ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە دیدیزانایانەوە

ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە دیدیزانایانەوە
مرۆڤایەتی بە درێژایی چەند دەە ھزار ساڵی ڕابردوو خەونی گەورەی بۆ بەختەوەری و خۆشبەختی خۆی بینیوە و خووڵیای گەیشتن بە یۆتۆپیایەکی ھەمیشەیی کە تێایدا مرۆڤەکان بە تێکڕا لەو پەڕی ئاسوودەیی و کامەرانی دا بن یەک چرکە ساتیش لە کۆڵی نەبووتەوە. ھەمیشە کاتی ژماردووە و لە چاوەڕۆانی ئەو ڕۆژە شتێکی بەرھەم ھێناوە کە ئیمڕۆ بەناوی کات دەناسرێتن. کات ئاماژەیەکە بۆ زۆر شت لە ژیانی مرۆڤ دا.ھەر بۆیەش دەبینین توانی وەک ئاماژە بۆ تێپەڕاندنی کات و دەم و گەیشتن بەو ڕۆژە مەزن، ھەڵسبستێ بە دانانی پێوەرێک کە لە یەکەکانی چرکە و خووڵەک و دەمژمێر و مانگ و ساڵ و سەدە و ھزارە پێکھاتووە. دیارە مرۆڤ لەو بیرۆکەیەدا پشتی بە تواناییەکانی مێشکی خۆی و ئاستی گۆنجانی ڕووداو و دیاردەکان لەگەڵ ئەو مێشکەدا بەستووە. شت ھەیە لەگەڵی نەگۆنجاوە بۆیە نەیتوانیوە بە جۆرێکی تر ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکاتن. کات ئەوەندە بۆ مرۆڤ ڕوون و ئاشکرا بوو کە لە چۆارچێوەی بیروبۆچۆن و بازنەی توانایی سایکۆلۆژیا و توانستی ھزری و مێشکەکەیدا دەگۆنجا، و لە دەرەوەی ئەو بازنەیە شتەکانی پەیوەست بە کات بە لایەوە زۆر گران و سەرسۆڕھێنەر و بەڵکۆ دەچووە خانەی ( خۆڕافات). خۆڕافەاتی ئەم بابەتەش وەک زۆر لە لایەنەکانی تری ژیانی مرۆڤ زۆر بە گرانی لەسەری ڕاوەستاوە و زۆر قۆربانیی لە پێناو داویەتی. خۆڕافات یەکێکە لە کۆسپە ھەرە سەرکییەکانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و بڕینی قۆناغی سەرکەوتن لەسەر ئاستی تاکی و کەسایەتی و سایکۆلۆژی و تەنانەت کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایینی و زانستی، بەردێژایی ھزاران ساڵی ڕابردوو، کە ڕاپەرینە مەزنەکەی ڕێنێسانس ئەو تەڵەسمەی شکاند و جووڵەیەکی نوێ ھاتە نێو گیانی شارستانیەت و مرۆڤایەتی دا.
ھاتنی زانا و فیزیکزانی گەورە ئەلبێرت ئەنشتاین یەکێک لەو ھەڵکەوتانە بووە کە گۆڕینێکی زۆر گەورەی لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و سایکۆلۆژیای ھزرکردنی مرۆڤایەتی دا کرد. بەر لە ھاتنی ئەو زانایە چاو و گۆێچکەکان و دڵ و دەروون و مێشکی مرۆڤ بۆ دەھان ھزار ساڵ وەھا ڕاھاتبوو کە پێی وابوو کە لە لایەنی ئەندازیاری و فیزیکییەوە شتەکانی فیزیکی لە جیھاندا تەنھا لە سێ ڕەھەند (بُعد) پێکدێن: بەرزایی و درێژی و پانتایی.ئەمە ڕەنگدانەوەی مێشک و ئاستی بیرکردنەوە و توانایی مێشکی مرۆڤ بوون و ئاماژەیەک بوون بۆ سنوورداربوونی.
بەڵام ئەنشتاین لە ڕێگەی ھاوکێشەی زانستی گەیشتە ئەوەی کە جگە لەو سێ ڕەھەندە، ڕەھەندیتری ئەندازیاریش لە جیھانی فیزیکی و کەرەستە و شتومەکەکاندا ھەیە و ئەویش دەم واتە کاتە(time). ئەوەیان دەستکەوت و داھێنان و شتێکی نوێ بوو. لەگەڵ ئەزموونی پێشتری ھزری و مێنتالی مرۆڤەکاندا نەدەگۆنجا.
