بۆ مێژوو دەڵێم

بۆ مێژوو دەڵێم
کوردانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەزانن کە سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەبێتە دەروازەی سەربەخۆیی بۆ ئەوانیش، بۆیە بە جۆش و خرۆشتر لە کوردانی باشوور پێشوازی و پشتیوانی لە پرۆسەی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
جا ئەو کاتەی لە باشوور ئێمەی باشووری بە خواستی سەربەخۆیی گەیشتین، ئەوا ئێمەی باشووری لە کۆشکی سەربەخۆیی دادەنیشین و کلیلی بنیاتنانی هەمان کۆشکیش دەکەوێتە دەست باکووری و رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکان، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم: هەندێ دەنگی ناشاز لە باشوور دژ بە بنیاتنانی کۆشکی سەربەخۆیی دەبیسترێ، گوایە بەر لە بنیاتانی ئەو کۆشکە هەر یەکە لە ئێران و تورکیا سنوور دادەخەن و پەلاماریشمان دەدەن، بەڵام ئەو جۆش و خرۆشەی بە کوردانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواوە دیارە پێمان دەڵێ: ئەگەر ئێران و تورکیا کارێکی وا بکەن و پەلامارمان بدەن، جیا لەوەی یاسا شکێنی دەکەن و ئەو سەردەمە بەسەر چووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو یاسا شکێنەیە بێدەنگ بێ، ئەوا بۆ مێژوو دەڵێم: کوردانی باکوور و رۆژهەڵات رادەپەڕن و کۆشکی داگیرکاری ئەوان دەلەرزێنن.
Top