دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم حەرامە ( فەلسەفە و سایکۆلۆژیای ئایین)

دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم حەرامە ( فەلسەفە و سایکۆلۆژیای ئایین)
باشە دەبێ بزانرێتن کە بۆچی ئایینەکان بە ئیسلامەوە ھەندێ شت و ڕەفتار (حەرام) دەکاتن. وەڵامێکی ھەرە کۆرت و کوردی بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە: چونکە ئەو شت و کەرەستە و رەفتارە زیانی ھەیە بۆ خۆدی تاک و مرۆڤ، جا چ جەستەیی بێ یان دەروونی، و یان زیان بۆ لایەنی ئابووری یان کۆمەڵایەتی خیزان یان کۆمەڵگایەکەی یان بۆ مرۆڤایەتی ھەبێ. کەواتە ئایین ڕەفتار و کرداری مرۆڤ و ئازادیی ئەنجامدانی سنووردار دەکات، لە بڕی پاراستنی خۆدی مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگایەکەی و نەھێشتنی زیانەکانی.
بۆچی نابێ تێبگەین کە دەنگی "نەخێر" و سەربەخۆنەبوونمان چەند زیانی ھاوشێوەی ئەنفالی گەرمیان و بادینان و جینۆساید و دەردبەدەری کوردە فەیلییەکان و بارزانی و حەلەبچە و شنگالیان و نەتەوە و ئایینەکانی تری کوردستانی بەدواوەیە، بە بێی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و ڕەگەزی و ...ھتد، و نابێ بزانین کە ناسەقامگیری کوردستان یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرھڵدانی سەدان جۆری گەندەڵی و کێشە و گرفتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانین، و ئەگەری بڕینی مووچەی خەڵک لە لایەن دەستھەڵاتدارانی بەغداوە، و ھۆکاری سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی ھاوشێوەی داعش و ( حزبی بەعسی ڤاشیتسی ) و دیکتاتۆری وەک سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و سەدان زیانی کۆشندەی تر، لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا، ھەم بۆ تاک تاکی کوردستانیان و ھەم بۆ کۆمەڵگایەکەی و تەنانەت بۆ جیھان، ئایا باشتر نیە ھەر ڕەفتارێک و بڕیارێک کە لە ئەنجامدا دژی سەرکەوتنی ئەو ڕیفراندۆمەیە، بە (حەرام) لە قەڵەم بدرێَتن؟
ئەی باشە ئایا فەلسەفەی (حەرام) کردن تەنیا لەسەر ھەندێ ڕەفتار و کردار و شت و بابەتی بچووک جێبەجێ دەکرێ و لەسەر بابەتێکی گەورە و چارەنووسسازی وەک ڕیفراندۆم جێبەجێ نابێ؟ *ئەکادیمی/ زانینگەی زاخۆ
Top