سەربەخۆیی، ئومێد و مەبەستە گەورەکە
September 18, 2017
وتار و بیروڕا
بەھەڵەداچوون ئەوانەی گرەو لەسەر ناکۆکی کوردەکان دەکەن لەسەر سەربەخۆیی، ھیچ کوردێکی شیرحەڵاڵ لەگەڵ سەربەخۆیی ناکۆک نییە، بەڵکو ئەوە حیزبە سیاسییەکانن ناکۆکن. جێی داخە ھەندێک رۆشنبیر، سیاسی و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە ناخی خۆیاندا دژی سەربەخۆیی کوردستانن، بە بیانوی ئەوەی ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنیت، ئەوە گەلی کوردستان لە برسان دەمرێت، بە پێی ئەو فیکرە ژەھراویە بێت، دەبێت گەلی کوردستان بۆ ھەتاھەتایێ بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی نەکاتەوە، ھەر چاوەڕێی خێری داگیرکەرانی کوردستان بێت، تا ئەو کاتەی ئەوان سەربەخۆییمان پێشکەش دەکەن.
سەربەخۆیی ئیرادە و بڕیاری گەلی پێویستە نەک حیزبەکان، ریفراندۆم ھەنگاوی گرنگ و پێویستی پێش بەرەو سەربەخۆییە، لە ریفراندۆمدا، گەلی کوردستان سەرکردایەتییە سیاسییەکەی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی رادەسپێرێت، بسەرکردایەتی سیاسیی کوردیش بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیار لە چارەنوسی کوردستان بدات، دەبێت لە لایەن گەلی کوردستانەوە سەرپشک کرابێت شەرعیەتی وەرگرتبێت.
ھەر نەتەوەیەک، یاخود ھەر ھەرێمێک ھەوڵ بۆ جیابوونەوە بدات، دەبێت ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر ئەویش ریفراندۆمە، ئەوەی ئێستا کورد لە کوردستان دەیکات جگە لە ڕێکارە یاساییەکان ھیچیی دیکە نییە، با ڕیفراندۆم بکەینە ھەوێنێ پێکەوە بوون و بە جێھێنانی خەونی سەد ساڵەی گەلەکەمان، کاتی وەلا نانی کێشە و گرفتەکانە، با ھەمووان بە یەک دەست و یەک ھەست، بەشداربین لە ریفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان و نەوەی ئێستا و داھاتوو، بۆ ئەوەی گیانی شەھیدانمان و ڕۆحی پاک و بەرزە فریان ھەمیشە شاد و بەختەوەر و ئاسوودە بن.
ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت ھەمووان خۆمان بەخاوەنی بزانین، بە ھیوای ئەوەم کە ڕیفراندۆم ببێتە خاڵێک، ئاشتەوایی نیشتیمانی دەستەبەر بکات.