ڕیفراندۆم ھەوڵی دەوڵەتبوونی کوردستانە نەک بنیاتنانی بەھشتی کوردستان !(سایکۆلۆژیای کەسێتی )

ڕیفراندۆم ھەوڵی دەوڵەتبوونی کوردستانە نەک بنیاتنانی بەھشتی کوردستان !(سایکۆلۆژیای کەسێتی )
جێگەی داخە ئایدیالیزم ( میسالیەت) و خەیاڵپاڵاوی و زیادەخوازی و دوورکەوتن لە تێڕوانینی واقعبینانەی مرۆڤ، زۆر جار گۆرزی کۆشندەی لێداوە، و لە کۆتایی دا تووشی شەپرزەیی دەروونی کردووە.
بۆ نموونە لە پرۆسەی دیمۆکراتیک و ڕزگاریخوازانەی کوردستانیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماری فیدرالی ھەمەچەشنی دیمۆکراسی و فرەنەتەوەیی و فرە ئایینی، زۆر جار زیادەڕۆیی تیایدا دەکرێت و زۆر کەس و لایەن وا بیردەکەنەوە یان تێدەگەن یان دەیانەوێ و داوادەکەن کە کوردستان دەبێ بە بەھشتێک و تیایدا گۆرگ و مەڕ پێکەوە دەلەوەرن، و ڕووبارەکانی ھەنگوین لە شاخەکانی بەرەو خوارەوە دێتن و ...ھتد !
جەنابی سەرۆک بارزانی لە یەکێک لە چاوپێکەتنەکانی دا لەگەڵ ڕەوشنبیران دا دەفەرمووتن:" بۆ نان و ئاو خەبات نەکراوە، بەڵکۆ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ئەو کارە کراوە". ھەڵبەت نامانەوێ بڵێن دابینکردنی ئاو و نان واتە دابینکردنی بەھشت بەڵام لە ڕاستیدا ڕەخنەگرانی نەبوونیان و داواکارەکانی ئەو شتانە زیاتر مەبەستیان ئەو ئاستەی نان و ئاوە کە دەتوانین بڵێن واتای بەبەھشتکردنی ڕەوشی ژیان دێتن !
بەڕاستی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە جۆرێکە لە کوێرکوێرانە تەماشەی ژینگەی مرۆڤی و فیزیکی کوردستان کردن، و خۆفرێودانە. سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکانی سەرکردە خەمخۆرەکان و پەرۆشی کەسانێکی وەک سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی جیاوازییەکان نەمێنن، و ھەموو بزاڤەکانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی سەرەداو و ئەلترناتیڤی گۆنجاو بۆ بەرزکردنی ئاستی بژێوی خەڵک و نەھێشتنی جیاوازییەکان، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە دەوڵەت لە کوردستان و ھەموو جیھان دا، تەنانەت دیمۆکراسیانەترینیان و باشترینیان و شەریفترینیان، لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندە دا، دیاردەیەکی سیاسی و بەر لەویش کۆمەڵایەتییە، کە مرۆڤەکان تیێایدا ڕۆڵ دەگێڕن، و ھەر مرۆڤێک خۆی جیھانێکی تایبەت و خاوەن زۆر پێداویستی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تایبەتی خۆیەتی، و ھەموو ئەو شتانە کاریگەرییان بەسەر ڕەفتار و جووڵە و ھەڵسوکەوتی تاکی و سیاسییەکانی دەکاتن.
بە واتایەکی تر دەبێ بتوانین لە خەوی گرانی خەیاڵپاڵاویبوون ھەڵسین و بڕوا بکەین کە ھەمیشە جیاوازییەکان بوونیان دەبێ و ھەمیشە کەم و کۆڕییەکان لەناو ناچن، تەنھا جیاوازتر دەبن، ئیتر بە کەمتر بوون بێ یان بە زیاتربوونیان، و تەنھا دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە تا چەند ئەرێنی و نەرێنی بوونی ئەو بابەتە لە گۆڕێ دایە، واتە تەنھا جیاوازییەکانە کە لە ئاست و ڕێژەکەی دایە.
ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو دەوڵەتە لەو پەڕی دادپەروەری و دڵسۆزانە ھەوڵ بداتن دەتوانێ ئاستی بژێوی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر باش بەرز بکاتن، و پێچەوانەکەشی دروستە !
بەڵام ئەوەی نادروستە ئەوەیە کە خۆمان لە گێڵی بدەین و لە بیر بکەین کە ئەو دەوڵەتدارانە و سیاسەتوانانە مرۆڤن و فریشتە نین. و مرۆڤبوونیان کاریگەری بەسەر دەستھەڵاتیان دەبێ، و ئەو مرۆڤبوونە ناتوانێ دەوڵەتی کوردستان بکات بە بەھشتی کوردستان. بەڵام دەتوانن بەو پەڕی مرۆڤبوون و ھەستی بەرپرسیارەتییەوە ئاستێکی باشی کامەرانی و بەختەوەری بۆ کوردستانیان دابین بکەن و ئەوە گرنگترین فەلسەفە و ئامانجی سیاسەت و دەستھەڵات و دەوڵەتداری و دەوڵەتە، و ھەر بیرۆکەیەکی ھاوشێوەی خەونی بەھشت دیتن و بە بەھشتکردن تەنھا خەونی حۆشتر دیتن و زیادەرۆییە. دەبێ کاربەدەستان بەو تێرَانینە بانگەشە نەکەن، و خەڵکیش واھا تێنەگاتن و بەتەما نەبێ. چونکە ئامانجی سەرەکیی ریفراندۆم بەدەوڵەتکردنی کوردستانە نەک بە بەھشتکردنی، و جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام کوردستانیان دڵداری دەداتن بەوەی کە ھەموو ھەوڵەکان بۆ زیاترین و بەرزترین ئاستی بەختەوەری تاکەکانیەتی. لە کۆتایی دا دەبێ گەشبین بین بەوەی کە ڕاستە کوردستان نابێ بە بەھشت بەڵام زۆرێک لە ئاواتەکانمان بەھۆیەوە دێتە دی و گرینگترین ئەو ئاواتەش ئازادییە، کە ھەبوونی ھیچ کەمتر نیە لە ھیچ شتیتر.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top