سلێمانی هەرجارە قوربانی هەڵتۆقینی هێزێکە
September 13, 2017
وتار و بیروڕا
تێکڕای ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی لەپاڵ ئەوەی لەقۆناغە جیاجیاکانی شۆڕشو لەسەرپێڕاگرتنی هێزە سیاسیەکانو راپەڕینە گەورەو بچوکەکاندا خوێنێکی زۆریان بەخشیوەو ئاوارەییو راگوێزانی گوندو قەزاو ناحیەکانی زۆر بینیوەو ئینجا ئەنفالو کیمیاباران وەک دو تراژدیترین رووداوی ئەم ناوچەیە بونەتە بەشێکی گرنگ لەناسنامەی نەتەوەیی ئێمە، ئەی بۆ لەئێستادا کە کەوتوینەتە بەردەم دەرفەتێکی مێژویی، خەمساردترین پارێزگا هەر لەشەقامو بازاڕەکانیەوە تا دەگاتە میدیاکانیو لەوێشەوە بۆ حزبە شەرمنەکانی ئەم پارێزگایە کە خۆی ناکاتە خاوەنی ئەو ئامانجە مەزنەی ساڵەهایە خوێنی بۆ دەبەخشێو خەباتی لەپێناودا دەکات پارێزگای سلێمانییە؟
یەکەم / سلێمانی وەک قوربانی باڵ باڵێنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:
ئەو باڵ باڵێنەی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەیە وەک هێزێکی سیاسی باڵادەستی رەها لەپارێزگای سلێمانی، وایکرد سلێمانی دوابکەوێ لەزۆر روەوە، دەکرێ دو نمونەی دەرئەنجامی ململانێکان بخەینەڕو کە دانیشتوانی سلێمانی تێیدا زەرەرمەند بون:
-هەر بەرپرسێکی ئیداری لەم ناوچەیەدا لەلایەن باڵێکی ناو یەکێتییەوە دانرابێ لەلایەن باڵەکانی دیکەوە هەوڵی شکستپێهێنانو سەرنەکەوتنی بۆدراوە، جا ئەم پەرووباڵبرینە لەسنوری پارێزگارو قایمقام وبەڕێوەبەری ناحیەو بەرێوەبەری فەرمانگەیەکدا نەماوەتەوە، بەڵکو تا ئەو ئاستەی هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی پۆستی سەرۆکی حکومەتیش لەلایەن باڵەکانەوە لەئارادابووە، بۆ نموونە بەرێز دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی رابردوو گەورەترین قوربانی کێبڕکێی باڵ باڵینەکان بوو تا ئاستی شکستپێهێنانیشی! دەستتێوەردانی شانو باسکو باڵەکانی ئەم حزبە کاریگەرییەکی نەرێنی کردە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەجۆرێک لەسایەی 26 ساڵی حکومڕانی یەکێتیدا پارێزگای سلێمانی خراپترین رێگەوبانی هەیە، بۆنموونە قەڵادزێ ئەو شارەی کە من تێیدا لەدایک بووم لەدوای هەڵەبجەوە خوێناویترین شاری ناو چوارچێوەی پارێزگای سلێمانییە، جگە لەوەی کە لەماوەی 26 ساڵی حکومڕانیدا نەیانکردۆتەوە بەشارە جوانەکەی پێش راگوێزانی ساڵی 1989، بەڵکو زێدەتر لەکۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ دەچێ، لەبەر ئەوەی هەر بەرپرسێکی حزبیو ئیداری کوێخایەکی ئەو شارەیەو هەر کوێخایەکیشیان سەر بەباڵێکە.
-ملبەملێ و شەڕی باڵەکان بەلێشاو کەسانی بێ کەفائەتی بردۆتە پێشەوە لەبواری سەربازی و ئەمنی و ئیداریی و حزبیدا ، جار هەبووە لە یەک شاردا دوو بەرێوەبەری ئاسایش دانراون لەلایەن دوو باڵەوە، هیچ باڵێکیش نەیاتوانیوە بەرێوەبەرەکەی تر بەپشت بەستن بە یاسا و رێنمایی ئیداری لە ناو بارەگای فەرمانگەكه بکاتە دەرەوە.
