەڕێوە و ھەموومان پێكەوە بەشدار بین، بەداخەوە دواتر بینیمان ئەوان ھەر وەك كەمینە سەیری كورد دەكەن و بە ھیچ شێوەیەك ئامادە نین، پابەندی تەوافقی پێشوو بن، مادام بنەمای تەوافق لە عێراقدا نەما، ھیچ چارەسەرێكی دیكەمان لەپێش نەماوە، تەنیا ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی نەبێت باشترین رۆژگارە، لایەنێك بڕیاری داوە هەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆیی. خراپترین رۆژگارە، لایەنێك بڕیاری داوە بگەڕێتەوە ژێر چەتری سایكس پیكۆ و ژێردەستەیی. باشترین سەردەمە، گەلی كوردستان قسەی خۆیان بۆ یەكتری دەكەن، خراپترین سەردەمە، كەس گوێ لەوەی تر ناگرێت! بارودۆخی ناوچەكە و گۆرانكارییەكان لە بەرژوەندی ئێمەدایە و پێوستە گەلی كوردستان تەبا و یەكڕیز بن و پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگ بدەن، ڕاستە كەموكوڕی و زیادەڕۆیی هەیە، ئەوە دەكرێ چارەسەر بكرێت و یەكبوونی كوردان زۆر گرنگە، داوا دەكەم كە گەلی كورد و پێكهاتەكان هەموو دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە سەربەخۆبوون خەونی هەر تاكێكی كوردە.
Top