ئافرەتان لە پرسە چارەنووسسازەكان خۆیان بە پێشەنگ دەزانن

ئافرەتان لە پرسە چارەنووسسازەكان خۆیان بە پێشەنگ دەزانن

هەڵبەتە بوێری و سەدای ئافرەتی كورد بەرامبەر بە مافەكانی شتێكی تازە نییە كە بیزانین، یاخود بیبیستین، بەڵكو ئەو سەدایە چەندین سەدەیە دەنگدانەوەی لە شاخ و شارەكانی كوردستاندا هەبووە، ئافرەتی كورد هەمیشە بە جەرگەوە بۆ سەندنی مافەكانی خۆیان و نەتەوەكەیان خەباتیان كردووە سازشیان نەكردووە، هەر لە خەباتی پارتایەتی لە كوردستان كەم تا زۆر لە كۆی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا لە دامەزراندنیانەوە تا ئێستا ئافرەتان بەشێكی گرنگ بوون تێیدا و بەرهەمی گرنگیشی دروستكردنی رێكخراوی تایبەت بە خۆیان بووە، تا بتوانن لەو رێگەیەوە مومارەسەی پارتایەتی كاری سیاسیی خۆیان بكەن، لەم نێوەندەشدا نموونەیەكی جوانیان پێشكەش كردووە كە تێكەڵبوونی ئافرەتانە لە كاری رێكخراوەیی و جەماوەری و مەدەنی بۆ مەبەستی بە ئامانج كردنی مافی دەستەبەركردنی كۆی ویستە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیان، لەو بوارەشدا هەوڵی بێشوماریان داوە، بە ئێستاشە كە بەردەوام لە گشت سێكتەر و سلكە جیاوازەكاندا بە بێ وچان شانیان داوەتە بەر ئاراستەكان و هەمیشە وەكو بەشێك لە چارەسەر وجوودیان هەبووە و هەیە.
ئافرەتانی كوردستان و پێداگیریی بەرامبەر بە مافەكانیان ئەو شكۆیەی بۆ دروستكردوون و ئەوەش لە سایەی ماندووبوون و كۆڵنەدانیان بووە، هەر لە پشكداری لە كاری سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانی و حكوومی تا كاری رێكخراوەیی و پەروەردەیی و هونەری و.. هتد. ئەم كەشكۆڵە پڕ دەسكەوتەش بە بێ نەهامەتی و ماندووبوون نەبووە، بە سەدان هەوڵی گەورەش بۆ یەك دەستكەوتی نەتەوەیی دراوە، ئەوەشە كە تا ئێستا هەمووان شانازیی پێوە دەكەین. بۆ ئەوەی ئافرەتانی ئێمە هەموو كات ئیفتیخار بكەن بە دەستكەوتەكانیانەوە دەبێت بزانین گەورەترین دەستكەوت لە ئێستادا بەپیرەوە چوونە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی ریفراندۆم و كاركردن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە گرینگەیە، لە سایەی بەشداریمان و سەركەوتنی ئەو پرسەشدا، هەموو كاتێك بەرەو پێشتر دەچین لە مسۆگەركردنی داهاتووی خۆمان و نەوەكانمان.
بۆ سڕینەوە و كاڵكردنەوەی ئەو هەموو نەهامەتییەی كە ئافرەتانی كورد لە سایەی ژێردەستەیی و كۆیلەیەتی و ستەمی داگیركەرانی كوردستان تووشی بوون، دەبێت هەنگاوی قایم بۆ سەربەخۆیی هەڵبگرین. ئەو هەموو خوێن رژان و گیانبەخشین و جەرگسووتان و شەهید بوونی باوك و برا و هاوسەر و قوربانیدانە بەسە. بۆ دووبارە نەبوونەوەی كارەساتی ئافرەتانی ژێر دەستی داعش و نەكردنی مامەڵە بە جەستەی ئافرەتەوە دەبێت بە سەدایەكی بەرز و بە بێ ترس بڵێین بەڵێ بۆ مافی نەتەوەیی خۆمان و دەبێت وەك هەمیشە خۆمان بە پێشەنگ بزانین لە پرسە چارەنووسسازەكان و بە هەموو دونیا و ناوەند و رێكخراوە جیهانییەكان بڵێین ئێمە توانیمان بە (بەڵێ) یەك مافی نەتەوەیی خۆمان بستێنین و چیدی ژێردەستەیی قبووڵ نەكەین.

Top