٢٥/٩ میللەتی کورد بریار لە سەر دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان دەدات ..

٢٥/٩ میللەتی کورد بریار لە سەر دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان دەدات  ..
گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بارودۆخێکی گونجاو و لە باری ھێنایە ئاراوە تا سەرکردایەتی سیاسی کورد و شەخسی سەرۆک مسعود بارزانی ، ھەستیارانە و ھوشیارانە بیر لە سەر بریاردان لە سەر مافی چارەی خۆنووسین بکاتەوە و کورد لە ژێر دەستی و داگیرکاری و بێ دەوڵەتی رزگار بکات . بۆیە ھەر دوای ٢٠١٤ و شەرٍی داعش و سەرکەوتنی پێشمەرگە ودیارکردنی سنووری باشووری کوردستان ، راستەوخۆ بە ئەمەریکاو ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکەی راگەیاند کە چیتر نایھەوێت کورد لە چوار چێوەی وڵاتێکی دروستکراویی نادیموکراسی وەک عێراق بمێنێتەوە و بۆیە دوای گەرٍانەوەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە گشت ھێز ولایەنە سیاسەکان و پەرلەمان کرد تا بە زووترین کات ئەنجامدانی ریفراندۆم دیار بکرێت ،بەڵام بەداخەوە ھەندێک لە لایەنی وەک " گۆرٍان وکۆمەڵ" بە پاڵپشتی وڵاتانی ئیقلیمی کێشە وبەربەستیان دروستکرد . لەو کاتەوە تا ئەمرۆ کات ھەروەھا بە ناوی کێشە و شتی دروستکراو دەیانھەوێت ئەو دەرفەتە لە بار ببرێت . ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کە بڕیارە ٢٥ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بەروارێکی گرنگە بۆ داھاتووی کورد، بەتایبەت ئێستا وڵاتانی زلھێز لەسەروبەندی کێشانی نەخشەیەکی تازەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، بۆ ئەمەشیان ئەگەر کورد لەئێستاوە بە دنیا نەڵێن من بوونم ھەیە و ئیدی دەمەوێت وڵاتم ھەبێت، ئەوان دەستت ناگرن و بڵێن فەرمو ئەوە دەوڵەتەکەتە.ئەوانەیشی پێیانوایە ئێستا کاتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە، نەیانویستوە خۆیان ماندوو بکەن و بەدواداچوون بکەن تا بزانن ئێستا لەبارترین کاتە بۆ ریفراندۆم، ئەگەر لەدەست خۆمانی بدەین دەبێت ١٠٠ ساڵی تر چاوەڕێ بین تا ھەلێکی تری وەکو ئێستامان بۆ دێتە پێشەوە.

ھەر کەس و لایەنێک پڕوپاگەندە دژی سەربەخۆیی بکات و ھەوڵبدات خەڵک لە ئەنجامدانی ریفراندۆم سارد بکاتەوە، ئەوا دەکەوێتە دەرەوەی حزبایەتی و بیروبۆچوونی جیاواز و دەکەوێتە چوارچێوەی ناپاکییەوە، بۆیە ئەم دۆخە ئەوەمان لێدەخوازێت کە یەکڕیز و یەکھەڵوێست بین کە مەرجی سەرەکی سەرکەوتنمان و ھێنانەدی ئاواتی شەھیدەکانمانە، بەپێچەوانەی ئەمەشەوە ئەوە ناپاکییە لە گەل و نیشتمان. بەدرێژایی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دیاردەی نۆکەرایەتی و جاشایەتی بۆ داگیرکەران بوونی ھەبووە، بۆیە راشکاوانە دەڵێم و لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولیش دەیبینین کە دەنگی بەڵێی گەرمیان و ھەڵەبجە و سلێمانی و پشدەر بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە ھەولێر و دھۆکیشەوە زیاتر نەبێت، کەمتر نابێت، لەبەر ئەوەی ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە ھیچ حزبێکەوە. ئێمەش وەک نەتەوەیەک مافی خۆمانە دوای زیاتر لە ١٠٠ساڵ خەبات و تێکۆشان رۆژی سەربەخۆیمان ھەبێت و ئەم رۆژە بکەینە رۆژی بەدیھێنانی ئامانجی خوێنی شەھیدەکانمان، لەم روانگەیەوە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە کە ریفراندۆم پەیوەندی بەھیچ حزبێکی سیاسییەوە نییە و ئەو کەسەی دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی نادات، ئەوا ناپاکییەکی گەورە دەرھەق بە خوێنی شەھیدان و سەدان ھەزار قوربانیی ئەنفال و چەکی ژەھراوی کیمیایی دەکات، ئەو جا ئەوکەسە ھەر کەسێک بێت و بەھەر بڕوبیانوویەکەیش دەنگ بە بە بەڵی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدات.

