كورد یان بەغدا سەرچاوەی ناسەقامگیرییە؟

كورد یان بەغدا سەرچاوەی ناسەقامگیرییە؟
خەریكە هاتوهاواری بەغدا و هەڕەشەی میلیشیا و هەوڵی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان، لای ئەمەریكا و ئەوروپا بە هەند وەردەگیرێت، چونكە لە دوای راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆمەوە لە 7 ی حوزەیرانی 2017 و دیاریكردنی 25/9/2017 وەك رۆژی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی، بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی جیهان لە ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بترسێنن، بۆیە لەگەڵ نزیك بوونەوە لە رۆژی 25 ی ئەیلوول هەوڵی بەغداش چڕتر بۆوە، بەغدا قەت بڕوای بە هاوبەشی لەگەڵ كورد نەبووە و نییە، بۆ ئەوەی جیهان لەوە بترسێنێ كە ریفڕاندۆم دەبێتە مایەی نا ئارامی، پەرلەمانی عێراقی بەو ئاراستەیە جوڵاند و تاكلایەنە لە 13 ی ئەیلوول بێ كورد دەنگی بە بڕیاری دژوەستانەوەی ریفڕاندۆم دا و رۆژی دواتریش بە لابردنی د. نەجمەدیم كەریم پارێزگاری كەركووك.
پرسیار ئەوەیە، ئەو هەموو كارە بێ یاسایی و دژە دەستوورییەی بەغدا و هێشتنەوەی دەسەڵات تەنیا بە دەستی شیعە و فەرامۆش كردنی كورد و پێكهاتەكان، بە سەرچاوەی ناسەقامگیری نابینن و بە پێچەوانەوە ریفڕاندۆم بە سەرچاوەی ناجێگری و تێكچوونی بارودۆخ دەبینن؟ ئاخر هەر ئەو دیدە شێواو و خوار و خێچە خۆی مایەی بەردەوامیدانە بە ئاڵۆزی و زیاتر هەڵایسانی ئاگر، بێدەنگی لە بەرامبەر بە یاسایی كردنی كاری میلیشیایی حەشدی شەعبی و پڕچەككردنی و تەرخانكردنی پارەیەكی زۆر، سەرچاوەی نەهامەتی و بێ ئومێد كردنی نەك هەر كورد، بەڵكو عێراقیشە بەهۆی هێشتنەوەی خەڵك لە دۆخی شەڕێكی بەردەوامدا، هادی عامری بەرپرس لە حەشدی شەعبی رۆژی 14 ی ئەیلوول رایگەیاند ریفڕاندۆم لە كوردستان بكرێت شەڕی ناوخۆ روودەدات، تاقمی دەسەڵاتداری بەغدا، بە هەموو شێوازێك خەریكی دژایەتیكردنی ریفراندۆمن، تەنانەت حوسێنییەكانیشیان كردۆتە ناوەندێك بۆ هاندانی خەڵك دژی كورد.
تەنیا كورد لە ناوچەكەدا شانی دایە بەر بەرگریكردن لە بەهای مرۆڤایەتی، هەرێمی كوردستان باجی هەڵە و نادادپەروەری و فەرامۆشكردنی دەستووری عێراقی دا، بەهۆی پاكتاوكردن و نەهێشتنی هیچ شوناسێك جگە لە مەزهەبی شیعە نەبێت، هەموو پێكهاتەكان روویان لە كوردستان كرد، وێڕای ئەوەی بەغدا بە بەرچاوی جیهان قوتی خەڵكی كوردستانی بڕی، كەچی كوردستان جێی هەموو لێقەوماوان و هەڵاتوانی سیاسەتی بەغدای كردەوە، دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بەرنامە كار بۆ نەهێشتنی رەنگە جیاوازەكان لە عێراق دەكەن، هەموو ئەو رەنگە جیاوازانە لە كوردستان ئاهێكیان هاتەوەبەر.
هەقە ئەمەریكا و ئەوروپاییەكان بەغدا بە جوانی ببینن، ئەوە سیاسەتی مەزهەبگەرایی بەغدایە، بۆتە هۆی هەموو ئەو كوشتارە زۆرە و كاولكارییەی عێراق، خەڵكی كوردستان سوپاسی هاوپەیمانان بەتایبەتیش ئەمەریكا دەكات كە لە شەڕی دژی داعش پشتیوان بوون، چونكە بەغدا وەك تەماشاكەر سەیری ئەو شەڕەی كرد و هاوكار نەبوو، گەلی كوردستان چاوی لەوە بووە، هاوپەیمانان سنوورێك بۆ بەغدا دابنێن، چیدی نەبێتە مایەی دەردەسەری بۆ كوردستان و عێراق، بۆیە كە دێنە كوردستان و داوامان لێدەكەن ریفڕاندۆم دوابخەین زۆر نیگەران دەبین، چونكە بەغدا مایەی نا ئارامییە نەك كورد.
خەڵكی كوردستان 12 ساڵە بەرگەی فەرامۆشكردنی دەستوور لە لایەن بەغداوە دەگرێت، ئەمەریكا زیاتر چۆتە ژێرباری هەڕەشەكانی بەغدا، هەموو جاریش بە چەند بەڵێنێكەوە داوای لە كورد كردووە هاوكار بێت، ساڵی 2014 گوشاریان هێنا پشتیوانی حكوومەتی عەبادی بن، كەچی هێشتا لایەنەكان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی لە كۆبوونەوەدا بوون بۆ بەشداری لە حكوومەتی بەغدا، عەبادی چاوەڕێی كوردی نەكرد و بەرنامەی حكوومەتەكەی دەخوێندەوە، بۆیە نابێ چیدی كورد بخرێتە خزمەت راستكردنەوەی عێراق، چارەسەری ریشەیی تەنیا سەربەخۆیی كوردستانە.
Top