دیارە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا، ھەمیشە ھەبوون ئەو ھەلپەرەست و بەرژەوەندیخواز و بیرتەسکەکانی کە مرۆڤەکانیان وا فێرکردبوو کە خاوەنی بیروباوەری نوێ کەسێکی دوژمن و کافر و زەندیقە و لە یاساکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و بیروباوەری باب و باپیران دەرچووە و لای داوە و پێویستە و دەبێ بکوژرێتن و دیاریشە کە زۆر پێغەمبەر و زانا و فەیلەسۆف پێش ئەنشتاین بەو دەردە چوون و کوژران و دەرمانخوارد یان ژەھر خواردکران و یان لە سێدارەدران یانیش سوتێنران. ئەو بیرتەسکانە ئێستاشی لەگەڵ دابێ ماون و لە ھەلی وا دەگەڕێن تا ئەو کارەساتانە دووبارە و سێ بارە بکەن.
ھەرچەند لە چەرخی بیستەم دا ئەو کارە لەگەڵ ئەنشتاین نەکرا چونکە ئاستی ھۆشیاری و مێنتالیتەی ھزر و ھەڵسوکەوت و بڕیاردانی مرۆڤەکان وەک جاران نەمابوو و گۆڕانی گەورەی بەسەدا ھاتبوو.ڕاپەرینی مەزنی ڕنێسانسی ئەورۆپا، قۆناغێکی مەزن لە پێشکەوتنی ئاستی ھزری مرۆڤەکان بوو. ئەو ڕاپەرینە بە ئەندازەی تەواوی شارستانیەتەکەی پێش ئەو کات و چەرخە بۆ مرۆڤ دەستکەوتی ھەبوو چونکە ئیتر لە ئەورۆپا وەک جاران لە کۆنی دەرزییەوە تەماشەی جیھان و یاسا و سروشت و مرۆڤایەتی و ژیان و ئایین و زانست نەدەکرا. ڕنێسانس گەورەترین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی بوو، و بە پێچەوانەی بۆچوونی ھەندێ کەس و لایەنی بیرتەسک و خۆپەرێست خزمەتێکی زۆری مرۆڤایەتیی کردووە و ھیچ پەیوەندی بە ئایین و یان نەتەوە و نەژاد و گرووپێک نیە بەڵکۆ دەستکەوتی مرۆڤایەتییە بە گشتی.
ھزاران ساڵ بوو کە مرۆڤ وایدەزانی کە کات و دەم تیپَەڕ دەبێ. بەڵام ئەنشتاین ئەو ڕێچکە ھزرییەی تێکشکاند و ئەفسانەی ئەو " دەم تێپەڕبوونەی" پووچەڵ کردەوە و سەلماندی کە نەک تە نیا کات تێپەڕ ناکات بەڵکۆ ئەوەی تێپەڕ دەبێ کاروانی مرۆڤایەتی و ئێمەین. ئەو بیرۆکە و قسە و دۆزینەوە زانستییە نە ئەوکات و لە وانەشە ئێستاشی لەگەڵ دا بێ لەگەڵ بیروباوەر و مێشکی زۆر کەس دا نەگۆنجێ، و ئەوە ھەمان ئەو گەمژەیی و نەزانیی مرۆڤەکانە، کە ھەمیشە وای بیر کردووە و بەھۆیەوە زۆر زیانی لە خۆی و مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی داوە.
ھەموومان دەزانین و لەوانەیە زۆر کەس بیری بێتن و بزانێ کە ئەگەر بەر لە سەدەیەک کەسێک باسی لە شتومەک یان کەرەستەیەکی بەناوی تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یان ئەنترنێت و کۆمپیوتەر و تایبەتمەندیەەکانی بکردبایە یان پێش پەنجا ساڵ ئەو کەسە باسی لە کەرەستەیەکی وەک مۆبایلی بکردبایە ، ئەو کەرەستە سحراوییەی ئەمرۆکە بووتە گاڵتە جارێی منداڵانی کۆڵان و گەڕەکەکان،بە سەدان کەس و بەر لە ھەموویان مامۆستایانی ئایینی ئەو مرۆڤەیان بە لادراو لە ئایین و کافر ھەژماردەکرد و فتوای کۆشتنیان بۆ دەردەکرد و خەڵکیان بۆ ئەم کارە ھان دەدا.
