عێراق بەكاربێنین نەك ناوەڕاست و باشووری عێراق
September 14, 2017
وتار و بیروڕا
هەر لە سەرەتاوە مەلیك فەیسەڵ یەكەم مەلیكی عێراق، پێیوابووە بێ ویلایەتی موسڵ كە كوردستان دەگرێتەوە، عێراق وەك مرۆڤێكی بێ سەر وایە، ئەو دیدەی فەیسەڵ تێڕوانینێكی وای لای نەوەكانی دوایی عێراق دروست كرد، بۆ ئەوەی عێراق بژی نابێ بێ سەر بێت، ئەم تێڕوانینە تاڵان و بڕۆ و غەنائیمی لە بیر و هۆشی عەرەبدا ئاودایەوە، بۆیە هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو دەوڵەتە، بە بەرنامەوە عەرەب بەرەو كوردستان هەڵكشا و وردە وردە خاكی كوردستان بە عەرەبكرا، لە شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی بیستەم، بە هۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە دەستەواژەی (شمالنا الحبیب) بەكارهێندرا، لە پەنای ئەم دەستەواژەیەدا، دەیویست وا پیشانی جیهان بدات كە شۆڕشەكە جەماوەری نییە، كوردیش هەڵخەڵەتێنێ كە لای بەغدا خۆشەویستە، عەرەبیش هان بدات كە دەهێنێ لەسەر ئەو باكوورە خۆشەویستە خۆی بەكوشت بدات.
دوای 1975 یش هەولێری كرد بە ناوەندی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و ئەنجوومەنی یاسادانان و ئەنجوومەنی جێبەجێ كردنی تیادا دانا، بەڵام ئەو دامەزراوانەی ئۆتۆنۆمی لەلایەن خەڵكەوە بە كارتۆنی ناودەبران، چونكە بەغدا ساڵی 1974 یەك لایەنە بەیانێكی راگەیاند و لەوەی لەگەڵ شۆڕشی كوردستان لەسەری رێككەوت بوو، پەشیمان بۆوە و شەڕی بەسەر كورددا سەپاندەوە، دواتریش هەولێری كرد بە پایتەختی هاوینەی عێراق.
دوای شەڕی یەكەمی جیهان، ساڵی 1921 لە هەرسێ ویلایەتی (موسڵ، بەغدا و بەسەرە) ی دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتێك بەناوی عێراق داتاشرا، بۆیە شێوەی ئەو دەوڵەتە نوێیە زیاتر لاكێشەیی هەڵكەوت لە ئاوی كەنداوەوە تا دەگاتە زاخۆ، لەبەرئەوە دەستەواژەی باشوور بۆ ناوچەكانی ویلایەتی بەسرە و ناوەڕاست بۆ ناوچەكانی ویلایەتی بەغدا و باكووریش بۆ ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ بەكارهات، كوردستان (ویلایەتی موسڵ) دوای پێنج ساڵ مشتومڕی نێوان توركیا و بەریتانیا لە 1926 بە عێراقەوە لكێندراوە.
راستە بەپێی دەستوور هێشتا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام كەی لە عێراق كلتووری قیمەت دانان بۆ دەستوور هەبووە، بەتایبەت لە دوای 2003كە بە حیساب عێراقێكی جیاواز بوو لە قۆناغەكانی پێشتر، بۆیە پێویستە هەندێ دەستەواژەی سەپێندراو لە یادگەی خەڵكی كوردستاندا بسڕینەوە، ئەمەش زەحمەت نییە بڕیاری دامەزراوەكان و هیمەتی میدیای دەوێت، چۆن لە 2014 ناوی (كۆبانێ) هاتەوە سەر زمان، داگیركردنی لەلایەن داعش و بەرگریی خەڵك و چوونی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوێ، بەكارهێنانی وشەی (كۆبانێ) لە جیاتی (عین العرب) كە رژێمی سوریا ناوی لێنا بوو، وای لێهات لە ئاستی جیهان كۆبانێ بەكاربێت، تەنانەت عەرەب كە (عین العرب)یان بەكاردێنا بۆئەوەی بزاندرێ كوێیە لە ناو كەوانەیەكدا دەیاننوسی كۆبانێ.
كاتی هاتووە چیدی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەكارنەهێنین، چونكە خۆمان ئیسپاتی دەكەین كە سەری عێراقین، كاتێ دەڵێین ناوەڕاست و باشووری عێراق، دەبێ ئەو دەوڵەتە باكووریشی هەبێت، بەمەش خۆمان هەرێمی كوردستان بە سەری عێراق دادەنێین، بۆیە پێشنیاز دەكەم بڵێین كوردستان و عێراق، نەك كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق.