دەوڵەتبوونی کوردستان لە نێوان فەلسەفەی سەرۆک بارزانی و تیۆری ھانتیگتۆن
September 14, 2017
وتار و بیروڕا
لەوانەیە لە پسپۆری ئێمەدا نەبێ کە شرۆڤەیەکی گۆنجاوی سیاسیانەی بدەینێ، بەڵام پێدەچێ گریمانەکانی گرنگی ھانتیگتۆن، و بەتایبەت ئەوەی ئایینییەکەی، لێکدانەوەیەکی ململانێی ڕۆژئاوا و ئیسلام و ئایینەکانیتری ڕۆژھەلاتی، وەک کۆنفۆشیۆسی و ھیندۆسی و شینتۆ و بودایشی تێدا بێ، و لەو ڕۆانگەیەوە دانرابێ، و ئەوە بۆ نووسەر گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە کە گریمانەکەی ھانتیگتۆن لەسایەی سەرھڵدانی ھەندێ باوەری نوێ لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوین و لەوانەشە دەوڵەتی کوردستان ئەزموونێکی نوێ و بەپێچەوانەوەی تێزەکەی ئەو بێ.
زۆر جار، وەک تیۆرییەکەی ئایزێنکی دەروونناس لە بیردۆزەکەی دا باس دەکاتن، کەسانێکی خاوەن ساخڵەتی تایبەت، دەبن بە ئەگەری ڕەفتارێک کە بەرھەمی ئەو خەسڵەتە تایبەتەی ئەوە، و کەسانیتر نیانە، و لێرە دا جەنابی سەرۆک بارزانی وەک نموونە، ئەو خاوەن ھزرەیە کە، بەپێچەوانەی تیۆرییەکەی ھانتیگتۆن دەتوانێتن دەوڵەتێک بنیات بنێ کە بنەچەکەی لەسەر ھەوێنی ئایینی نەبێ. بەواتایەکیتر فاکتەری ئایینی تیایدا یەکێک لە زۆر فاکتەرەکان، و لەوانەشە دوایی زۆرێک یان ھەمووی دێتن.
لە ڕۆانگەی جەنابی بارزانی، مرۆڤایەتی گرنگە، بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو وڵاتە. پرسیار ئەوەیە ئەو شێوازەی داڕشتنەوە سیستەمی وڵاتداریەتی لای جەنابی بارزانی لە چیەوە دێتن، لە کاتێکدا کە لە زۆر وڵاتی جیھان و بەتایبەت ناوچەکە فاکتەری ئایینی بە یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی دانانی دەوڵەت دەزاندرێتن، و تیۆرییەکەی ھانتیگتۆنیش تا ڕادەیەک وایە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەزموونی زۆر وڵات و بەتایبەتیش ناوچەی پڕ لە گیروگرفت و کێشمەکێش و ململانێیە جیاوازەکانی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و جۆگرافیایی و کەلتووری و پەروەردەیی و ... ھتد، سەرنەکەوتنی ئایین لە دەوڵەتداری پیشان دەداتن، و ئاراستەکانی دامەزراندنی وڵات خەریکە دەگۆڕدرێتن، و نموونەکانی وەک کوردستان ئەو ڕاستیە دەردەخەن، بە پێچەوانەی بیروباوەرکانی مارکسیزم-لینینیزمی جیھانی و کۆمۆنیزم، فاکتەری نەتەوە دەکرێ ببێتە یەکێک لە باشترین ئەلترناتیڤە بەھێزەکانی دانانی بەردی بناغەی دەوڵەت لە ناوچە و جیھان. بەتایبەت کە نەتەوە، بە ھەموو پێکھاتە ئایینییەکانیەوە، جگە لە ئەزموونێکی ھاوبەشی فەرھەنگی و کەلتوووری و کۆمەڵایەتی، بە ھەمان ئاراستە ئەزموونێکی تاڵی سایکۆلۆژیی ھاوبەشیان لە ئێش و ئازارەکانی مێژوویی قۆناغەکانی بندەستیان لە ناخ و دەرووندا ھەڵگرتووە و بینیوە، بۆیە وەک یەکتر و بە یەک چاو لێی دەڕوانن. ئەوەتا لە کوردستان نموونە ھەرە زیندووەکانی تاوانەکانی ئەنفاڵ و حەلەبچە و ... و شنگال و ... ھتد، کە کوردەکان وەک یەک ڕووبەڕووی ئەو تاوانانە بوون، بە بێ جیاوازی ئاییینی.
