پەیامی ئەو میللەتەی بەپێوە وەستاوە

پەیامی ئەو میللەتەی بەپێوە وەستاوە
لە هەڵمەتی بانگەشەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دیمەنی كەرنەڤاڵی پشتیوانیی خەڵكی كوردستان لە سەربەخۆیی (لە كوردستان و ئەوروپا و ئەمەریكا)، پەیامێكی گرنگە بە چوار ئاراستەدا، بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ئیقلیمی و عێراق و ناوخۆی كوردستان.
بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێ، پشت لە پرەنسیپ و یاساكانتان دەربارەی پشتیوانیكردنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان مەكەن، ئەوە گەلی كوردستان نییە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری، بەڵكو سیاسەتی بانێكە و دووهەوای ئێوەیە، توندڕەو و شۆفێنییەكانی عێراق و دەوروبەری هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی، رێگە لە كورد و پێكهاتەكانی كوردستان بگرن و لێنەگەڕێن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەوە سیاسەتی حیساب نەكردن بۆ كوردە ناسەقامگیری بەرهەم دێنێ.
بە دەوڵەتانی ئیقلیمی دەڵێ، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 26 ساڵی رابردوودا سەلماندویەتی مایەی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا، ئێوە لەو سەقامگیرییەدا بە ملیاران دۆلار سوودتان لە كوردستان بینیوە، بانگەشە بۆ ئەوە مەكەن ریفڕاندۆم دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ، ئەوە ئەجنداكانی ئێوەن عێراق لە حاڵەتی شەڕ و پێكدادانی نێوان پێكهاتەكان دەهێڵێتەوە.
بە عێراق دەڵێ، تا لە بەغدا ئەو جۆرە عەقڵییەتە حوكمڕان بێت، حاڵتان هەر وا دەبێت، بەغدا سوود لە ئەزموونی رابردووی لەگەڵ كوردستان وەرناگرێت، ئاخر لە عێراقی بەناو نوێدا، بەغدا پشتی لە سیاسەتی سازان و پێكەوەژیان كرد، ئەگەر كورد بە هاوبەش لە عێراق نازانن، لێگەڕێن با لەسەر خاكی خۆمان سەربەخۆ بین و ببینە دوو دراوسێی باش.
بە ناوخۆی كوردستانیش دەڵێ، خەڵك باز بەسەر حزبایەتی تەسكبیندا دەدات، ئەگەر حزبەكان چارەنووسی كوردستان دەخەنە خزمەت بەرژەوەندیی خۆیان، ئەوا خەڵك ئەو هێڵە سوورانە تۆخ دەكاتەوە كە حزبایەتی كاڵی كردنەوە و بەرەو نەمانی بردن، سیاسەتی قووتبڕین و گوشارهێنان لە لایەن بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەریەوە، خەڵكی كوردستان لە سەر داوا رەواكەیان كە سەربەخۆییە سوورتر دەكات، هەر حزبێك چارەنووسی نیشتمان و سەربەخۆیی نەكاتە هێڵی سوور، لە پێناو دەسكەوتی حزبی مەرج بۆ هێنانەدیی ئامانجە گەورەكەی خەڵكی كوردستان دابنێت، لە كاروان بەجێ دەمێنێت.
میللەتی كوردستان هەستاوەتە سەر پێ، دەنگی بەرزی خەڵك بۆ سەربەخۆیی و هەڵوێستی جەسورانەی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی، چاوی جیهانی خستۆتە سەر كوردستان، پۆل پۆل شاندی دەوڵەتان دێنە هەولێر و باس لە بەدیل دەكەن و داوادەكەن ریفڕاندۆم دوابخرێت، بەڵام پێیان دەگوترێت هێشتا بەدیلی ریفڕاندۆم لە ئاستی داوای خەڵكدا نییە، ئاخر میللەت بە پێوە بوەستێ و پڕ بە گەرووی هاوار بكات سەربەخۆییم دەوێت، گوێی لە نوزەی دەنگی ئەملا و ئەولا نابێت، چونكە داواكەی رەوایە و ئامرازی داواكردنەكەشی رەواتر.
Top