سەرۆک بارزانی لە کوێی رێبازی بارزانی نەمرە

سەرۆک بارزانی لە کوێی رێبازی بارزانی نەمرە
من ناڵێم.. ئەوە مێژووی بزووتنەوەى رزگاری نیشتیمانی کوردە بە بەڵگە دێتە دەنگ و دەڵێ: پێش دامەزراندنی پارتی لە هەر ناوچەیەک و لە هەر بەشێکی کوردستان کورد پێویستی بە بارزانی نەمر بووبێ، ئەوا لەو ناوچە و لەو بەشەی کوردستان ئامادە بووە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە بارزانی نەمر لە حزب گەورەتر بووە و روانین و ئامانجەکانی نەتەوەیی و کوردستانی بوون و تایبەتیش نەبوون بە ناوچەیک یان بەشێکی کوردستان و هەر چوار بەشەکەی کوردستانی گرتوونەوە، چوونی بۆ پشتیوانی شۆڕشی شێخ مەحمود لە سلێمانی و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور و کوماری کوردستان لە رۆژهەڵات ئەو راستییە مێژووییە پشتڕاست دەکەنەوە، لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی بەسەر باسەکەماندا دەسەپێنێ، کە ئایا سەرۆک بارزانی هەم وەک کوڕی بارزانی نەمر و هەم وەک میراتگر و هەڵگری پەیامە سیاسی و نەتەوەییەکەی لە کوێی رێبازی بارزانی نەمرە؟
ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە لە مێژوو وەربگرین، ئەوا مێژوو پێمان دەڵێ: سەرۆک بارزانی لە تەمەنی (١٦) ساڵی بۆتە پێشمەرگە و ئێستا تەمەنی (٧١) ساڵە، واتا (٥٥) ساڵە پێشمەرگەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی کوردستانە، لێرەدا باس لە هەڵوێستی پێشمەرگانەی ئەو (٥٥) ساڵ خەبات و رابەرایەتی کردنی شۆڕش ناکەین, بۆ ئەوەی کورت و پەخت وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە تەنها باسی ئێستا و ئەوکاتە دەکەین کە داعش پەلاماری کوردستانیدا لەگەڵ چەند هەڵوێستێکی تری.
دوای رووخانی رژێمی بەعس تورکیا بەناوی پەلاماردانی پەکەکە لە چیای قەندیل هێزێکی زۆری هێنایە سەر سنوور، لەو کاتەدا هەم پەکەکە و هەم پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور پێویستیان بە هەڵوێستی پێشمەرگانە بوو، سەرۆک بارزانی بەرگی خاکی کردەوە بەر و چەکی پێشمەرگانەی کردەوە شان و کەوتەوە سەنگەری بەرگری و گوتی: دەکرێ دەبابەکانی تورکیا بەسەر لاشەی مندا بێن و سنوور ببەزێنن.
لە ساڵی ٢٠١٢ نوری مالیکی هەندێ کۆنە دەبابەی کۆکردنەوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی درووست کرد و گوتی: دێینەوە ناو کەرکوک و ئەگەر پێویست بکات دەچینەوە هەولێر و سلێمانی دهۆکیش، بۆ وەڵامی ئەو هەڕەشە و خۆ گیڤکردنەوەیەی نوری مالیکی دووبارە کورد پێویستی بە هەڵوێستی پێشمەرگانە بوو، سەرۆک بارزانی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی جێبەجێکاری پێویستیەکانی کورد بووە و جارێکیتر وەک پێشمەرگە دەرکەوتەوە و بە هەڵوێستی پێشمەرگانەی خەونی نوری مالیکی و دەست و پێوەندەکانی لە گۆڕنا.
لەگەڵ پەلامارەکانی داعش بۆ سەر کوردستان جگە لە پێشمەرگە و پێشمەرگە بوون هیچ شتێک فریای کورد نەدەکەوت، بۆیە پێشمەرگە بوونی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی لە پێشمەرگە بوونی جارانی جیاواز بوو، هەر کەسێک لە بەرەکانی جەنگەوە یان لە شاشەی کەناڵەکانەوە سەیری رووداو و بەرگریەکانی پێشمەرگەی کردبێ، دەبینێ شەڕ و پەلامارەکان لە هەر ناوچەیەک توند بووبن سەرۆک بارزانی لەو ناوچەیە بووە، دەبێ بۆ مێژووش ئەوە بڵێین کە کاک محەمەدی حاجی مەحمودیش لە زۆرترین ئەو ناوچانە دەرکەوتووە کە مەترسیان کەوتۆتە سەر.
ئێستا کە ژیان لەگەڵ عەرەب و مانەوە لە عێراقدا گەیشتۆتە بنبەست و پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان هاتۆتە پێشێ، سەرۆک بارزانی بۆ سەرخستنی ئەو پرسە چارەنووسسازە وەک سیاسی و دیبلۆماسێک دەردەکەوێ و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری و پێشوازی وەفد و میوانانی بیانی و عێراقی و ناوخۆیی دایە.
بە خستنەڕووی ئەو چەند نموونەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێ، کە سەرۆک بارزانیش وەک بارزانی نەمر کورد لە کوێ و لە کام بوارەدا پێویستی پێی بێ لە وێیە، بۆیە هیچ گومانێک لەوەدا نامێنێ کە سەرۆک بارزانیش وەک بارزانی نەمر لە حزب گەورەترە و هەڵگری هەموو ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەیە کە لە بارزانی نەمردا هەبوون.
Top