دیارە پاڵنەری سەرەکیی ئەو جۆر ڕەفتار و فەتوا و کار و باوەرانە تەنھا و تەنھا بەرژەوەندی بوون، کە ھەندێ مامۆستایانی ئایینی بیر تەسکی ئەو کات وایان دەزانی بە ھاتنی ئەو بیروباوەرە نوێیانە بۆ نێو مێشکی خەڵک مێشکیان زیاتر دەکرێتەوە و ئەوان چیتر ناتوان بیروباوەرەکانیان بە سەر ئەوان دا بسەپێنن. وایان دەزانی قووتیان ( ڕزقیان ) دەبڕدرێتن.ھەرچەندە زۆر جاران شتە نویێەکان قازانجێکی زۆری بۆ مرۆڤەکان ھەبووە و ژیانی سەردەم قەرداری ئەو بیروباوەر نوێیانەن.
ئەمرۆ و دوای چەند سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕپەرینە و چەندین دەە ساڵ تێپەڕبوون لە دۆزینەوەی ئەنشتاینئێمە لەوە گەیشتوین کە ئەو چرکە و خووڵەکە و ڕۆژ و ھەفتە و مانگ و ساڵ و سەدە و ھزارەی، کە تا ئەو کات لێی تێگەیشتبووین لە بنەڕەتدا لە ناوەڕۆکی سروشت و یاساکانی دا بوونی ھەیە و جێگیرکراوە و ناجوڵێتن. بە واتایەکی تر ئەوان و ئەو دەمە تێپەڕ ناکاتن بەڵام ئێمەین کە لە لایەنی کاتییەوە دەجووڵێین و لە کات بۆ دەم و داتێکی تر تێپەڕ دەبین و لەبەردەم خاڵی دەمدا دەرباز دەبین. واتا ئەو پێوەرە، ئەگەر وەک میلیمەتر و سانتیمەتر و دێسیمەتر و مەتر و کیلۆمەتر و فووت بۆ پێوانی درێژایی و پانتایی و دووری شتەکان لە یەکتری، و سی سی و میلی لیتر و لیتر بۆ پیوانی قەبارەی شتە شلەمەنیەکان، و پیوەرەکانی تری ھاوشێوە دروستیش بن، بەڵام دەکرێ لە جیاتی پیوانی تێپەڕبوونی کات و دەم بەکار بھێنرێتن بۆ پیوانی تێپەڕبوونی ئێمە و ڕووداو و مێژوو لەبەردەم خاڵ و وێستگە و ڕەھەندی کات و دەم.
بابەتی دەم و تێپەڕبوونی ئێمە بە قەراخی دا وەک نموونەی خوارەوەیە: کەسێک بیەوێ لە شارێکی کوردستانی ڕۆژھەڵات بێتە شاری ھەولێری پایتەخت، و بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر لە مھابادەوە بەڕێ بکەوێ و دێتن بۆ شاری نەغەدە و دواتر بۆ شنۆ و ئینجا پیرانشار و تا ئاودیوی سنووری کوردستانمان دەبێ و دێتە چۆمان و سۆران و حەریر و شەقلاوە و سەلاحەدین و تا دەگاتە ھەولێری پایتەخت. دیارە ئەو شار و شارۆچکانە ھەن و لە نەخشەی جۆگرافیایی ناوچەکەدا دامەزراوەن و جێگیرکراون و تەنھا مرۆڤەکانن لە بۆی دەچن یان لێی دەردەچن.
سەبارەت بە کاتیش بە ھەمان شێوە. چرکە و خوولەک و ... ھتد، و یەکەکانی ھاوشێوەی وەک ئەو شارانەن و لە بنەڕەتدا ھەن و جێگیرکراون و ئەوە ئێمەی مرۆڤەکان و ڕووداو و کارەسات و دیاردە مرۆڤی و کۆمەڵایەتیەکانین لێی نزیک دەبینەوە. واتە ئەو " کاتە" وەستاوە و ناجووڵێتن و جێگیرە، تەنھا ئەوە ئێمەین کە دەجووڵێین و تێپەڕ دەبین و بەڕێدەکەوین تا ئەو کاتەی دەگەین بە ھەر یەک لەو خاڵ و دەم و یەکەیانە.
ئەمڕۆ یەکێک لە دیاردە و باس و خاسەکانی تاکی کوردستانی " دەوڵەتی کوردستانە" و ڕیفراندۆمی ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتەن کە جیھانیش چاوەڕێی ھیمەتی ئێمەی کوردستانیان دەکاتن، و ھەموویان ھاوڕان کە ئەو دەوڵەتە سەبەتێک سێو و پرتەقاڵ و مێوە نیە کەسەک بیەوێ پێشکەشی ئێمەی کوردستانی بکاتن، بەڵکۆ خۆمان دەبێ ئەو مێوەیە بەدەست خۆمان لە دارستانەکەی جیھالن لێبکەینەوە. ئەگەر ئێمە بەو نیازە بین کە خەڵکی بۆمان دروستی بکاتن چەند ھزار ساڵی تریش دەبێ دەستەوئەژنۆ دابنیشین و چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بکەین، کە بێگۆمان تا ڕۆژی ( قیامەت ) دڕێژەی دەبێ.
