ناکرێت کورد چارەنووسی خۆی بە دەوڵەتێکەوە گرێبدات کە ھیچ ئایندەیەکی دیاری نییە

ناکرێت کورد چارەنووسی خۆی بە دەوڵەتێکەوە گرێبدات کە ھیچ ئایندەیەکی دیاری نییە
دوای١٤ ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، سەرکردایەتی سیاسی کورد وای دەبینی کە بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و دیموکراسیدا، دەتوانێت دەستەبەری مافە نەتەوەییەکانی بکات، بەتایبەتیش لە بەھێزکردن و پاراستنی پێگەی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەما و پرەنسیپی شەراکەتی راستەقینە لە دەسەڵات، دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و رێگری لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و خۆسەپێن لە بەغدا کە مەترسی لەسەر ئایندەی ھەرێم دروست بکات. کورد لە روانگەی ئەم قەناعەتەوە، بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کرد و رۆڵێکی سەرەکییان بینی لە داڕشتن و پەسەندکردنی دەستووری ھەمیشەییدا. بەڵام ھەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن پێکھاتەی شیعەوە، بە تایبەت لە سەردەمی نوری مالیکی، ئاماژەکانی پابەندنەبوون بە دەستوور کە خۆی دەبینییەوە لە چەسپاندنی پرەنسیپی شەراکەت، تەوافوق، پراکتیزەکردنی راستەقینەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دیموکراسی، بەدەرکەوتن. دەسەڵاتدارانی بەغدا بە شێوەیەکی سیستماتیک ھەموو ئەو پرەنسیپانەی وەک گەرەنتییەک لە دەستووردا دەقنووس کرابوون بۆ رێگرتن لە زاڵبوونی ھەژموونی تاکەکەس، تاکە پێکھاتە و تاکە نەتەوە، لەناویان برد و ھەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ ئاراستەکردنی عێراق بەرەو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، تایفەگەرا و بە پاشکۆکردنی ھەرێمی کوردستان. دەرئەنجامی ھەوڵە خۆسەپێنەرەکانی مالیکی و پێکھاتەی شیعە، ئێستا عێراق بووەتە مەیدانی ھەرە سەرەکیی ململانێ و شەڕی تایفیی نێوان شیعە و سوننە و بەھێزبوونی گرووپە تیرۆریستەکان. عێراق نەک ھەر نەبوو بە مۆدێلێکی دیموکراسی بۆ دەوڵەتانی دەوروبەر، بەڵکو بووە سەرچاوەی سەرەکی ھەناردەکردنی ناسەقامگیری و شەڕی تایفی لە ناوچەکەدا. دوای ١٤ ساڵ لە فەرمانڕەوایی شیعە، لە عێراقدا ھەموو شتێک ھەیە جگە لە دەوڵەت، ئەم وڵاتە بە تەواوەتی بە میلیشیایی کراوە و بە سەدان گرووپ و ھێزی میلیشیا دروستبوونە کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین و ئەگەری زۆر ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەسەر تەواوی دەسەڵاتدا بگرن. بویە ناکرێت کورد چارەنووسی خۆی بە دەوڵەتێکەوە گرێبدات کە ھیچ ئایندەیەکی دیاری نییە. مانەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی بە میلیشیاکراودا، دوور لە دەسەڵاتێکی دیموکراسی و پابەند بە بنەماکانی شەراکەت، مەزنترین ھەڕەشەیە لەسەر ئایندەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئەگەر کورد بە شێوەیەکی خێرا ھەنگاو نەھاوێژێت بۆ دوورکەوتنەوە لە بەغدا، ھەموو دەستکەوتەکانی دەکەونە بەر ھەڕەشە و مەترسیی راستەقینە و دەرفەتێکی مەزنیش بۆ سەربەخۆیی لەدەست دەدات.
