دەنگی "نەخێر ڕیفراندۆم" حەرامە!! ( فەلسەفە و سایکۆلۆژیای ئایین)

دەنگی
لەوانەیە ھەبێ بپرسێ بۆچی ئایین ھەندێ شت (حەرام) دەکاتن؟ وەڵامی ھەرە کۆرت و کوردییەکەی ئەوەیە: چونکە ئەو شت و کار و رەفتارە زیانی ھەیە بۆ خۆدی تاک و مرۆڤ، جا چ جەستەیی بێ یان دەروونی، و یان زیانی ھەیە بۆ لایەنی ئابووری یان کۆمەڵایەتی خۆی یان خیزان یان کۆمەڵگا.
ئەو کەسانە کەی تێدەگەن دەنگی "نەخێر" چەند زیانی ھاوشێوەی ئەنفالی گەرمیان و بادینان و جینۆساید و دەردبەدەری کوردە فەیلییەکان و بارزانی و حەلەبچە و شنگالیان و نەتەوە و ئایینەکانی تری کوردستانی بەدواوەیە، و لەوانەیە لە ئاییندەدا ھەر یەکە لە ئێمە و کەس و کارمان یەکێک بین لەو کەسانەی کە جینۆساید و ... ھتد، دەکرێین؟
بۆ نابێ بزانین کە ناسەقامگیری کوردستان یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرھڵدانی سەدان جۆری گەندەڵی و گرفتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ... ھتد؟
بۆ نابێ تێبگەین ئەگەری بڕینی مووچەی خەڵک لە لایەن دەستھەڵاتدارانی بەغداوە کێ بوو، ئەی زیان چییە، ئەگەر پاش ئەو ئەنفالە ئابوورییەی کوردستان ھزاران زیان لە تاک و کۆمەڵگای کوردستان نەکەوتبێ؟
بۆ نابێ بزانین زیانی وەک سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و حزبی بەعسی ڤاشیتسی و دیکتاتۆری وەک سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و سەدان زیانی کۆشندەی تر، لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا، ھەم بۆ تاک تاکی کوردستانیان چەند مەزن و مەرگباربوون؟
ڕاستە ھەندێ جار و ھەڵوێستی تر، دەنگی "نەخێر" ئەو پەڕی ئەرک و ئازایەتی و جوانی و پێداگری و ئەرێنی و چاکە، و پیرۆزە، بەڵام ئەمجارەیان وەک ھیچ ھەڵوێستێکیتر نیە، و "حەرامە".
دوای زانینی ئەو ڕاستییە ئاینییە، ئایا بۆچی نابێ ھەر ڕەفتارێک و بڕیارێک کە لە ئەنجامدا دژی ئەو ڕیفراندۆمە بێ، بە (حەرام) لە قەڵەم بدرێَتن، لە کاتێکدا کە فەلسەفەی ئایینی بەختەوەری مرۆڤەکانە؟
ئایا گەمژەیی نیە ئەگەر وا تێبگەین کە فەلسەفەی (حەرام) کردن تەنیا لەسەر ھەندێ ڕەفتار و کردار و شت و بابەتی بچووک جێبەجێ دەکرێ، بەڵام بۆ بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەورە و چارەنووسسازی وەک ڕیفراندۆم نابێ؟ پرۆفیسۆری ە. و ئەکادیمی/ بسپۆری زانستی دەروونناسی/ زانکۆی زاخۆ
Top