چیدیکە شکۆی حکومەتەکەمان مەشکێنن !

چیدیکە شکۆی حکومەتەکەمان مەشکێنن !
قسەیەک ھەیە، دەڵێن ئەو کاتەی گڵۆڵەت دەکەوێتە لێژی دۆستەکانت جگە لەوەی لێت دەبن بە پیری موغان و قۆڵ و باسکی نەسیحەتت لێھەڵدەکەن ، سەرزەنشتیشت دەکەن تا ئەو ئاستەی ئەوەی کردوشتە پاساوی نەرێنی بۆ دەھێننەوە، بەشێکیشیان ھەن ھەر خۆت بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ چاکەت ھەبووە بۆیان لە بوارێک یان چەند بوارێکدا سەرت خستوون و ژیانت لە ناباشەوە بۆ باش گۆڕیون، بەڵام کە دۆخی خۆت دەچێتە قۆناغێکی ناباش ئەوانیش تیری خۆیانت تێدەسرەوێنن، ئەوانە پێیان دەگوترێ "نمەک بەحەرام!"، ژمارەشیان ھێندە زۆرن لە چوار بەش سێ بەشی حزب و سێ بەشی حکومەت لەنزیکەوە بیانجوڵێنە ئاسان بۆت دەردەکەوێ لە بەرەی نمەک بەحەرامەکانن ! جا ئەو بەرەی نمەک بەحەرامانە نابێ لەئاستیاندا بێدەنگ دابنیشی ، چونکە ئەوەی دەبیسترێ دەنگی رەخەنە نیە ئەوەندەی دەنگی تێکشکاندنی شکۆی حکومەت و رەمزەکانیەتی ، پڕ بەدڵ پێمخۆشە رۆژێکدابێ دانە دانە تەێفیەی حیساباتیان لەگەڵ بکرێ، تا لانی کەم منداڵ و نەوەکانیان فێر ببن وەفایان ھەبێ بۆ ئەو کەس و لایەنانەی باری قورسی ژیانیان لەگەڵ سووک دەکەن.
بەشێکی ئەم بەرەیە ئەوانەن کە لەحکومەتدا پۆستیان پێدراوەو زەویان پێدراوەو ماشێنی حکومەت و بەنزین و پەنچەری تایەی ماشێنەکەیان و سەفەرو خواردن و خواردنەوە و خەوتن و مەلەکردنیشان لەسەر گیرفانی حکومەت بووە، بەڵام لەم قۆناغەدا کە مووچەکانیان کەمی کردووەو نەزیفی ئیمتیازەکانیان لێ کەمکراوەتەوە، ددانی خێر بەحکومەت و سەرۆکی حکومەتدا نانێن و بەراست و بەچەپ لەڕێگەی زمانیانەوە زەبری خۆیانی لێدەوەشێنن !
ئاستی دووەم پێکدێن لەو کەس و لایەنانەی کە ئەم وڵاتە بە سۆماڵ دەشوبھێنن ! ھەندێک میدیاو شرۆڤەکار ھەڵتۆقیون لە بوغز و رق و تۆڵەو بەدبینی زیاتر یەک وشە نادەن بەگوێی خەڵکدا ! ھەندێک پەرلەمانتارمان ھەن لە بەغدا بۆیان بلوێ داعش بە دەستەکانی خۆیان دەھێننە سەر سەرمان، ئەوان بە ریتمێک مکیاج بۆ دەوڵەتی تائیفی بەغدا دەکەن ھەرگیز لەمێژووی جاشەکانەی بەعسدا کوردی ئاوا نا رەسەن و ناپەسەندمان لێھەڵنەکەوتوون!
لەراستیدا ھەرگیز نابێ وڵاتی خۆمان بەراورد بکەین لەگەڵ ئەو وڵات و حکومەتانەی چەند سەد ساڵێکە دەوڵەتن، وڵاتی ئێمە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەبوارە جیاوازجیاوازەکاندا گەشەی کردووە، ئەو بوارانەش کە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بونەتە بنەمایەکی باش بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی، پێشموایە ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدەرەوەی وتاری رۆژنامەکان و گوتاری بۆنەکان و مێزگردی میدیاکانەوە بچێتە قۆناغی "دیراسەی زانستی" بۆ ھەریەک لەو بوارە گرنگانەی لەماوەی لانی کەم پانزە ساڵی رابردوودا گەشەو نەش و نومایان کردووە، تا بەزمانی داتا ھەم بۆ خەڵک ھەم بۆ نەیارەکانی ناوخۆو دەرەوە بسەلمێنین کە شایان بە دەوڵەتین یان خود نا.
Top