پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانیەکان

پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانیەکان
پەرلەمانتارە عەرەبەکان بە سوننە و شیعەوە لە دژی گشتپرسی و بۆ لادانی پارێزگاری کەرکوک هاودەنگ و هاوڕا بوون، نەک هەر ئەمجارە و بۆ ئەو دوو پرسە، بەڵکو هەر کاتێ پىرسی کورد هاتبێتە پێشێ سیاسی و شێخ و مەلاکانیشیان هاودەنگ بوون و موو بە بەنیانەوە نەچووە، ئەنفال و کیمیاباران و بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان چەند نموونەیەکی بەرچاو و زیندوون، بە پێچەوانەوە کورد زۆر جار و لە زۆر قۆناغی گرنگ و هەستیاردا، خۆی پەرتەوازە کردووە و بە ناتەبایی چۆتە ناو رووداوەکان، بەردەوامیش باجی ئەو پەرتەوازەیی و ناباییەی داوە و پەندیشی لە مێژوو وەرنەگرتووە.
لەبیرمانە کاتێ وەک تۆڵە کردنەوە و بە مەبەستی پەراوێز خستنی پارتی، دەوڵەتی یاسا بیانووی بە وشیار زێباری گرت و لێسەندنەوەى متمانەی بردە ناوهۆڵی پەرلەمان، لەوکاتەدا تەنها فراکسیۆنی پارتی هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت و چوار فراکسیۆنەکەی تر بۆ جێبەجێ کردنی پیلانەکە و سەندنەوەی متمانە لە وشیار زێباری، لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی بە پەلەتر و دڵ گەرمتر بوون، یان لە کاتی بە یاسایی کردنی میلیشیای حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، دووبارە فراکسیۆنی پارتی هۆڵەکەی جێهێشت و چوار فراکسیۆنەکەی تریش پشتیان لە پێشمەرگە کرد و دەنگیاندا بە حەشدی شەعبی و وەک موزایەدەش بە کوردیان دەفرۆشتەوە.
ئێستا کە هەوڵی لادانی پارێزگاری کەرکوک هاتۆتە پێشێ، فراکسیۆنی پارتی بە تەنیا هۆڵی پەرلەمانی جێنەهێشتووە و چوار فراکسیۆنەکەی تریش هاوشانی وەستاون، بەڕاستی ئەو هەڵوێستە هەڵوێستێکی کوردانەیە، خۆزگە لە کاتی لێسەندنەوەی متمانە لە وشیار زێباری و دەنگدانیش بە حەشدی شەعبی، ئاوا هەڵوێست جوان و خاوەنی بڕیاری نەتەوەیی دەبوون، خۆزگەی لەوەش گەورەتر، خۆزگە لە داهاتووشدا ئەوها جوان و خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی بن و بەکەوە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان و بە یەکیشەوە هۆڵەکە جێبێڵن.
Top