پەروەردە لە دوای قۆناخی گشتپرسی و سەربەخۆیدا پەروەردەکاران مرۆڤ بینات دەنێن

پەروەردە لە دوای قۆناخی گشتپرسی و سەربەخۆیدا پەروەردەکاران مرۆڤ بینات دەنێن
سیناتۆری دیموکراتی ئەمریکی جیمس فولبرایت دەلێ" ئەگەر مەبەست لە فێرکردن تەنھا بریتی بێت لە تۆمارکردنی نمرەی باش لە تاقیکردنەوەکان، ئەوا ئێمە نابیناین لە ھۆکاری ڕاستە قینەی فێرکردن واتە ھۆکاری ڕاستەقینەی فێرکردن نابینین".
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان کە لە ٢٥-٩-٢٠١٧ گشتپرسی ئەنجام دەدەین بۆ ڕزگاربوون لە ژێر دەستەیی و بەرەوو سەربەخۆیی کوردستان ھەنگاو دەنێین لە داھاتوودا کوردستان وەکو دەوڵەتی فیدراڵی کوردستان دەناسێنرێ و لە پێش ھەموو شتێک کاری وورد ھەنگاوی ژیرانە و بڕیاری بوێرانە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بنرێت و کۆی جومگەکانی پەروەردە بە تایبەتی لە (بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاران و شارەزاییان و بەرێوەبەری پەروەردەکان و بەرێوەبەرانی گشتی و ڕاوێژکاران و وەزیری پەروەردە) بە کەسانی پەروەردەیی و خاوەن ئەزموون و دڵسۆز بۆ پیشەکانیان بسپێردرێت ، کەسانێک کەوا پەروەردەیی بن و خۆشەویستی و دڵسۆزییان بۆ قوتابی و قوتابخانە و پەروەردە ھەبێت خۆیان بە بەرپرسیار و خاوەنی پرۆسەکە بزانن و لە بەرپرسیاریەتی ڕانەکەن و دەرئەنجامەکانی پەروەردە لە ئەستۆ بگرن و ئەو کەسانەی کەوا جومگە ھەستیارانەی پەروەردە پڕ دەکەنەوە و کەسانی بۆ دەستنیشان دەکەن با لە کەسانێک بێت کە لە پەروەردە گەیشتوون بۆ پەروەردە کەسەکان دەستنیشان بکەن و پەروەردە پێویستی بە چ جۆرە کەسێکە نەوەک خۆیان پێویستیان بەو جۆرە کەسانە بێت و ئەوکات پەروەردە سەخت و دژوارتر دەبێت ھیچ بەرھەمی پەروەردەیی لێ بەدەست نایەت ، بۆیە دەگێرنەوە دەلێن " دووماسیگر ھەبوون لە سەر ڕووبار دەیانویست ماسی ڕاوبکەن ، یەکیان سەبەتەکەی پڕ لە ماسی کردبوو ھەر جارێک قولابی دەخستە ناو ئاو ماسی دەگرت کەچی ئەوەی تەنیشتی تاکو نیوەڕۆ ھیچ ماسی نەگرتبوو و کابرای تر شوێنی خۆی لەگەڵی گۆڕیوە نەوەک شوێنی ئەو ماسی نەبێت ئیتر کابرای تر تا ئێوارە چەند سەبەتەی تری پڕ ماسی کرد ئەوەی تریش ھیچ ماسی نەگرت ، کابرای ماسی زۆر ڕاو کردبوو لێ پرسی تۆ چی بە قولابی ماسی گرەکە دەنوسێنی کابرا وەڵامی دایەوە گوتی من حەزم لە فراولە یە بۆیە فراولەی بە قولابەکە دەکەم کابرا گوتی برام نابێ خۆت حەزت لە چی بێت ئەو شتە بە قولابەوە بکەی دەبێ بزانی ماسی حەزی لە چی دەبێت ئەو شتە بە قولابەوە بکەی ماسی حەزی لە کرمە منیش ھەموو جار کرم بە قولابەکەمەوە دەکەم بۆیە ھەموو ئەو ماسیەم گرتووە".
