جینۆسایدی بۆرما و ڕیفراندۆمی کوردستانیان بۆ دەوڵەتبوون( خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ مێژوو)

جینۆسایدی بۆرما و ڕیفراندۆمی کوردستانیان بۆ دەوڵەتبوون( خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ مێژوو)
ئەو گۆتارە واتای ئەوە ناگەینێ کە ئێمە دژی مۆسڵمانانی بۆرماین، بەڵکۆ بەپێچەوانەوە و بەر لە مۆسڵمانبوونیان ئێمە ئەو پەڕی ھاوخەمی کوردستانیان بۆیان دەردەبڕین، و وەک مرۆڤ خۆمان بە پەرۆش و شەپرزە دەبینین کە گۆێبیستی زۆرداریلێکردنیان دەبین، چونکە وەک شاعیری گەورەی ئاریایی، فیردەوسی، دەڵێتن:
بەنی ئادەم ئەندامن ژ یەک پەیکەری/ ل ئافراندنێ ھاتینە ژ ئێک گەوھەری
دەمێ ئێک ژێ ھاتە ئێشاندن/ ھەمی جە ب ئێشن ب جارەکێ
تو یێ ژ خەلکێ بێ خەمی/ نە ژ ھەژیی ناڤێ تە بیت ئادەمی
ئێمە ئازاری ئەوان بە ئازاری خۆمان و گشت مرۆڤایەتی دەزانین. ناشمانەوێ بڵێن کاتی خۆی ئەوان لە جینۆسایدی ئێمە بێدەنگ بوون، چونکە ھەم نامانەوێ وەک ئەوان بین و ھەم ناشمانەوێ خۆمانیان لەگەڵدا بەراورد بکەین.
کاتێک کە لە دەرەوەی کوردستان قوتابی دکتۆرا بووم تێکەڵاوی زۆر قوتابی ئەو وڵاتانە، واتە ئاسیای دوور بووم. بە ھەموو ئایین نەتەوەکانیەوە، و تەنانەت مۆسڵمانانیشی، لە ژێر زەبری ھەژاری و نەداری و برسێیەتی، لەو پەڕی ڕەشبینییەوە، بدەست کێشەی دەروونی خوانەناسییەوە دەناڵێنن، و تەنانەت مۆسڵمانبوونی ھەندێکیان تەنھا میدالیا یان باشتر بڵێن نازناوێکە ھەیانە، و زۆر کەسیان ھەر ھەستیشی پێناکاتن، جا چ جای ئەوەی جێبەجێی بکاتن. بەھۆی زۆری و بۆری و زیادبوونی ھەژماری مرۆڤەکان و دانیشتوانی، و بە پیت و بەرەکەت نەبوونی وڵاتانیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، برسێتی و نەبوونی خۆراک و پێداویستی ئاو و نان تەنگی پێھەڵچنیون، و وەک بادینی گۆتەنی " زکەکی تێرن و بیست و پازدا برسی "! جا بۆیە نابێ ئێمە لە کارەساتەکانی وەک ئەنفال و .... ھتد، چاوەڕوانی ئەوان بوونایە تا لەسەرمان بە جەواب بێن، چونکە ئەوان لە برسان ناوی باوکیشیان لە بیرچۆتەوە. تەنانەت وەک ئەوەی کە زانراوە ھژماری کەسان بوون و مردووان لەوێ ئەوەندە زۆرە بە ھزاران کەس بێی ئەوەی کە ناویان لە ھیچ سەنتەرێکی حکومی و وەک ھاونیشتمانی تۆمار بکرێن و ببن بە خاوەن ڕەگەزنامە و ( نفوووس و جنسیە ) و دۆکیۆمێنتەکانی تری ھاووڵاتیبوون، لەدایک دەبن و دەمرن بێی ئەوەی کەس پێیان بزانێ و تەنانەت ھەن ناویشیان لێ نانرێتن، و پاش مردنیان، وەک زبالە فڕێ دەدرێنە بەردەم دەرگای ماڵەکانیان، و شاردارییەکان (بلدیە) بە تراکتۆرەکانیانەوە بەیانیان، وەک چۆن لە وڵاتەکەمان بەیانیان زبَلمان ھەڵدەگرن و فڕێ دەدەن، ئەو تەرم و جەستە مردووانە کۆدەکەنەوە و بە تراکتۆر دەیبەن و لە شوێنێک چاڵێکیان بۆ ھەڵدەقەنن و ژێر خاکیان دەکەن، و بێی ئەوەی کە ھیچ بۆنە و مناسبەتێکیان بۆ بگێڕنەوە یان کەس بزانێ کێ و کەی و چۆن و بەچی مرد. ئەوە ژیانی ئەوانە چۆن دەبێ چاومان لەوە بێ بێن و بۆ ئێمە بگرین.
