بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆی بناسن

بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆی بناسن
نەوشیروان مستەفا بە سیاسەتی ئەوەی لەگەڵم بێ گەندەڵ نییە و ئەوەی لەگەڵم نەبێ گەندەڵ و شتی تریشە بزووتنەوەی گۆڕانی هێنایە ناو کایە سیاسەکان, بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە هەموو ئەو کۆنە سەرکردانەی لەگەڵی رۆیشتن و یەکێتیان بەجێهێشت، بە قودرەتی قادر بوونە گۆڕانخواز و شوختی گەندەڵیان پێوە نەما، ئەو کۆنە هاوڕیانەشی کە لەگەڵی نەچوونە ناو گۆڕان و لەناو یەکێتی مانەوە، بەلایەوە گەندەڵ و شتی تریش بوون.
دوای ئەوەی بزووتنەوە گۆڕانی خستە سەرپێ، بۆ ئەوانەی بەهەر هۆکارێک لە بزووتنەوەکە دوور دەکەونەوە پەرژینی تەخوین و بە جاسووس کردنی بە دەوریدا کێشا، بۆ بوونی ئەو راستییەش هەر کەسێک لە بزووتنەوەکە دوور کەوتبێتەوە پەلامار دراوە و چەندین تۆمەتی ناڕەوای بۆ هەڵبەستراوە، ئەوەش جارێکیتر ئەو راستییە دەردەخات کە نەوشیروان مستەفا بۆ هێشتنەوەی بزووتنەوەى گۆڕان و درێژەدان بە رشتنی کۆنەقینی خۆی، فریشتە و دێوەزمەی کردە خاڵی جیا کردنەوەى نێوان لایەنگرانی خۆی و رکابەرەکانی، بەوەش هەم ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەم پێکەوەژیانی ساسی و تەنانەت ئامانجە نەتەوەییەکانیشی خستنە ناو بەرداشی ململانێی حزبی.
نەوشیروان مستەفا بەوەشەوە نەوەستا و سیاسەتی تەخوین و بە پاشکۆ کردنی فراوان کرد و گواستیەوە ناو حزب و لایەنە کوردستانیەکانیش، لە هەر پرسێکدا و هەر لایەنێک لەگەڵی هاوڕا بووبێ، بەلای شوێنکەوتوانی نەوشیروان مستەفاوە لە بەرەی گەلدا بووە و بە پێچەوانەشەوە چۆتە بەرەی دوژمنانەوە، نموونە:ـ
کاتێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵی هاوڕابوو حزبی چاک و لە بەرەی گەلدا بوو، کاتێکیش لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا پێنج ئەندامی پەرلەمانیان نەچوونە هۆڵی پەرلەمانەوە، گۆڕانەکان وایان بانگەشە دەکرد کە ئەو پێنج ئەندامەی یەکگرتوو لە بەرەی گەل دەرچوون و پێنجەکەی تر کە چوونە هۆڵی پەرلەمان هەر لە بەرەی گەلدا مانەوە، بە واتایەکی تر یەکگرتووی ئیسلامی نیوەی لە بەرەی گەلدا مایەوە و نیوەکەی تریشی چوونە بەرەی دژە گەل.
نموونەیەکی تر:ـ دوای ئەوەی یەکگرتوو ئسلامی وەک حزبێکی جیاواز لە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر رووداوەکان رای تایبەتی هەبوو، لە کاتی بەخاک سپاردنی نەوشیروانی رێکخەریان، گۆڕانخوازان و هەڵسووڕاوانیان هایهویان بۆ مامۆستا سەلاحەدین دەکێشا، عەلی باپریش کە وەک ئەوانی بیر دەکردەوە بە پیاوی مەردیان ناو دەرد، خۆ ئەگەر مامۆستا سەلاحەدین وەک ئەوانی بیر کردبایەوە و عەلی باپیر رای جیاوازی هەبووایە، ئەواعەلی باپیر هایهووی بۆ دەکێشرا و مامۆستا سەلاحەدینیش دەبوو بە پیاوی مەرد.
Top