ئێمە نەتەوەی یەکەمین نەک چوارەم: وڵامێک بۆ ئەوانەی بە ھەڵەداچۆنەتەوە !( خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیک بۆ خۆدکەمبینیی کوردەکان)
September 10, 2017
وتار و بیروڕا
پێویستە مێژوونووسانی کورد بوێری زیاتر بنوێنن و دەست لەو ھەستە کۆشندەیەی کە بەناوی " ھەستی خۆ بە کەم زانین"(sense of inferiority) بێنن، کە لە لای خەڵکی ئاسایی ئەگەر ھەشبێ لێیان ناگیرێتن، بەڵام بۆچی لای ئەوان ھەبێ، لە کاتێکدا ئەوان ڕاستیە دیرۆکییەکان باشتر لە ھەر کەسێک دەزانن، و بۆچی ئەوان بە توێژینەوەی زانستی ئەو ھەستە لەنێو نابەن. ئەوان دەبێ بزانن ئەو ھەستە بەرھەمی پیلانێکی تۆکمە و درێژخایەنی نەتەوەکانی ناوچەکەیە، کە لە دژی کورد پەیدا بووە، و بە داخەوە ئێستا و دوای چەندین ھزار ساڵ، وەک دەروونناسانی وەک کارۆل گۆستاڤ یۆنگ، بۆی دەچن بۆوەتە بەشێک لە پێکھاتە و ستراکتووری کەسایەتیەکە و زۆر بە ئاسانی بڕوای پێکراوە و بەڵاویشی کردووە.
لاپەڕەکانی مێژوو گەواھی دەدەن کە عەرەبەکان لەو پەڕی شەپرزەیی و جەنگ و کۆشتار و یەکنەگرتووییدا، لە دووڕگەی عەرەبی، یەکێک لە بێدەستھەڵاتترین نەتەوەکانی ناوچەکە بوون، و تەنانەت ئەوەی ئێستا لە زۆر جووڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەوەی کە زیاتر دەنگی داوە دیاردەی تیرۆرە، بەشێکە لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو ڕۆژە نەخۆشانەی ئەوان لە ژێر دەستەییدا بینیویانە و چێشتوویانە.
ھەرچی پارسەکانی ئاریایین، لە ناوچەکە و بە تایبەت ڕۆژھەڵاتی زاگرۆسدا زۆر پەرتەوازەتر لە ئێستا بوون، و پچڕپچڕبوونیان گۆرزی کۆشندەی لێدوان، و تەنھا لە سایەی ھێز و دەست و بازووی قارەمانانی کوردە میدییەکان توانیان ئێمپراتۆریەتی گەورەی وەک ھەخامەنشی و ئەشکانی دابمەزرێنن.
ھەرچی توورکەکانن، وەک خۆالێخۆشبوو عەلی وەردی لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی خۆی ( سروشتی کۆمەڵگای ئێراق ) لاپەڕە (١٢٥)، کە بە عەرەبی نووسراوە، دەڵێ ھۆزێکی بیابانی تورکستان بوون کە لەودیوی دەریای قەزوین دەژیان، و ھەمیشە بەدەست ھێڕشەکانی خوێنمژانی مەغۆلین ناڵاندوویانە، و لە قۆناغی سەلجووقی دا داوا لە یەکێک لە سۆڵتانەکانی دەکەن کە شوێنێکیان پێبدرێتن تاوەک لێی بژین. لە دەوروبەری شارێک کە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مەزنی بیزەنتی ڕۆمی دا پایتەختیان بوو شوێنێک وەردەگرن و دواتر بە فڕت و فێڵ و قۆستنەوەی ھەل، ئایین دەکەن بە بەھانە و بە ناوی جیھاد لە دژی کۆفرستان ( واتە ئەورۆپییەکان و ئەوانەی مەبەستیان بوو) خەڵکێکی زۆر دەگەوجێنن و بەدەرکردنی نەتەوەکانی ڕەسەنی وەک کورد و ڕۆمی و ئەرمەنی و ... ھتد، ناوچەکە داگیر دەکەن، بە جۆرێک کە ئاسەوارە نەشرینەکانی تا مەلینەھا ساڵی تر پاک ناکرێنەوە.
لەو بەینەدا، کورد یەکێکە لە ڕەسەنترین و خۆڕاگرترین نەتەوەی ئاریایی ناوچەکە، کە فاکتەری جیاوازی ناکۆک گەیاندوونی ئەو ڕۆژە ناخۆش و بنەدەستەییەی ئەمڕۆ. بەڵام ھەموو ئەوە واتای کۆتایی ژیان و جیھان و نائۆمێدی و لە ھەمان کاتدا خۆباییبوونیان ناگەینێ. ئەوان لە ڕۆژانی ئاییندەی نزیک دا، لە سایەی وریایی ھەندێ سەرکردەی بوێر و پشتیوانی تاک و کەس و لایەن و وڵات، بەو پەڕی بوێری و بە ھیمەتەوە و بە دەستھەڵگرتن لە ھەستی خۆدکەمبینیی جاران، دەبن بە خاوەن وڵاتێک کە تیایدا شکۆی جارانی بۆ دەگەڕینرێتەوە و لە ھەمان کاتدا لە ژێر سیبەرەکەی دا ڕێز لە ھەموو مرۆڤ و نەتەوە و بەھا و ئایین و مەزھەب و نەژاد و بۆچوونەکان دەگیرێتن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