کارەساتە دڵتەزێنەکانی ڕابردوو و ئێستای ئەو وەڵاتە کاردانەوەیەکی ئەو برس و نەھامەتی و نەداریەیە، بە داخەوە خۆی لە ململانێیەک ڕەنگ دەداتەوە کە مۆرکێکی ئایینی بەخۆیەوە گرتوویەتی، و تەنانەت زۆر کەسی ئێمەش ھەر وا تێگەیشتووە.
دیارە گەندەڵی و نادادپەروەری دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتانەش دەستیان لە نێو دەستی ھەژاری ناوە، و تراژێدیای مەرگباری ئەو وڵاتانەی بەدوادا ھێناوە، کە دواینیان قۆربانیەکانی ئەو چەند ماوەیە بوون.
کەچی ھەندێ کەس و لایەن لە کوردستان بە گۆتار و ئاخاوتن لە جیاتی ئەوەی کە ئۆبالی زۆرێک لەو کارەساتانە بخەنە ئەستۆی وڵاتانی دەوڵەمەندی جیھان و بە تایبەت مۆسڵمانەکانی و لەوانیش وڵاتانی وەک سعۆدیەی بێشکە و گەنجینەی تیرۆریزمی وەھابیەت، و ئێران و ... ھتد، کوردستانیان تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانیکردن لە دەستھەڵاتدارانی وڵاتانی ئایین بووزی.
ئەو کەسانەی کە ئەوە بیروباوەریانە کە کەسانێک ھەن لە کوردستان پشتیوانی لە بووزیەکان یان وڵات و دەستھەڵاتیان دەکەن، ئەو پەڕی بێ ئاگایی دەنوێنن، چونکە بەرگریکردن لە خراپە و بەھا نەشرینەکانی تیرۆر و جینۆساید، لە لایەن ھەر کەس و وڵات و ئایینێکەوە و دژی ھەر کەس بکرێتن، خۆی گەورەترین خراپە و بەھایەکی نەشرینە و ھیچ ویژدانێکی زیندوو پەسەندی ناکاتن. تەنانەت و بە تایبەت کورد، کە نەک ڕێز لە ھەموو کەسان، بەڵکۆ، بە گەواھی مێژوویە پرشنگدارەکەی، ڕێز لە دوژمن و بکۆژی خۆشی گرتووە، و لە ھەمووشیان دڕندەتر ھەندێ لە ھەلپەرەست و تووندڕۆ و تیرۆریستی عەرەبی شۆڤینی و دیکتاتۆرەکانیان لەو وڵاتە ئێکسپایێربووە دان.
ئەوەی کە ئێمە مانان مەبەستمانە ئاماژەی پێبدەین و داکۆکی لێوە بکەین، پاراستنی نەتەوەیەکە کە خۆی قۆربانیی دەستی زۆردارییە، و زۆر کەس بەر لە ئێستا و بەداخەوە و بەناوی ئایینەوە و بۆ سەدان و ھزاران ساڵ دەبێ و دەچێ بە باپیرانمانی کردیان، و بە ناوی جیاواز و ئایینیەوە و لەسەردەمانی ئەیوبییەکان و خەلیفەکانی ئۆسمانی، بۆ پاراستنی تاج و تەختی ئەو خەلیفە و ئەمیر و مەلک شاھە خۆپەرێستانەی بەناو مۆسڵمان و لە ڕاستیدا خۆانەترسانە، و پڕکردنی کۆشک و تەلارەکانیان لە زێڕ و زیو و ژن و ئافرەتی جوان و جارییەی ھەمە جۆر، بە کۆشت دەدران.
