دیار نەبوونی نێچیرڤان بارزانی و شۆِرشێكی ئابووری

دیار نەبوونی نێچیرڤان بارزانی و شۆِرشێكی ئابووری
مقومقۆیەكی زۆر هەبوو لەوەی بۆ لەو ساتە هەستیارەدا، نێچیرڤان بارزانی دیار نییە و پشتگیریی لە ریفراندۆم ناكات. زۆرێك لە میدیاكان هەولی ئەوەیان ئەدا، بە گوێچكی خەڵكدا بچرپێنن كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە گەل ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نییە و خۆی بێدەنگ كردووە، غافل لەوەی كە نێچیرڤان بارازنی لەو چەند رۆژەدا شۆڕشێكی ئابووری كرد و پایەكانی دەوڵەتی كوردی بەهێزتر كرد.
كۆمپانیای دانەغاز، كە یەكێكە لە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی دونیا لە بواری نەوت و گازدا، زۆرترین كاری لە بواری نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی كردووە و، ئەگەر لە قەرزەكانی خۆش نەببوایە، هەرێمی كوردستان جارێكیتر دەوكەوتە بارودۆخێكی زۆر خراپی ئابووری، لێ‌ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی قەناعەت بە كۆمپانیای دانەغاز بهێنێت بۆ كشاندنەوەی سكالاكانی لە سەر قەرزەكانی لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش شۆڕشێك بوو و تەنها متمانەی كەسێتی نێچیرڤان بارزانی ئەم رولە گەورەیەی گێڕا.
ماوەی چوار ساڵە كێشە لە نێوان كۆمپانیای دانەغاز و حكوومەتی هەرێم هەیە و هیچ كەسێك نەیتوانیوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، تاكوو بەم دواییە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نەك هەر كێشەكەی بە گفتگۆ چارەسەر كرد، بەلكوو قەناعەتی بەو كۆمپانیایە هێنا كە هەرێمی كوردستان جێگەی متمانەیە و هەمیشە لە گەڵ چارەسەری كێشەكانە بە ئاشتییانە و گفتگۆ كردن، ئەمە كارێكی ئێجگار گەورە و سەخت بوو، ئەم رێكەوتنەش بە قازانجی چارەسەری بەشێك لە گرفتە ئابوورییەكانی هەرێم تەواو بوو. حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیای دانەغاز لە دەرەوەی تەحكیم گەیشتنە رێكەوتن و، بە پێی رێكەوتنەكەش حكوومەتی هەرێم بەشێك لە شایستە داراییەكانی كۆمپانیای دانەغاز خەرج دەكات.
رێكەوتنەكە بە چوار خاڵ كراوە:
1- حكوومەتی هەرێم 600 ملیۆن دۆلار ئەدات بە كۆمپانیای دانەغاز، ئەویش لە بەرامبەر زیادكردنی وەربەرهێنان لە بواری خۆیدا.
2- هەرێمی كوردستان 400 ملیۆن دۆلاریتر تەرخاندەكات بۆ زیادكردنی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكان، ئەمەش قازانجێكی دیكەی حكوومەتی هەرێم كە وەبەرهێنان زیاد بكات و رەوشی ئابووری هەرێمیش گەشە دەسەنێت.
3- گرۆپی كۆمپانیاكانی پییەرڵ وەبەرهێنانی گاز لە كێڵگە نەوتییەكانی خۆر مۆر بە رێژەی 500 مەتر سێجا، زیاد دەكات، كە دەكاتە لە سەدا 160ی ئەو بڕەی لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش لە ماوەی دوو ساڵدا دەبێت.
4- بڕی 1 ملیار و 239 ملیۆن دۆلار كە دادگە وەكوو قەرز سەپاندوویەتی بە سەر حكوومەتی هەرێمدا، وەكوو قەرز لە سەر حكوومەتی هەرێم نامێنێت، بەلكوو گروپی كۆمپانیاكانی پییەرڵ لە داهاتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەستی دەكەوێت.
لەو چوار خاڵەی سەرەوە، لە هەمووی گرنگتر كۆمپانیای دانە غاز رایگەیاندووە كە، چاوەڕوان دەكرێت رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی كوردستان، بە ئاستێكی زۆر بەرز زیاد بكات، ئەمەش پاش ئەوەی حكوومەتی هەرێم كێشە یاساییەكانی لە گەڵ پییەرڵ پترۆلیەم یەكلایی كردەوە. كۆمپانیایەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە، ئاستی بەرهەمێنانی رۆژانەی غاز لە 330 ملیۆن پێ سێجاوە كە لە ئێستادا بەرهەمدەهێنرێت، بەرز دەكاتەوە بۆ 800 ملیۆن پێ‌ سێجا یا خۆد 8 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێكدا، كە ئەم بڕەیەش بەشی پڕ كردنەوەی پێداویستییەكانی وڵاتێكی وەكوو نەمسا دەكات.
بە پێی رێكەوتنی گروپی پییەرڵ كە گروپێكی هاوبەشە لە نێوان دانەغاز و كۆمپانیای سنوورداری نێودەوڵەتی نەوتی كرێسێنت و كۆمپانیای سنوورداری نەوتی پییەرڵ، لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕە قەرزانەی كە لە لایەن دادگاوە وەك قەرزی دانەغاز لە سەر حكوومەتی هەرێم دیاریككراوە، چیتر وەك قەرز نامێنێتەوە، بەلكوو وەك خەرجی زیادە لەو بەرهەمەی كە لە لایەن پییەرڵەوە لە داهاتوودا لە سەرچاوەكان بە دەستدێن. ئەمە لە كاتێكدایە كە، دوای رێككەوتنەكەو چارەسەری گرفتەكانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێم، پشكەكانی كۆمپانیای دانەغاز 14% بەرز بووەتەوە.
ئەوانەی لە سەرەوە باسكران، گەواهیدەرن بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك روون بێت، نیچیرڤان بارزانی شۆڕشێكی گەوەری كردووە بۆ قەیمكردنی پایەكانی دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، بێجگە لەوەی كە توانی متمانە بۆ كۆمپانیای دانەغاز و ئەوانیتریش بگەڕێنێتەوە، بە بێ‌ ئەوەی هیچ مەبلەغێكی زیاتری پێبدات، ئەمە لە كاتێكدایە كە رێژەی وەبەرهێنانی زیاتر كرد و ماوەكەی درێژ كردەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان یارییەكی ئابووری عەقلانی كرد و بەم هۆیەوە توانی بە قەناعەتهێنان بە كۆمپانیای دانەغاز، هەم متمانە بگەڕێنێتەوە و هەم مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەت دابین بكات كە ئەمە كارێكی ئاسان نییە لەو بارودۆخە دژوارەدا.
نێچیرڤان بارزانی بە دوای پەیدا كردن و چارەسەری كێشەی ئابووری خەڵك بوو و هەندێكیش خەریكی پیلانگێڕان لە دژی ویست و خواستی نەتەوەكەیان.
Top