چەند سەرنجێک لەسەر دکتۆر بەرهەم و لیستەکەی

چەند سەرنجێک لەسەر دکتۆر بەرهەم و لیستەکەی
ئاماژەکان و لێدوانی لایەنگرانی دکتۆر بەرهەم ئەوەمان پێدەڵێ: لە درووست کردنی لیست و جیابوونەوەى لە یەکێتی شوێن پێی نەوشیروان مستەفای هەڵگرتووە و رێک سیاسەتی ئەوی کۆپی کردووە، واتا ئەویش بە شوێن کۆکردنەوەى دەنگدا دەگەڕێ، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدات نەمانی نەوشیروان مستەفا و ناکۆکیەکانی ناو بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتی بقۆزێتەوە و خەڵکە نائومێد کراوەکەی ناو بزووتنەوەى گۆڕان و لایەنگرەکانی ناو یەکێتی بکاتە ئامرازی گەیشتن بەو ئاواتەی کە لەناو یەکێتیدا پێی نەگەیشت.
نەوشیروان مستەفا لە درووست کردنی بزووتنەوەى گۆڕاندا کەوتە دوای دەنگە ناڕازیەکانی ناو یەکێتی و رۆژانە لە شەقام چییان دەگوت، بۆ شەو لە کەناڵی (کەی ئێن ئێن) وەک سیاسەتی نەگۆڕی بزووتنەوەکە دەیخستە روو، بەوەش ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە کارکردنی سیاسی خستنە ژێر هەژموونی رشتنی کۆنەقینی خۆی، بۆ گەیشتن بە ئامانجی رشتنی ئەو کۆنەقینەش ئەو ئیرهابە فکریەی بە سەردەمی کرد کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو لە گۆڤاری رزگاری پیادەی دەکرد، ئەوە لە کاتیکدایە دەبێ حزب بە بەرنامەی سیاسی و خوێندنەوەی بۆ واقعی بەرجستە و شرۆڤەی رووداو و پێشهاتەکان خۆی بکات بە پێشڕەوی خەڵک.
بەرهەم ساڵیحیش وەک نەوشیروان مستەف چاوی لەسەر کۆکردنەوەى دەنگە، بەوەش برینەکانی ناو یەکڕیزی ماڵی کورد قوڵتر دەکات، هەر لە ئێستاشەوە دەنگە ناشازەکانی لەناو یەکێتیدا دەبیسترێن و کۆپی هەمان دەنگن کە بەرلەوەی نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەى گۆڕان رابگەیەنێ ئەو دەنگانە دەبیستران، بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی سلێمانی بە تایبەتی چاویان بکەنەوە و ئەو راستییە بزانن، کە چۆن نەوشیروان مستەفا شکستە حزبییەکانی بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی رشتن، بەرهەم ساڵحیش بە درووست کردنی لیست و جیا بوونەوەى لە یەکێتی لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستادا کە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییە، هەمان مێژووی نەوشیروان مستەفا دووبارە دەکاتەوە، دەبێ کورد بە گشتی و سلێمانیەکان ئەو راستییەش بزانن کە باجی سیاسەتی هەڵەی نەوشیروان مستەفایان داوە، بەرهەم ساڵحیش کە وەک نەوشیروان مستەفا تەنها کۆکردنەوەی دەنگی لەبەرچاوە، باجەکەی سەریان قورستر دەکات.
Top