دووەم/ سلێمانی وەک قوربانییەکی تر بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە :
بزووتنەوەی گۆڕان لەقۆناغێکدا درووستبو کە خەڵک پریشکی توڕەیی لەچاوەکانیدا فڕێ دەدا، لەکەڵەکەبوونی گەندەڵییەکانو نەبونی دادپەروەریو لوتبەرزی بەرپرسە نابەرپرسەکانی ئەم دو حزبە، بزوتنەوەی گۆڕان هات بەکۆڵێک دروشمی موگناتیسی ئەو توڕەییەی خەڵکی قۆستەوە بەتایبەتی لەسنوری سلێمانی، ئەم بزوتنەوەیە جگەلەوەی لەسەر پشتی خەڵکی ئەم پارێزگایە سەدان کەسی گەیاندە ئاستی لەزەتی ئیمتیازاتی گەورەی وەک پۆستەکانی “پەرلەمانی عێڕاقیو پەرلەمانی کوردستانو بەرێوەبەری گشتیو راوێژکاری بندیوارو ….هتد” تا ئاستی بەبنەماڵەکردنی هەرچی ماڵو موڵکو تەنانەت تەلەفزیۆنی بزووتنەوەکەش بون بهكرێچی كوڕانی رێكخەری پێشووی بزووتنەوەكە.
سێیەم/ بەرەی نەخێر ، جارێکی دیکە سلێمانی دەکاتەوە بە قوربانی :
بەرەی نەخێر کە لەلایەن چەند کەسێکی ناسیاسیو بوغزنه وه دامەزراونو زەمینی چالاکیان دیسان پاریزگای سلێمانییە، دەیانەوی ئیستغلالی ئەم رۆحیەتی بەرەنگارییە بکەن کە خەڵکی ئەم پارێزگایەی لەسەر راهاتووە، ئاخر تا دوێنێ گلەیی ئێوە لەپارتیو یەکێتی ئەوە بوو کە سیاسییەکان بوونەتە بازرگان بۆیە دەسەڵات ئاگای لەخوارخۆی نەماوە، کەچی ئەو کەسەی رێبەرایەتی ئەم بەرەیە دەکات پێشئەوەی سیاسی بێ بازرگانێکە نزیكی زەوی چارەگێکی سلێمانی وەرگرتووە بۆ نیشتەجێ بونی کەسانی ئەرستۆقراتو سەرمایەداری گەورەو بەرپرسانی پارەداری سیاسی، نابێ خەڵک بپرسێ ئەو نزیكی چارەگێکی شارەکەی بەدەستەوەیە یەک بستی بۆخزمەتی یەک خێزانی کەمدەرامەتی ئەو شارە تەرخان نەکردووە! بۆیە هەر کۆبوونەوەیەکی خەڵکی ئەو شارە لەدەوری بەرەی نەخێر جارێکی دیکە سلێمانی دەکاتەوە بە قوربانیەکی گەورە، بە باوەڕی من ئەو کەسو گروپانەی لەناو ئەو ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئەم پارێزگایەدا هەڵتۆقیون، جگە لەوەی تەمەنی سیاسیان کورت دەبێ، هەر خۆشیان چەپەڵۆکێک دەدەن بەسەریداو زۆر زوو دەیپوکێننەوە.
چوارەم/ سلێمانی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵتۆقینی هەر رۆژەو هێزێک :
لەوانەیە دەرخستنی رەهەندێکی ئەم وتارە کە خۆی لەناونیشانی خاڵی چوارەمدا دەدۆزێتەوە، کەسانێک نیگەران بکات ، بەومانایەی بەخوێندنەوەی دەرخستەکانی مێژووی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارێزگایە ئێمەی گەیاندووە بەو باوەڕەی کە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی زەمینەیەکی لەبارە بۆ هەڵتۆقینی هەر هێزێک کە بیهەوێ ئیش لەسەر قۆزتنەوەی سایکۆلۆجیای خەڵکەکەی بکات، بەڵام بەدیدی من هەر بزووتنەوەو هێزو گرووپێکی سیاسیش کە بیهەوێ لە سلێمانیەوە مۆمی لەدایکبوونی هەڵبکات، ناتوانێ بۆماوەیەکی دوروودرێژ بە رووناکی بمێنێتەوە، وەک چۆن رووناکی مۆمی هەموویان تادێ بەرەو کزی دەچێ.