دەبێ بگۆترێتن ئەمرۆ گەورەترین جیھادی پیرۆز جیھادی ( نەفسە)، و جیھادی پاراستنی نیشتمیانەکەمانە، کە ئایین بە شانازییەوە داکۆکی لێوە دەکات، ھەموویان دەزانن کە لەبن دەستی چەندین نەتەوەی داگیرکەر دا ھزاران جۆری کارەساتی بینیوە. بۆچی ئەو کەسانە لە کاتی ھاتنی داعشیان ھیچ ڤزەیان بە لێو دا نەھات، لە کاتێکدا کە نزیکەی ٢ ھزار پێشمەرگە شەھید و زیاتر لە دەە ھزاریش بریندار بوون و جگە لە ھزارانی تری نەپێشمەرگە؟ ئەی ئەوانە مرۆڤ نەبوون و برای مۆسڵمانتان نەبوون؟ کامیان کافر بوو؟ دەبێ بۆچی ئێمە کافر بین و بۆ داعشیان حەلال بێ ھەموو نەشرینییەکمان پێ بکەن، بەڵام بۆرماییەک برای مۆسڵمان بێ، کە خۆی لە برسان، ئاگای لە مۆسڵمانبوونی خۆی نیە؟!؟!
ئەو کەسانە با لە جیاتی ئەوەی بۆ کوردستانیان باس لە گرفتەکانی ئەوان بکەن، و لە بڕی پەلکێشکردنیان بۆ دژایەتی بووزییەکان یان ھەر کەسێکی تر، و بۆ چوونی گەنجانی مۆسڵمان لە کوردستان بۆ بۆرما، ئەوان ھانبدەن بچنە ئەوێ، با گۆتاری نیشتمانی بدەن تاوەکو ئەو خوێنگەرمییە بخرێـە خزمەتی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمێک و دروستبوونی دەوڵەتێک کە ئێمە تیایدا بپارێزێین، کە س لە ئێمە مۆستەحەقتری ئەوە نیە، و ھیچ نەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان، و بە پێچەوانەی ھەموو وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیھانی ئیسلامی، یارمەتی مادی و خۆراکی ئەو جۆرە وڵاتانە بدەین، وەک چۆن لەگەڵ ئاوارەکانی سۆننەی عێراق و ناوچە کردمان، لە کاتێکدا ھەمیشە و ئێستا و ئاییندەش ئەوان ھەر بە چاوی کافر تەماشەی ئێمەیان دەکرد و کردوویانە و دەکەن. بەڵام کوردستانیان زۆر دڵیان زۆر لەوە گەورەترە تۆڵەستێن بن. ئەوان بە یارمەتیدانی زۆر کەس ڕێگە لە زۆر کارەساتیان گرت و دەیانتوانی بە دەوڵەتبوونی خۆیان نەھێڵن کارەساتی بۆرماش ڕوو بداتن، بەڵام ئەو کەسانە، لە لایەکەوە دەیانەوێ نەھێڵن دەوڵەتی کوردستان پەیدا ببێ و ئەو کارەشیان ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو تاوانانە نیە کە ئەوان گلەیی لێوە دەکەن و بوززییەکان دژ بە مۆسڵمانان دەکەن.
