ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ بنیاتنانی دەوڵەت

ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ بنیاتنانی دەوڵەت
یەكێك لە كولەكە سەرەكییەكانی هەر نەتەوە و دەوڵەتێك، هەبوونی ئابوورییەكی سەربەخۆی بەهێزە، كاتێك حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، هەر جارە و بە بیانۆیەك فشاری بۆ هەرێمی كوردستانی دەهێنا، هەر لە غافلاندنی جێبەجێ‌ نەكردنی ماددەی 140ەوە بگرە تا نەناردنی بۆدجەی پێشمەرگە و بڕینی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، تاكوو دەركردنی وەزیرەكانی كورد و بێدەسەڵات كردنیان، ئەمانە و چەندین هۆكاری دیكەی پراكتیكی، وایان كرد كورد وشیار ببێتەوە و بیر لە چارەسەرێكی ئێكجارەكی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش یەكەم هەنگاو بۆ رزگار بوون لە ژێر دەستی و گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەی كورد، نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێكی گرنگینا و دەستی كرد بە بنیاتنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەر زوو هەستی بە مەترسی بڕینی بۆدجەی هەرێمی كوردستانی كرد لە لایەن عێراقەوە، بۆیە دەستی كرد بە هێنانی كۆمپانیای بواری نەوت و گاز و دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەناردە كردنی لە لایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە. هێنانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهانی لە بواری نەوت و گاز، كارێكی هیندە ئاسان نەبوو، بە تایبەت لە بارودۆخێك و ناوچەیەكدا، كە چەندین ساڵە لە ئاسمانەكەی ئاسن و ئاگر دەبارێت و لە زەوییەكەش، خوێن و دەست پێی مرۆڤەكان. ئەویش بە هۆی ناكۆكی و ناتەبایی و نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی. هێنانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بۆ هەرێمی كوردستان، شۆڕشێك بوو كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی و هەر بە هۆی ئەم كۆمپانیا گەورانەوە بوو كە هەرێمی كوردستان لە هەر مەترسییەك پارێزرا و دەپارێزرێت، چۆنكە ئەم كۆمپانیا گەورانە، تەعبیر لە وڵاتانی خۆیان دەكەن و هیندەی سیاسەت كاریگەرییان هەیە لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی وڵاتانی خۆیان. ئەم كۆمپانیا گەورانە رۆلێكی گەورەیان گێڕا لە بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانی نەتەوەی كورد و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی. ئەمە لە كاتێكدایە كە، هێنانی ئەو هەموو كونسۆلخانەی وڵاتانی زڵهێز، كارێكی هیندەی شۆڕشەكانی كورد بوو و هەر بە هۆی ئەم كونسۆلخانانەوە بوو، ئەم كۆمپانیایانەش لە هەرێمی كوردستان مانەوە و پڵانی درێژخایەنیان داناوە بۆ كار كردن لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەتی حەكیمانە و متمانەی حكوومەتی هەرێم بوو كە وای كرد، كۆمپانیا و كونسۆلخانەكانی وڵاتانی زڵهێز، پشتگیری لە هەرێمی كوردستان بكەن و ددان بەوەدا بنێن كە باشووری كوردستان مافی بڕیاردان لە سەر چارەی خۆنووسین هەیە و پێویستە ببێتە دەوڵەتێكی بەهێزی ناوچەكە و پشتگیری لە ریفراندۆم بكەن.
كارێكی هەرە گەورەی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە كە، توانی رووی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە وڵاتی عێراق وەرگێڕێت بۆ هەرێمی كوردستان و، ئەمەش لە مێژوودا وێنەی نەبوو. لە مێژوودا یەكەم جارە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت و گاز و زۆرترین كونسۆلخانە، كاری خۆیان لە حكوومەتی مەركەزی و وڵاتێكی وەكوو عێراق بگوازنەوە بۆ هەرێمێكی سەر بە هەمان وڵات. بۆیە پێویستە ئەمانە لە بەر چاو بگرین و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.
ئەگەر نێچیرڤان بارزانی ئەم كارانەی سەرەوە باسمان كردن نەیكردبوایە، نەدەبووینە خاوەن دەوڵەت و ئێستا نەماندەتوانی گشتپرسی بكەین، لێ‌ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان توانی كوردستان بكاتە خاوەنی سەرمایەی سەربەخۆ و ئەمڕۆش بەرەو دەوڵەتی كوردی هەنگاوی پراكتیكی دەنێین.
Top