ئەگەر ئێمە ئەو دەوڵەتە بە پیوەر و ھاوکێشەکانی ئەنشتاین لێکبدەینەوە ئەومان بۆ دەردەکەوێ کە ئەو دەوڵەتە لە ئەزەل و بنەڕەتدا دروست و جێگیر کراوە و ھەیە، و بە پێی یاسا سروشتیەکان و ڕوانگەی زانستیانەی بیردۆزەکەی ئەنیشتاین، لە ھەبوونی دا ھیچ گۆمانیک لە ئارادا نیە، و ئەو دەمەی کە ئێمە باسی لێوە دەکەین نەک ئەو دەمەیە کە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین تا تێپەڕ ببێ تاوەکو ئەو دەوڵەتە دێتە سەر نەخشەی جۆگرافیایی جیھان، لە ڕاستیدا ئەو دەمە ئەو کاتەیە کە ئێمە لە لاپەڕەکانی مێژوو دا دەستمان پێی کردووە و تیایدا بەڕێ کەوتووین و ئێستاکەش لە ڕێگەداین تاوەکو دەگەین بەو وێستگە و خاڵەی کە ناوی " دەوڵەتی کوردستانە". چونکە وەک دیارە" ڕن الساعە آتیە لا ریب فیھا ".
بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نیە ئەگەر لە کوردستان و جیھان دا کەس و لایەن و تەنانەت وڵات و لایەن و پارتی سیاسیش ھەبن، و لە ئەگەری تێنەگەیشتن لە یاساکانی سروشت، بیانەوێ و کار بکەن بۆ لەباربردنی یان وەک بە خەیاڵی خۆیان لە پێناو نەبوونی و نەھێشتن بۆ سەرگرتنی ئەو خەونە دێرینەمان.ئەگەر چی زۆرێک یان ھەندێک لە ئەوان بە ڕاشکاوانە وا ناڵێن و یان لە ترسی ڕای گەشتی ئاشکرای ناکەن، و لە ھەمان کاتدا خۆشیان لە خۆیان بە گۆمانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دژی پێلەکانی دەریا مەلە دەکەن و لە دژی ئەو دەوڵەتە دەجووڵێنەوە و تەنھا لەبەر ئەوەی کە کەسان و وەڵاتانێک ھەن ئەوەیان لێ داوا دەکەن. ئەو وڵات و کەس و لایەن و پارتانە جگە لەوەی کە بە ڕیشی خۆیان پێدەکەنن، وەک مرۆڤی ساویلکەی کۆن، مێشکیان ئەوەندە بچوکەو مەودای بیرکردنەوەیان ئەوەندە تەسک و سنووردارە، کە یاسایەکی بەھێز و ڕاستەقینەی لە جۆری بیردۆزی ئەنیشتاین لە بارەی چەرخی سووڕانی سروشت جێگەی تیایدا نابێ. ئەوان نازانن ھەوڵەکانیان لە دژی پێلە بەھێزەکانی سروشتدا ئەوەندە بچوک و لاوازن کە ھێزەکەی ناگاتە ئاستی ڤزەڤز و پڕپڕی باڵەکانی مێشووڵکە یان پێشکەیەک لەچاو ئەو یاسا باڵا دەستانەی سروشت، بەڵکۆ زۆر زۆریش کەمترە.
لەو جیھانە گەورە و لە بن نەھاتووە دا " دەوڵەتی کوردستان" لە خاڵێکی دیاریکراوی جۆگرافیایی-دەمی دا جێگیر کراوە، بەڵام تەنھا ئەو شتەی کە ڕوون و ئاشکرا نیە ئەوەیە کە بە پێی پێوەرەکەی مرۆڤایەتی چەند کاتی دەوێ تا ئێمەی مرۆڤایەتی بگەین بەو خاڵە و وێستگەیە. خێرایی گەیشتنمان پێی پەیوەستە بە شێوازی بڕیار و ھەڵسوکەوتەکانمان لەگەڵ دیاردە و ھەڵویستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانمان، کە پێمان دەڵێن ئێمە چۆن و کەی پێی دەگەین.