ئەوەی جێگەی تێڕوانین و بایەخە ئەوەیە کە کەسایەتیەکی وەک بارزانی خاوەن ئەو بیرۆکەیەیە. ئەگەر لە گۆش و کەناری جیھان ڕۆانگەیەکی وەھاش لە ئارادابێ جێگەی سەرسۆڕمان نیە، چونکە ھیچ نەبێ ڕەوڕەوەی سکۆلاریزمی سیاسی باڵی بەسەر مێنتالیتەی سیاسی پارتە سیاسییە چەپەکان کێشاوە، و تەنانەت پارتی ئیسلامییە سیاسییەکانیش دوور و نێزیک لە ستراتێژیک و تەکنیەکەکانی ئەو جیھانبینیە سیاسییە بۆ برەودان بە پارتەکانیان و ڕاکێشانی خەڵکی بۆ نێو ڕیزی پارتەکانیان، سوودی لێوەردەگرن.
بەواتایەکیتر تر جەنابی سەرۆک بارزانی بە پێشخانێکی ئایینی و لە بنەماڵەیەکی ئایینداری ناسراوی کوردستان و ناوچەکە، خاوەنی ئەو بیرکردنەوەیە، خۆی لە خۆیدا جێگەی تێبینییەکی ئەرێنی و نیشاندەری ئاسۆیەکی گەشی دەوڵەتداری و دابەشکردنی وڵاتان لەسەر بنەمای سیاسەتی " نە ئایین بەڵکۆ مرۆڤایەتی و نەتەوەکان "، وەک فاکتەرێکی سەردەمیانە و ئەلترناتیڤێکی چاەرسەرکەری زۆرێک لە کیشەکانی دەستھەڵات لە ناوچەکە، جێگەی سەرسۆڕمانە و شتێکی نوێیە و سەرکەوتنێکی باشی بەدواوەیە، ئەگەر گیروگرفتەکانی ناحەزان پەکی نەخاتن، چونکە پیلانەکانی دژمنان جگە لە نەبوونی بەزەیی بە مرۆڤە لێھاتووەکان بۆ دانانی بەردی بناغەی دروست، ھیچ بەھایەک بۆ مرۆڤەکان و ئێش و ئازارە ڕۆحی-سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیەکانی دانانێتن، و ئەوە ھەمان ئەو ئەزموونە تاڵەیە کە ئێمەی کوردستانی بەدرێژایی چەندین ساڵ و سەدەی ڕابردوو چێشتوومانە.
بیرکردنەوە ژیرانەی جەنابی بارزانی، لەگەڵ ئەوەی کە بەردەوامی ئەو تایبەتمەندییە جوانەیە، کە ئەکادیمییەکانی کوردستان بە دووربوونی مێنتالیتە( عەقلیەتی) کوردستانیان، و بەتایبەت کورد، لە دەمارگیری ئایینی دەزانن، نیشانەی ئەزموونێکی ناخۆشی ئەو ھەستە ناخۆشەیە کە ئێمەی کورد لە سایەی ئەو جۆرە دەماگیرییە دۆگماتیزمانەی نەتەوەکانی دەروبەر چێشتوومانەشە. ئەو سەرچاوانە بە ھێنانی سەدان نمونە ئەو دووربوونەی نەتەوەی کورد لە ھەستی ڕەگەزپەرێستی دەمارگیرانە و شۆینیانە دەسلمێنن و دەردەخەن کورد لە سەردەمی بندەستی و دەستھەڵاتدا ھەمیشە وەک یەک ڕەفتاری کردووە و بێزار و دووربووە لە دۆگماتیزمی ئایینی.
لە لایەکیتریشەوە ئەو چەند دەمارگیرییەی کە لە ھەندێ قۆناغ لە تاکی کوردی و دژی برا کوردەکانی مەسیحی یان ئەرمەنییەکانی مەسیحی یان ئێزدیەکانی کورد یان نەتەوەکانیتر بینراوە، بەرھەمی کاریگەری نەرێنی ھەندێ کەس و لایەن بووە، کە ھانی تاکی کوردی داوە ئەو تاوانانە ئەنجام بداتن، و ئێمە بۆ ئەوە داوای لێبۆردنیان لێدەخوازین.
