رۆژی ٢٥/٩ جەژنی گشتپرسییە بۆ کوردستان

رۆژی ٢٥/٩ جەژنی گشتپرسییە بۆ کوردستان
گشتپرسی بریتیە لە دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ھەڵبژاردنی وەڵامێک" بەڵێ" یان"نەخێر" لەسەر پرسێکی دیاریکراو، بە مانایەکی دیکە، گشتپرسی ڕێگەیەکە ھاونیشتیمانیان دەیانەوێت بەشداری راستەوخۆیان ھەبێت لە پرسە چارەنووسازەکاندا. بۆ نموونە لە ١٨ی سێپتمبەری ٢٠١٤ دانیشتوانی سکۆتلاندا گشتپرسیان ئەنجامدا بەمەبەستی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە شانشینی بەریتانیا.
گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی مافێکە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەگشت گەلانی جیھانی داوە، مێژووی تاڵ و رابردووی پڕ ناسۆر، سەڵماندویەتی خاکی ھەرێمی کوردستان ھیچ کات بەشێک نەبووە لە عێراق، سەرچاوەی ئەو ھەموو نەھامەتی و دەردەسەریەی بەسەر کوردستاندا ھاتووە ئاکامی ئەو غەدرە بووە کە بە زۆر کوردستان بە عێراقەوە گرێدراوە، ئەم پێکەوە لکاندنە زۆرەملێیەش ھەموو کات سەرچاوەی کێشە بووە، تا ئەم غەدرەش راست نەکرێتەوە، ئەوا عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
لە ماوەی چارەگە سەدەیەکی رابردوودا، ھەرێمی کوردستان توانیی نموونەیەکی تازە و جوان پیشانی ھەموو جیھان بدات، ھەروەھا توانیوویەتی چەندان خاڵی بەھێز دروست بکات کە سەرنجی وڵاتە پێشکەوتو و زڵھێزەکان بە لای خۆیدا رابکێشێت، لە بەرانبەریشدا دونیا بەشێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکات.
گشتپرسی، وەک پرسێکی گرینگ و ھەنووکەیی، ماوەی چەند ساڵێکە، بووەتە جێگەی قسە و باسی زۆر، بەڵام لە دوای دەستنیشانکردنی کاتەکەی"٢٥ ی ئەیلوولی ٢٠١٧" گشتپرسی و سەربەخۆیی، چووە قۆناغێکی دیکەوە، ئیدی بووە واقیعێکی بەرجەستەکراو کە دەبێت سەرجەم پارتە سیاسیەکان وەک دەرفەتێکی مێژوویی لێی بروانن و کاری بۆ بکەن.
گشتپرسی توانی گوتاری سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان یەکبخات، تەنانەت بەو پارتە سیاسیانەش کە پێیانوایە لە ئێستادا گشتپرسی سەرکەوتوو نابێت، یاخود بیانوگەلێکی بێ بنەما بۆ نەکردن و دواخستنی دەدۆزنەوە.
کورد خاوەنی ھەموو خەسڵەتێک و ھەلومەرجێکی لەبارە، ھیچی لەو میللەت و نەتەوە پێشکەوتوانەی سەر گۆی زەویی کەمتر نییە و شیاوی ئەوەیە: خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت و لەنێو نەتەوەکانی جیھاندا سەر بڵندانە ئاڵای نەتەوەکەی بدرەوشێتەوە.
جەژنی گشتپرسی و شەمەندەفەری سەربەخۆیی، وەھا بە سانایی نەگەیشتووەتە ئەم وێستگەیە، بەرھەمــی شەونخونی و خەباتی بێ پچرانی سەدەیەکی کوردە.


Top