بۆ نموونە بمانەوێ دیار دەی ناوبراو بە نموونەیەکی فیزیکی شیبکەینەوە، دەبێ بڵێن ئەگەر ئەو بابەتە لە شێوەی ئۆتۆمبێلەک دابنێین، دەبینین ئەگەر ئێمە بە خێرایی ( ٣٠) کیلۆمەتر لە دەمژمێرێک دا بھاژۆین لەوانەیە چەند سەد ساڵێکی تر بخایەنێ و ئەگەر خێراییمان ( ١٠٠ ) بێ بەڵکۆ سەد ساڵی پێبچیتن، و ئەگەر بگاتە سەد و ھەشتا و زیاتر لەوانەیە کە سێ یان چار پێج ساڵی پێویس بێتن تا بگەین بەو خاڵە و وێستگەیە.
ئەوەی کە لێرە دا گرنگە بگۆترێتن ئەوەیە کە ئەوەی ھەندێ لایەن و وڵاتی نەحەز دژی " دەوڵەتی کوردستان" دەیکەن،ھیچ نیە جگە لە لەمپر خستنە بەر تایەکانی ئەو ئۆتۆمبێلەمان، کە لە دێر زەمانەوە بەڕێکەوتووە و تا ئەو کاتەی دەگاتە وێستگەی خۆی، و ئەو وێستگەیەی کە ئێمە مانان خەونی پێوە دەبینین و بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی سایکۆلۆژی و سیاسی و خۆراکی و کۆمەڵایەتی خۆمان بە گرنگی دەزانین. ئەوەتا نموونەشی ئەو قووتە ئاساییەی کوردستانیان بوو کە ڕژێمەکەی بەغدا ئەو مووچەیەی بڕی و ھزاران کارەساتی تری خستە سەر کارەساتەکانی پێشتری ڕژێمە خوێنمێژەکەی بەغدا و بەعسی فاشیستی و شۆڤینی و سەدامی گۆڕ بە گۆڕ. واتا بە بندەستبوونامان ھەتاھەتایە ئەو کارەساتانە بوونیان دەبێ.
لێرەدا گرینگە بگۆترێتن کە پێویستە زڵھێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕوسیا و بەریتانیا و فەرنسا و وڵاتانی دەوروبەر و پارتە سیاسیەکانی کوردستان باش بیر خۆیان بێنن، کە وەک چۆن زانایەکی گەورەی وەک ئالبێرت ئەنشتاین ئاماژە بە یاساکانی سروشت و نھێنیی دەم دەداتن، بەڵگەی بەھێزن کە دەسەلمێنن ئەو دەوڵەتە دامەزراوە و دانراوە و جێگیرکراوە ، تەنھا ماوە کە ئێمەی کوردستانیان و جیھانیان، کە لە نێو پاپۆڕەکەی ژیان و لە ڕێگەداین بگەین بەو خاڵە. واتە کەس لە جیھاندا ناتوانێ لە یاساکانی سروشت لا بداتن. ھەر جووڵەیەکی دژی ئەو یاسایە تەنھا ئەنجامەکەی ڕووڕەشی و ڕیسواییە بۆ ئەو وڵات و کەس و لایەنانە، و ئەوانەش کە قسەیەکی خێری لێوە دەکەن، ئەگەر لە ڕۆانگەی ئایینییەوە بمانەوێ بلێین، نامەی کرداری خۆیان دەوڵەمەندتر دەکەن و بەردێک و خشتەیەک دەخەنە سەر ئەو خشتانەی ئەو خانوویەی کە جیھانی دوایی دا و لە بەھشت دا بۆیان ئاوەدان دەکرێتن، و ئەگەر بمانەوێ وەک زانست لێکی بدەینەوە، ئاسۆدەیی دەروونی و سایکۆلۆژی بۆ خۆیان و خەڵکانی تر گەرەنتی و مسۆگەر دەکەن و خۆیان لە ململانێ دەروونیەکان دەپارێزن و ئەوەش سەرچاوە و دەستپێکی خۆپاراستنەوەیە لە زۆرێک لە گیر و گرفت و نەخۆشییە کۆشندە دەروونیەکانی ژیانی کوردستانیان کە لە ماوەی سەدان ساڵی ڕابردوو مەلیۆنان قۆربانیی لێکەوتووە و کەم نەتەوە و مرۆڤێک ھاوشێوەی ئەو کارەساتانەی لێقەوماوە.
سەرچاوە: ھەموو بەرھەمەکانی خۆالێخۆشبوو عەلی وەردی و بەتایبەت (١- وعّاڤ السلاگین ) و (٢- مھزلە العقل البشری).
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/ زانـــینگـــەی زاخۆ

Top