پەیامەکەی مالیکی گەیشت، کورد هەڵوێستی چی دەبێ؟

پەیامەکەی مالیکی گەیشت، کورد هەڵوێستی چی دەبێ؟
مالیکی گوتی رێگە نادەین ئیسرائیلی دووەم درووست ببێ، دیارە درووست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەرهاویشتەی کارەساتی هۆلۆکۆست بوو، کوردیش بەدەست داگیرکارانی تورک و فارس و عەرەب خراپتر لە جولەکەی بوسەر هێنراوە، ئەوە ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن ئەوە بارزانیەکان و فەیلیەکان کە لە کارگەکانی کیمیاییدا تاقی کردنەوەیان لەسەر کراوە، ئەو کارەساتانە و زۆر کارەساتی تریش هیچیان لە هۆلۆکۆست کەمتر نییە و بگرە زیاتریشن، ، ئەوە جگە لەوەی بەردەوام سەرکردەکانی کوردیان یان لەسەر سفرەی گفتوگۆ شەهید کردوون، یان تیرۆر کراون و هەوڵی تیرۆر کردنیان دراوە، ئەوە پێشەوا قازی و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و سمکۆی شکاک و دکتۆر قاسملو و شەرەفکەندی، ئەوە بازانی نەمر و سەرۆک بارزانی کە لە چەندین هەوڵی تیرۆر کردن رزگاریان بووە، لەگەڵ بوونی ئەو راستیانە و زۆر راستی تریش هێشتا نوری مالیکی داواکردنی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و رێگری کردن لە دووبارە بوونەوەى ئەو کارەسات و نەهامەتیانە بە ئیسرائیلی دووەم دەزانێ، پرسیار ئەوەیە کورد و حزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو ئاخاوتنەی نوری مالیکی چۆن شرۆڤە دەکەن؟
دیارە گوتنەکەی نوری مالیکی گشتگیرە، بەلای ئەوەوە مافی رەوای بە دەوڵەتبوونی کورد ئیسرائیلی دووەمە و کوردیش هەمووی جوولەکەیە، ئەوە لە کاتێکدایە نوری مالکی و هابیرەکانی پێش خۆی و دوای خۆی داگیرکار بوون و داگیرکاریش دەبن، کوردیش بە درێژایی مێژووی درووستبوونی دەوڵەتی عێراقی نەفرەتی وڵات داگیرکراو بووە، وەک نوری مالیکیش دەڵێ: ئەگەر درووستبوونی دەوڵەتی کوردی ئیسرائیلی دووەم بێ، ئەوا دەبێ هەر بە داگیرکراوی بمێنێتەوە، واتا ئەگەر رازی بین بە بڕیارەکانی نوری مالیکی کە قووتبڕینی خەڵکی کوردستان و داگیرکردنەوەى کوردستانە، ئەوا کوڕی باشین و جولەکە و ئیسرائیلی دووەم نین، بە پێچەوانەوە هەم جولەکەین و هەم ئیسرائیلی دووەمیشین، پرسیارێکی تر ئەوەیە: ئایا ئەو ئاخاوتنەى نوری مالیکی گوتار و هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسیەکان دەگۆڕێ؟ بە واتایەکی تر حزب و لایەنە سیاسیەکان لە کارنامەیەکی نەتەوەییدا کۆ دەکاتەوە؟
تا ئێستاش لەگەڵدابێ حزب و لایەنە سیاسیەکان نە کەڵکیان لە مێژوو وەرگرتووە و نە لێدوانە دوژمنکاری و شۆڤێنیەکەی نوری مالیکیشیان کردۆتە بنەمای بەخۆدا چوونەوە، بۆیە تەنها ئەوەندە دەڵێم: هەر حزب و لایەنێک و تەنانەت تاک بە تاکی کوردیش، ئەگەر ئەو گوتنەی نوری مالیکی نەکاتە بنەمای بەخۆدا چوونەوە، ئەوا رازی بوونیەتی بە هەر بڕیارێک کە نوری مالیکی چارەنووسی کوردی پێ دیاری دەکات.
Top