ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای بەندیخانەیەک دادەخات

ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای بەندیخانەیەک دادەخات
نوسەروشاعیری بە ناوبانگی فەرەنسی فیگۆرھۆگۆ دەلێ" ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای بەندیخانەیەک دادەخات".
بۆ شیکردنەوەی ئەم ووتەیە کردنەوە و زیاد کردنی ھەر قوتابخانەیەک کۆمەڵگا بەرەوو ڕۆشنبیری و فێربوون و فێرکردن و پەروەردە کردن دەبات ، بە دیوێکی تر لە تاوان و کێشەو گرفت و بەندیخانە دووری دەخاتەوە، قوتابخانەش بە ھەردوو جۆرەکەی حکومی و ناحکومی.
قوتابخانە حکومییەکان سەر بەحکومەتن و حکومەت ھەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین دەکات ، قوتابخانە ناحکومییەکانیش سەر بە حکومەت نیین واتە کۆمپانیاکان و کەسەکان ھەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین دەکات. ئەوەی گرنگە دەمەوێ باسی بکەم ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی قوتابخانە ناحکومییەکان زیاتر دەبێت سەڕەرای ھەبوونی قەیرانی دارایی بۆ زیاتر لە دوو ساڵ کەچی داواکاری بۆ کردنەوەی قوتابخانە ناحکومییەکان لە زیاد بووندایە بە پێی ئامارەکان ژمارەی قواتبخانە و باخچە ناحکومییەکانی کوردستان زیاتر لە (٢٧٠) قوتابخانە و باخچەی ناحکومی ھەیە ، ھەر ئەم ساڵ زیاتر لە (١٠٠)سەد داواکاری کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی ناحکومی ھەبووە کەچی ڕەزامەندی لەسەر زیاتر لە (٥٠) پەنجا قوتابخانە و باخچە کراوە کە تاڕادەیەک ھەنگاوێکی باشە و پاڵپشتەیەکی باشی وەزارەتی پەروەردەیە کە ژمارەیەکی یەکجاز زۆر لە قوتابیان لەم قوتابخانانە دەخوێنن و بەرپرسیاریەتی جێ کردنەوەی ئەو قوتابیانە لە ئەستۆی وەزارەت نامێنێ، بەڵام گرنگە وەزارەتی پەروەردە بە ووردی رێنماییەکانیان لەسەر جێ بەجێ بکات و بەداوداچوونی بەردەوان ھەبێت لەسەر جێ بەجێ کردنی سەرجەم رێنمایی و یاسای قوتابخانە ناحکومییەکان، کە ژمارەیەکیان زۆر باشن و ئەنجامی زۆر باشیان بەدەستھێناوە و لە ڕووی کوالێتی و پاپەندبوون بە رێنماییەکان، بەڵام ھەموویان وەکو پێویست نین، کە لە ھەندێک لە قوتابخانەکان ژمارەیەکی زۆر باشی مامۆستای شارەزا و بە ئەزموون لەو قوتابخانانە وانە دەلێنەوە بەردەوامیش مامۆستای باش ڕوو لەو قوتابخانانە دەکەن، ھەر بۆنموونە ئەم ساڵ ژمارەیەک لە بەرێوەبەرە ھەرە باشەکانی سنوری پەروەردەی ھەولێر دەستیان لە کار کێشایەوە کە قوتابخانەکانیان لە قوتابخانە باشەکانی شاری ھەولێر بوون کە بە دڵنیایی بە زە رەری پرۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت نەتوانرا سوود لە دڵسۆزی و شارەزایی ھەریەکیان وەربگیرێ کە باری خراپی گوزەرانی مامۆستا و گرنگی نەدان بە قوتابخانە حکومیەکان لەلایەن پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە لە ڕووی دابین کردنی میلاک و پێداویستیەکان وچارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کارگێڕی و میلاک وتا دوایی لە قوتابخانەکانیان .
دەپرسین ئایا ستراتیژیەتی و گرنگی و بایەخی وەزارەتی پەروەردە چییە بۆ قوتابخانە حکومییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی لە نێوان بەرێوەبەرەکان و دابین کردنی میلاک و ھاندانی بەرێوەبەرو مامۆستای سەرکەوتوو و دڵسۆز تاوەکو قوتابخانە حکومییەکان بە جێ نەھێلن و ڕوو لە قوتابخانە ناحکومییەکان نەکەن کە لە کۆتاییدا ئەرکێکی قورس بۆ خێزانەکان درووست دەبێت، چونکە ھەر خێزانە و دەیەوێ منداڵەکانی لە قوتابخانەی باش بخوێنێت و ئەو قوتابخانەیەش باشترە بۆ ئەو حکومی بێت تاوەکو خەرجی لە سەری کەم ببێتەوە.
ئەلێرەوە ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە بە دیدگایەکی نوێی پەروەردەییانە گرنگی و بایەخ بە قوتابخانە حکومییەکان بدات و سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ فەراھەم بکات ھەموو کەناڵە پەروەردەییەکان لە وەزارەت و پەروەردەی پارێزگاکان و قەزاکان و سەرپەرشتیاران لە خزمەت ھاووڵاتیانی خۆشەویست بن و نموونەیەکی جوانی خوێندن و فێربوون و پەروەردەکردنیان پێشکەش بکەن لە قوتابخانە حکومییەکان ، چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی لە قوتابخانە حکومییەکان و بەداداچوون و لێپرسینەوە لە کار بەدەستان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بکرێ لە ھەر ئاستێک بن نزیک یان دوور لە لوتکەی وەزارت کە نابێ قوتابخانەی ناحکومییان ھەبێت، چونکە بە دڵنیایی چاوپۆشی لە چەندەھا کەمتەرخەمی پەروەردەیی دەکرێ کە دەر ئەنجام کۆمەڵگا زیانی بەردەکەوێ و دادپەروەری پەروەردەیی کە زۆر گرنگە بوونی ھەبێت لە پەروەردە بدرەوشێتەوە ئەوکات بوونی نامێنێ ، دەپرسین بۆچی مامۆستا توانا و ماندوونێکی زیاتر دەبەخشێ کاتێک لە قوتابخانە ناحکومییەکان وانە دەلێتەوە بە پێچەوانەوەی ئەوەی لە قواتبخانە حکومییەکان وانە بلێنەوە؟
کە بەدڵنیایی ئەمەش خالێکی گرنگە پێویستە لە بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە کاری لە سەر بکرێ و ئەنجامەکەش ڕوون بکرێتەوە و قوتابخانە حکومییەکان بە گشتی خاڵە نەرێنی و لاوازەکانیان دەستنیشان بکرێن و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە ، ماوەتەوە بلێن دەکرێ وەزارەتی پەروەردە لە داھاتووی نزیک ھەنگاوی پەروەردەیی بھاوێژێ بۆ کردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی ناحکومی خێرخوازی پەروەردەیی لەلایەن کۆمپانیا و کەسانی خێرخواز بە کۆمەڵگا کە قازانجی تێدا نەکەن ، بەڵکو ھەموو بایەخ و گرنگیان سوودگەیاندن بێت بە کۆمەڵگا و بەتایبەتی کە ئێستا ئێمە بەرەوو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێن.



بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top