بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی، زۆرترین دەنگی دایەوە

بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی، زۆرترین دەنگی دایەوە
هەموو هەول و كۆششی نەیارانی كورد بە گشتی و نەیارانی پارتی بە تایبەتی ئەوەیە كە، بزانن نێچیرڤان بارزانی خەریكی چ كارێكی گرنگە. لە لایەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرترین جۆش و خرۆشی خستووەتە نێو كۆمەڵگە و ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی جیهان بە گشتی و رۆژهەلاتی ناوەراست بە تایبەتی. گۆمەكەی شلەقاندووە و ئەنجامی شڵقەكانی ئەم گۆمەش، بنیاتنانی دەوڵەتێكی نوێیە لە جیهاندا. لە لایەكیتریشەوە نێچیرڤان بارزانی، خەریكی بەهێزكردنی پایەكانی ئابووری دەوڵەتی كوردستانە و رۆژ بە رۆژ پایە ئابوورییەكانی سەربەخۆیی و بنیاتنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ بەهێزتر دەكات و، رۆژانە دەنگ و باسی نوێ و دڵخۆشكەر لە بواری ئابوورییەوە بە گوێچكەی خەڵكیدا دەچرپێنێت و دڵی نەیارانی كوردیش دەكەوێتە ترپەترپەوە. لە دوای رێكەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای داناغاز (یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ئایندەی كوردستان لە بواری ئابووریدا)، حكوومەتی هەرێم لە گەڵ كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی رێككەوت و ئەمەش یەكێكیترە لە دەستكەوتە گەورەكانی دەوڵەتی كوردستان. كۆمپانیای رۆزنەفت كە بڕی یەك ملیار دۆلار تەرخان دەكات بۆ راكێشانی بۆڕی گازی سرووشتی بۆ وڵاتی توركیا، كە ئەم بۆڕییە ساڵانەی توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەتری سێجا هەیە، زۆر باش دیراسەی كردووە تاكوو توانیویەتی ئەم پارە زەبەڵاحە لە هەرێمی كوردستان بخاتە كار، ئەمە لە كاتێكدا كە كورد لە باشووری كوردستان داوای سەربەخۆیی دەكەن و رووی هەڕەشەكان لە رووی كوردستانە. ئەم كۆمپانیایە زۆر باش لەوە دڵنیا بووەتەوە كە كار كردن لە گەڵ حكوومەتێكی ئەمین و بەهێز كار دەكات و دڵنیایی وەرگرتووە لەوەی كە كورد دەتوانێ‌ دەوڵەتی خۆی راگەیێنێت و بەرژەوەندییەكانی كۆمپانیاكانیش پارێزراو دەبێت. هیچ كۆمپانیایەك یاری بە بۆدجەیەكی زەبەلاح ناكات، ئەگەر متمانەیەكی تەواوی بە سەرۆك و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نەبێت، دروستكردنی ئەم متمانەیە خۆی بەسە بۆ ئەوەی بزانین، نێچیرڤان بارزانی چەندە كاری گەورەی كردووە و توانیویەتی ئەم كۆمپپانیایانە بهێنێتە هەرێمی كوردستان. بێجگە لەوەش ئەم كۆمپانیایە لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، گازی هەرێمی كوردستان دابین دەكات و كەمتر لە سێ‌ ساڵیش گازی زیاتر هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكات، كە ئەمەش كارێكی ئێجگار زەحمەت و لە هەمانكاتیشدا گرنگە.
یەكلاكردنەوەی كێشەكەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای داناغاز و گەنەڵ ئینێرجی و دی ئێن و ئۆ، بێجگە لە سوود گەیاندن بە خۆدی ئەم كۆمپانیایانە، دڵنیاییەكی زۆری گەڕاندەوە بۆ گشت كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت و گاز و، بووە هۆی دەرچوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە گێژاوێكی ئابووری و فشارەكانی نێوخۆیی و دەرەكی.
ئەم هەموو هەاوڵە ئابوورییە ئەرێنییە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، وا دەكات بۆشایی ئەم سێ‌ ساڵەی رەوینەوەی كۆمپانیاكان لە ناوچەكەدا بە هۆی شەڕی داعش، پڕ بكرێتەوە و كۆمپانیای زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن. بۆ نموونە دەكرێ ئاماژە بە گرێبەستی نوێی كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بكەم كە نیوەی پشكەكانی گەورە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی لە باشیك كڕیوە و لە ساڵی داهاتوو دەست دەكات بە هەڵكۆڵینی بیری نەوت لەو كێڵگە نەوتییانە.
میخایل ڤلادیمیرۆڤیچ، گۆتەبێژی كۆمپانیای رۆزنەفی رووسی، واژووكردنی گرێبەستی نێوان كۆمپانی رۆزنەفت و هەرێمی كوردستان، بە گرێبەستێكی گرینگ وەسفی كردووە و ئاماژەی بەوەداوە كە كۆمپانیاكە گازی سرووشتی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتی توركیا و یەكێتی ئەوروپا، كە ئەمەش كارێكی ئێجگار گرنگە و هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە بە یەكێتی ئەوروپا و دەبێتە پاڵپشتێكی گرنگی دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، ئەم گرێبەستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بواری نەفت و گاز، هیچ كەمتر نین لە دیپلۆماسییەتێكی بەهێزی نێوان دوو وڵاتی زڵهێز. لە هەمووی گرنگتر پێدەچێت كۆمپانیاكانی ئەمریكیش زۆرتر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن بۆ وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەفت و گازی سرووشتی بۆ وڵاتانی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چونكە ئەم ئۆڤەرەی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای رۆزنەفت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر درا بوو بە كۆمپانیاكانی ئەمریكا و، ئەوان رەتیانكردبوویەوە و كۆمپانیای رۆزنەفتیش ئەم هەڵەی لە دەست خۆی نەدا و زۆر بە جوانی توانی سوودی لێوەرگرێت.
ماوەی چەند رۆژێكە نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی دوو خاڵی زۆر گرنگ بوو، یەكێك رێكخستنی نێوماڵی كورد و كۆ كردنەوەی كۆدەنگی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەشداری كردنی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان, دانیشتن لە گەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت زۆرترین خەڵك بە بەڵێ‌ بەشداری لە هەڵبژاردنی 25/9 بكەن. دووەم سەرقاڵی رێكەوتن و گفتگۆ كردن بوو لە گەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەفت و گازی سرووشتی و چارەسەری نەمانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، دەرەنجامەكەشی واژوو كردنی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەمەش زۆرترین دەنگی دایەوە و كارێكی ئێجگار گرنگ بوو بۆ بۆژانەوە و قەیمكردنی پایەكانی ئابووری دەوڵەتی كوردستان . ئەمەیە كە بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی، زۆرترین دەنگی دایەوە لە ئاست ناوچەكە و جیهاندا.
Top