ھەر لایەنێک بڵی نەخێر بۆ ریفراندۆم تەنیا شوێنی باوەشی "بەغدا و تارانە"رژێمە یەک لە دوای یەکەکان ھیچ حیسابێکیان بۆ کورد وەک ھاوڵاتیی نەکرد و بە سوننەو شیعەوە کورد بە میللەتێکی دوا کەوتوو و جنۆکە و شتی سەیروسەرمەرە تا بە ئەمرٍۆ لە ناو دەبەن ، بۆیە رژێمێک ھیچ حیسابێک بۆ میللەتێکی رەسەن و خاوەن ماف نەکات ،ئیتر چ مانایەکی ھەیە و چ سوودێک ھەیە تا لەگەڵیدا بمێنێتەوە . بۆ دەبێ ھەمووان لە بەردەم ئەو بەرپرسیاریەتیی مێژووییەدا بین کە ئەوەی دژی مافەرەواکانی کورد رابوەستێت ئەو شوێنی خاکی پیرۆزی کوردستان نییە . بۆ ناکرێت و نابێت ھیچ وڵات و ھیچ حزب و لایەنێک ناتوانێت رێ لە بڕیار و ئیرادە و خواستی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بگرێت کە گەلی کوردوو پێکھاتەکانی تری کوردستان چەندەھا ساڵە خەباتیان بۆ کردووەو و قوربانی زۆریان لە پێناو داوە. ەم پرۆسەیەش پرۆسەیەکی دیموکراسیەو ھەر تاکێک ئازادە لە دەربڕینی ڕای خۆی کە بە گوێرەی دەستوریش ئازادی دەربڕین مافی ھەموو تاکێکە, ئەم بڕیارەش سەرئەنجام کاردانەوەی باشی لێکەوتەوەو زۆرینەی زۆری دڵسۆزان و وەفادارانی خوێنی شەھیدان لە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکانی دڵخۆشکرد. کەچی کەمینەیەکی زۆر زۆر کەمی ناوخۆ لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نیین بەبیانوی پوچی بێبنەما لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتانی دراوسێش دژی ئەم ڕیفراندۆمەن بێگومان ئەمەش شتێکی چاوەروان کراوەو ھیچ وڵاتێکیش سەربەخۆیی پێنابەخشرێت ئەگەر خۆی ھەوڵی بۆ نەدات.ئێستا ئەوەی لەسەر ھەموو تاکێکی کوردستانی گرنگە بزانێت ئەمە دەرفەتێکی زێرینی و مێژووییە بە خوێنی شەھیدان و لێزانی سەرکردایەتی کورد ھاتۆتە بەردەم پرۆسەی سیاسی گەلەکەمان و جارێکی تر ئاوا ھەڵناکەوێت و نابێت لەدەستی بدەین , بۆیە ئەنجامنەدانی دەبێتە ھەڵەیەکی مێژووی و سەرئەنجام گەلی کوردمان چەندین سەدە دەگەرێنێتەوە دواوە تووشی ھەمان نەھامەتیەکانی ڕابردوو وەبگرە خراپتریشی دەکات و ھەرتاکێکیش دەنگ بەبەڵێ نەدات و باوەری بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نەبێت خیانەتکردنە لە خوێنی شەھیدان و لەبیرکردنی ئەنفال و سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ و دەربەدەری گەلەکەیەتی. خاکی کوردستان چیتر شوێنی خائین و کۆیلە و بەکرێگیراوان نابێتەوە و میللەتی کورد بەرەو دەوڵەتی کوردستان ھەنگاو بنێت

Top