ئەو کەسانە پێش ھەر شتێک دەبوایە ڕوویان بکەنە ( مەلیک ) و شازادە و دەوڵەمەندان و بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران و پاکستان و ... ھتد، کە لە سایەی مۆسڵمانانی جیھان و سروشتی ولاتانیان لە لیستەی دەوڵەندترین مرۆڤەکانی جیھانن، کەچی لە بڕی ناردنی پارە بۆ وڵاتانی برسی وەک بۆرما، و بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی ھاوشێوە کە بە ھۆی برسەوە پەیدا دەبن و ھیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نیە، یان پارە و پۆڵی خۆیان بۆ ڕابواردن لە کڕینی ڤیلا و خانوو لە ڕۆژئاوایەکان خەرج دەکەن، یانیش وەک تەگە لە نێو ژنانی لەشفرۆشی کابارێتەکان( ملاھی) وڵاتانی ئەورۆپی تەڕاتێن دەکەن، و یان بۆ کڕینی چەک و تۆپ و فڕۆکە بۆ یەکتر قڕکردن یان جینۆسایدی ئێمەمانان بەکاری دێنن، و یان بۆ دروستکردن چەکی ئەتۆمی دژی جوولەکەیەک، کە دوای پێنج ھزار ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری ھاتووە تا جارێکیتر لەو وڵاتەی کە یادگاری مووسا و ھاروون(س) و ڕاپەڕینە مەزنەکەیان لە دژی فیرعەونە، ئۆقرەیی بگرن، ئەو پارەیە لە زکی ھاونیشتمانانیان دەگرن و دەخنە گیرفانی بازرگانانی چەک یان بازرگانانی زانست و نەیرانی ئەنیشتاین، و یان دژی ھیندستان و ... ھتد، بەکار بێنن، و یان پشتگیری لە باندەکانی تیرۆریستی لە جیھان بە مەلیارھا دۆلار دڕژن، و ھەموو ئەوانەش بەرھەمی ئەو دەمارگیرییەیە، کە عەلی وەردی(١٩١٣-١٩٩٥) فەیلەسۆفی گەورە بە وشەی " عێبیەتی بدوی" ناوی دەباتن.
با ئەو کەسانە پشتڕاست بن لەوەی کە ئیتر ئەو ڕۆژانە بەسەر چووە کە کۆڕی کورد بە بانگەشەی ئەوان، وەک چۆن باپیرانیان بۆ کۆشتنی شێعەکانی فاتمی و ئەمازیقیەکان لە باکووری ئەفریقیا یان مەسیحیەکان و جوولەکە لە شام و ئیسرائیل و لۆبنان لە لایەن سەلاحەدینەوە بەکۆشت دەدران، یان توورک و ئۆسمانیەکان ئەوانی بۆ داگیرکردنی خاکی برا ئەرمەنیە مەسیحی و ئەورۆپا، بە ھزار ھزار بەکۆشت دەدان، و وەک چۆن بە ھەمان شێوە و بەناوی ئایین و پاراستنی مۆسڵمانان ھزاران گەنج و لاوی کورد پەلکێشی ئەفغانستان و چیچان و ... ھتد، لەخۆڕا کوژران و خوێنیان بەفێرۆ چوو، و ئەوەشی کە گەڕایەوە سەدان نموونەی وەک مەلا شوانی کوردی تیرۆریستی دۆزەخی لێ پەیدا بوو، ناتوانن ئێمەی نەسلەکانی سەردەم بگەوجێنن و ببەن بۆ بۆرماییەکی ڕەش و ڕووت بەکۆشت بدەن.
کوردستانیان ئەورۆ لە جیاتی جەنگ بۆ خەڵک و نەتەوەکانی تر دەبێ بە ھەر دوو دەست کڵاوی خۆیان بگرن تا با نەیباتن و کارەساتەکانی سەدان ساڵی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە. ئێمە ھاوکات لەگەڵ ھاوخەمی بۆ ھەر نەتەوەیەکی ژێر دەست ھەمان ئاراستەی ھزریمان بۆ ھەر نەتەوەیەک ھەیە کە بە ھەر ناوونیشانێکی ئایینی یان ... ھتد، ببێتە پۆچی قۆربانیی کەس و لایەن و نەتەوەیەک. ئاستی گەشەی ھزری و ڕۆشنبیری سیاسی و نەتەوەیی کوردستانیان وەک جاران نەماوە، و چیتر بە گەوجاندن ھەڵناخەڵەتێنرێتن، و تاکی کورد ئەمڕۆ شانازی بە خۆڕاگری خۆی و قارمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگەکەی و سەرکردەکانی و سەرۆکەکەی دەکاتن، کە توانیویەتی سەرەڕای ھەموو دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوە قۆناغی سەخت و ناخۆشەکان بەرەو ڕۆژانی گەش و ڕووناک تێپەڕێنیتن. سەردەمی گەوجاندنی نەتەوەکانی کوردستان زۆر دەمێکە بەسەرچووە، بەڵام ھەن کەسانێک ھێشتان خەیاڵپاڵاوی بەری نەداون و ھەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام ئەوان تەنھا " خەونی حۆشتر " دەبینن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top