جگە لەوەش جەنابی بارزانی پەروەردەی قوتابخانەیەکی خێزانی و فەلسەفەیەکی جوانی کەلتووری کۆمەڵایەتیی ناوچە و بنەماڵەیەکە، کە زۆر کەس تیایدا ھەمان ئەو کەلتوورە جوانەی نادەمارگیریان ھەبووە، و نموونەیەکیان لە لایەن قەشە براکانی دی. ڤی. ئەی. ڤیکرام و برایەکەیەوە لە پەرتووکی " ڕۆژھەڵاتی کوردستان بێشکەی مرۆڤایەتی" نوسیوە، کە لە ساڵانی نێوان (١٩٠٦-١٩١٦) لە ناوچەی ھەکاری ژیاون و ئاشناییان لەگەڵ شێخ عەبدۆلسەلام بارزانیان پەیداکردووە، کە بەوپەڕی ھەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر کورد و مەسیحیەکان، ڕێزگرتن لە ئەوان و تەماشەکردنیان بە یەک چاوی بە باشترین بنەمای دەستھەڵات زانیوە و بەو شێوەیە توانیویەتی یەکسانیان بۆ دابین بکاتن. ئەو شێخە وریایە ئەوەی بە بنەمایەکی دروست و گۆنجاوی زانیوە بۆ برەودان بە ژیانێکی ئاسایی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و سایکۆلۆژی، و مسۆگەرکردنی ئاسایشی ھەموو لایەنەکان.
بەم شێوەیە ئاشکرا و ڕوون دەبێتەوە کە بنەماکانی جەنابی بارزانی، لە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ھاوبەش و تێکەڵاو بە یەکسانی مرۆڤی، ھەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە زۆرێک لە بیرمەندان، ھەمیشە وەک مەرجی دانانی وڵاتی نوێ دەیانەوێ پیادەی بکەن، چونکە سەرکەوتنی وڵات لەوە دا دەبینن، و بەتایبەت کە سەردەمی ئێستامان بە سەردەمی ئازادی مرۆڤ و نەتەوەکان ناسراوە. فەلسەفەیەکی سەرکەوتووی بەم شێوەیە دەتوانێ ببێتە یەکێک لە جوانترین نموونەکانی ڕۆژھەڵاتی نلاوەڕاست و ناوچەکە، کە خریکە لەژێر ھەژمۆنی درۆینی بەناو ئایین کەرامەت و پرستیژی مرۆڤایەتی دەخرێتە بن پێ و ژێر پرسیارەوە، و بە تایبەت ئەو کەس و لایەن و وڵاتانەی کە خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینە ی ئایین دەزانن، لە کاتێکدا ھەموو ڕەفتار و کردار و ھەڵوێست و بڕیار و گۆتارێکیان نەک تەنیا دژ و بەپێەوانەی ئایین و مرۆڤایەتییە، بەڵکۆ ئەو پەڕی دڕندایەتیشی تێدایە و خەریکە ئازادیی مرۆڤەکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە ھۆکاری کارەساتی زۆر ترسناک، ترسناکتر لەوانەی کە بەداخەوە لە ساڵان و سەدەکانی پێشووتر دووبارە و سێ بارەکراون، و گەورەترین قۆربانیی ئەم ڕەفتارە قێزەوەنەی ژێر ناوی ئایینیش کورد و کوردستانیان بوون.
سەرچاوەکان:
١. Huntigton S.Ph.) ١٩٩٣:(The clash of civilizations. Jurnalforign affairs.Vol.٧٢.No.٣. p.٢٢-٤٩.
٢. HuntigtonSamoel Ph.) ٢٠٠٩:(The clash of civilizations. Jurnal Classical education sources. Sociology, by: Kurt Finesterbucsch, McGraw-Hill, p.٢٢٣-٢٣٥.
٣. احمد محمود الخلیل (٢٠١٣): الشخێیە الکوردیە.
٤. ھوکر گاھر توفیق (٢٠١٢): الکُرد و المسڕلە الڕرمنیە(١٨٧٧-١٩٢٠) (ڕگروحە الدکتوراە المنشورە).
٥. عبدالمجید ع. زیباری(٢٠٠٩): تاریخ کوردستان یبدڕ من کھف شاندر.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