ماوەی سێ ساڵە ، ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین ، بە تایبەت عێراق و سووریا ، رووبەرووی شەپۆڵێکی نائارٍامی و شەرٍو ئاگرباران بۆتەوە، ھۆکارەکەش نەمانی سنوورە دەستکردەکان ، تموحی زڵھێزان و دیاریکردنی نەخشەیەکی نوێیە لە ناوچەکە ، لەو نێوەندەشدا کورد بە فاکتەری ئەساسی لەو گۆرانکارییانە ھەژمار دەکرێت ، چونکە کورد نزیکەی سەددەیەکە خاکی بە سەر چوار ولاتدا دابەشکراوە و ئێستا بە ھاتنە ئارایی ئەو گۆرانکارییانە ، ئیتر سنوورەکان والابوونەوە و نەخشە دروستکراو و وڵاتە دروستکراوەکان بەرەو ھەڵوەشانەوە دەچین ، ھەر بۆیە ئێستا شەرٍو ناکۆکیی زۆر روویانداوە و روودەدەن لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی خاک و پاوانخوازی . بۆیە ئەگەر سەرکردایەتی حەکمیانەی سەرۆک بارزانی و قارەمانیی پێشمەرگەکان نەبوایە ، ئەو گۆرانکارییانە دەبوونە ھۆی ئەوەی تا کورد لەو شەٍروناکۆکییانەی ناوچەکە و بە تایبەت لە عێراق و سووریا بە ئاگری ئەو وڵاتە و لایەنانە تووشی سووتان و زیانبەرکەوتن ببووایە و دیار نەبوو بەرەو چ ئاقارێک ھەنگاو دەنا . بۆیە رەوشی ئێستامان دەخوازێت پشتیوانی ھەنگاوەکانی بارزانی بین کە ھەموو لە پێناو پاراستنی دەسکەوتەکانی کورد بە شێوەیەکی گشتی و دەرچوون لەو بازنەیە ، تەنیا زیان بە کورد دەگەێنێت .ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە ھەمووان بە یەکدەنگ و یەکھەوڵوێست پیشتیوانیی ھەنگاوەکانی سەرۆکی کوردستان بین بو پاراستنی دەستکەوتەکان و چوون بەرەو لووتکەی سەرکەوتن و بەدێھێنانی ئاواتی لەمێژینەمان ..

بەدرێژایی سەدان ساڵی رابردووی لە تێکۆشان و قوربانی بەخشینی بەردەوامدا بووە، لەپێناو مانەوە و دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆدا،ناکرێ خوێنی ئاڵ و گیان و روحی دەیان و سەدان ھەزار قوربانیی گەلەکەمان لەیاد بکەین، کە بۆ ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانە بەخشییان بە فیرۆ بدەین و ئاواتی لە مێژینەیان نەھێنینە دی.گەلی کوردستان بەدرێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ، بەردەوام لە ململانێدا بووە، لەگەڵ داگیرکەر و دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوە جیاوازەکانی دەوروبەری، لەپێناو مانەوە و پاراستنی ناسنامەکەی و ھێشتنەوەی جیاوازییەکانی، کە خاڵی جیاکردنەوەی بووە لەوانی دیکە، لێرەدا مەبەستمان لە ئەتنۆ سەنتەریزم نییە، واتە خۆ بەسەنتەر دانان و باشترین لە ھەمووان. ریفراندۆم بە مانای راوێژکردنە بە گەل لەڕێگەی دەنگدانێکی راستەوخۆ، بۆ بڕیاردان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، ئەمەش وەک ئەو پێناسەیەیە کە ئەنجومەنی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە ٦٣٧ ساڵی ١٩٥٢ باسی لێوە کردووە.نموونەی ئەو وڵاتانەش زۆرن کە بە پشتبەستن بە چەمکی مافی چارەی خۆنووسین و بە ئامرازی دیموکراسییانەی "ریفراندۆم" بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆ و خودان سیادەی خۆیان.لەدوای ھێرشەکانی داعش، بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان و دروستبوونی ململانێ و بەرەنگاریی دووبارە لەپێناو پاراستن و مانەوە، ھەلومەرج و بارودۆخێکی تازەی دروست کرد، لە رووی سیاسی و سەربازی لەبەردەم گەلی کوردستان، سەرباری زەرەر و زیان و قوربانییەکی زۆر، تا ئەم ساتەش ئەم بەرەنگاری و ململانێ تازەیە بە سەرکەوتنی گەلی کوردستان شکاوەتەوە، بۆیە بەپێی تێڕوانینی بیرمەندانی تیۆری ململانێ و خوێندنەوەی بارودۆخەکە کاتێکی گونجاوە بۆ ھەوڵدانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان و لە ھەمانکایشدا بەدیھێنانی ئەو ئاواتە لەمێژینەیە کە دەیان ساڵە شەھیدان ئاواتیان بۆ دەخواست .
Top