ترس له‌ میلیشیا

ترس له‌ میلیشیا
هاوڕاییه‌كی زۆر له‌ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی دوای جه‌نگی تیرۆر(داعش) هه‌بوونی ئه‌و هێزه‌ تائیفی توندڕه‌وییه‌ كه‌ گرێدراوی هه‌مان په‌روه‌رده‌ی حیزبوڵڵای لوبنانیه‌، ئه‌ویش(حه‌شدی شه‌عبی). وه‌ك میدیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ راپۆرتێكیدا به‌رامبه‌ر به‌ پێشلێكارییه‌كانی ئه‌و هێزه‌ له‌ عێراق نووسیویه‌تی: ئیتر سوپا قاره‌مان نییه‌، میلیشا له‌ عێراق مه‌ترسیه‌كه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌.
پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراق و بێ ئه‌همیه‌تكردنی به‌ناوی ریشه‌كێشكردنی به‌عس، راسته‌ تاڕاده‌یه‌ك عێراقیه‌كانی له‌وه‌ دڵنیاكرده‌وه‌ ئیتر سوپایه‌ك نییه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی عێراقیه‌كان، به‌ڵكو ئامانجێكیش له‌پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌ هه‌بوو كه‌ سوپاكه‌ به‌ ره‌نگێكی تر دروست بكرێته‌وه‌ بۆن و ره‌نگی مه‌زهه‌بی(شیعه‌)ی تێدا ره‌نگ بداته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی روویدا(حه‌شدی شه‌عبی) به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی(داعش) هاته‌ دامه‌زراندن و ته‌واوی ئیمكانیه‌تی مادی و سه‌ربازی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی خرایه‌ به‌ده‌ست، راهێنران له‌سه‌ر كوشتن وتۆڵه‌كردنه‌وه‌.
له‌ گرته‌ ڤیدیۆی و وێنه‌كانی ئه‌و هێزه‌(حه‌شدی شه‌عبی) مه‌ترسی به‌دی ده‌كرێت، هێزێك پابه‌ند نییه‌ به‌هیچ پره‌نسیپێك و یاساییه‌ك، بڕوای به‌ به‌های مرۆڤ و جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی نیه‌، ته‌نیا یه‌ك ته‌كبیری مه‌زهه‌بی هه‌ستی دڕندایه‌تی ئه‌و هێزه‌ ده‌جوڵێنێ و هه‌موو تاوانێك حه‌ڵاڵ ده‌كات و گوێ بۆ هیچ یاسایه‌كش ناگرن.
ئه‌م هێزه‌ كه‌ به‌ بیری مه‌زهه‌بی لایه‌ندار به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی سیاسی و دینی و دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان رێچكه‌ی سه‌ربازی هه‌ندێك لایه‌نی وه‌ك حیزبوڵڵای لوبنانی و كه‌تیبه‌ جیاوازه‌كانی نێو سوپای ئێرانی گۆشكراوه‌، بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌. ئه‌مریكیه‌كان راسته‌ له‌ئێستا وه‌ك هێزێكی عێراقی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن" به‌ڵام نه‌یانشاردۆه‌ته‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق" له‌ ئه‌گه‌ری توخبوونه‌وه‌ی هه‌رناكۆكیه‌كی سیاسی ئه‌م هێزه‌ به‌كاربهێنرێ و جارێكی تر هاوشێوه‌ی داعش كاره‌سات به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ بهێنێ.
كورد نه‌ویستووه‌ له‌گه‌ڵ عێراقی دوای 2003 به‌ زمانی شه‌ڕ و پێكدادان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ بكات" به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م هێزه‌(حشدی شه‌عبی) بۆ سه‌ر هه‌رێم به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان نابێ حسابی بۆ نه‌كرێت" كورد وتویه‌تی" شه‌ڕ و پێكدادان خواست و بڕیاری ئێمه‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردن و گفتوگۆ" به‌ڵام هه‌ر هێزێك بیه‌وێ به‌ زمانی چه‌ك له‌گه‌ڵ خواستی كورد قسه‌ بكات" ئه‌وا به‌هه‌مان زمان ده‌توانین وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌" پرسیاره‌كه‌ لێره‌ ئه‌م مه‌ترسیه‌ روو له‌ ئێمه‌یه‌ یا هه‌موو عێراقیه‌كان؟
بێگومان روو له‌ هه‌موو عێراقیه‌كانه‌" ئێمه‌ میلله‌تێكین به‌ پشتیوانی خوا و پێشمه‌رگه‌" رێگه‌ ناده‌ین ئه‌و مه‌ترسیه‌ روومان تێ بكات" به‌ڵام ئاخۆ چ گره‌نیته‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق نابێته‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌پاندنی حوكمێكی میلیشیایی؟! بێگومان ئه‌م مه‌ترسیه‌ دروسته‌ و ئه‌و هێزانه‌ی له‌ عێراق پشكیان نییه‌ له‌م گروپه‌ میلیشیانه‌ ئه‌و ترسه‌یان هه‌یه‌ كه‌ باڵاده‌ستی و پڕ ئیمكانیه‌تی ئه‌م هێزه‌(حه‌شدی شه‌عبی) ئامانجه‌كه‌ی روونه‌ دروست كردنی حوكمی میلیشاییه‌.
Top