بۆیە گرنگە لە داھاتوودا بۆ ئەوەی پەروەردە ھەنگاوەکانی خۆی بپێکێ و پەروەردەیەکی سەرکەوتووبێت دەبێ بزانین و جێ بەجێ بکەین پەروەردە پێویستی بە چ جۆرە کەسانێکە لە سەرجەم کەناڵەکان ئەو جۆرە کەسانە بەرپرسیاریەتیان پێ بسپێردرێت لە (بەرێوەبەری قوتابخانە تا وەزیری پەروەردە) لەو کەسانە بێت کە پەروەردە پێویستی بە دڵسۆزی و توانایی ئەوان بێت تەباشیرییان بەکارھێنا بێت و بزانن قوتابی و قوتابخانە و بەشە وانەکان چین نەک خۆمان کامەی پێمان باش بێت لە سەر پەروەردە بیسەپێنین چونکە نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە پەروەردە ھەستیارترین پرۆسەی زیندووی ژیانی پاشەڕۆژ و چارەنووسی میللەتانە .
دوای گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان پەروەردە چیتر نەبێتە جێگای پڕکردنەوە و دڵ ڕازی کردنی خەڵکانێک ، چۆن نیشان شکێن دەبێ نیشان شکێن بێت ئەوانەی لە پەروەردەش کار دەکەن دەبێ پەروەردەیی بن، چونکە گەشەسەندن و پێشکەوتنی ھەر میللەت و وولاتێک لە پەروەردە دەست پێ دەکات و گرنگیدان بە پەروەردە واتە بە ژێرخانی کۆمەڵگا و میللەت و ووڵات کە سەرەتای گەشەسەندن و پێشکەوتنی ووڵات دەبێت لە ھەموو بوارەکانی تر، ئەو کاتەی سەنگافورە سەربەخۆیی ڕاگەیاند و (لی کوان) بوو بە سەرۆک وەزیران یەکەم شت کاری لەسەر کرد لە پەروەردە و فێرکردن بوو کە فێرکردنی گۆڕی بە سیستەمێکی گشتگیر لەلایەن حکومەتەوە ھەموو پاڵپشتیەکی دارایی خوێندن کرا ھەر ئەوەش ئەو ھۆکارانە بوون کە سەنگافورە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بھێنێت لە بیناتنانی دام و دەزگاکانی گشتی ووڵات کە لە پەروەردە و فێرکردن دەستیان پێ کرد بە پشت بەستن بە کەسانی دڵسۆز و بەھرەمەند و بەتوانا و خاوەن پێگەی پەروەردەیی و ھەنگاوی بوێر ئەوە بوو (لی کوان) گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پرۆسەی پەروەردە کرد و بەدەستنیشان کردنی چەندەھا کەسایەتی بەتوانا و دڵسۆز لە سەنگافورە لە بواری پەروەردە وەکو تیمێک کارییان کرد لە حکومەت و بەوەش توانی تیمێکی بەتوانا و دڵسۆز و سەرکەوتووی لە نێو دەستدا بێت بە پلەی یەکەم بۆ درووست کردن و جێ بەجێ کردنی بڕیاری بوێرانە لە بەرژەوەندی پەروەردە و ووڵات کە ئەو سەنگافورە توانی لە ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) یەکەمی ووڵاتانی جیھان بێت لە کوالیتی خوێندن و جێگای شانازی بێت لەوەی خاوەنی یەکێکە لە سیستەمە بەھێزەکانی جیھان لە پەروەردە و فێرکردن.
سەنگافورە نموونەیەکی جوانی جیھانی پەروەردەییە پێمان دەلێن پەروەردە کاران مرۆڤ بنیات دەنێن، بەڵام ئەوانی تر کە لە پەروەردە کاردەکەن و پەروەردەیی نین ، جگە لەوەی پەروەردە وێران دەکەن کەچی ئامانجیان ئەوەیە خۆیان و گروپەکەی خۆیان بنیات بنێن بەڵام بنیاتنانی کاتی.
لە ووتارەکانی ترم پەنا بەخوا لە سەر کۆی کاراکتەرەکان و بنەماکانی تری پەروەردەیی کە لە دوای گشتپرسی چۆن بن شیی دەکەینەوە.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top