ھەموو جیھان رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرێت

ھەموو جیھان رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرێت
خەڵکی کوردستان و گشت لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم زێڕینترین دەرفەتدایە کە حەقە لەبەر خاتری ئەو و ئەم ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین، یەکڕیزی نیشتمانی و یەکھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دواخستنی ریفراندۆم جێگای مەترسی و ھەڵوەستە لەسەر کردنە بۆ سەر ئایندەی کوردستان و ھۆکارێکە بۆ نەبوونی کورد بە دەوڵەت زۆر جاریش بەم بیانوویانە گرفتیان لەبەردەم پرسە نەتەوەیەکان دروست کردووە، کە حەقە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان ھەموو داواکارێکی لەم جۆرە ڕەت بکەنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم وەک مەسەلەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لێ نێت کە لە پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران رەشنووسەکەی پەسەند کرا، بەڵام بەبیانووی کۆدەنگی سیاسی لە لایەن چەند لایەنێکی سیاسی دواخرا کە تاکو ئیستاش لە شوێنی خۆی ماوەتەوە کە لە رەوشێکی وەک ئێستای کوردستان گەر دەستورمان ھەبا زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکران، گەر دوێنیش لە سەرەدمی خەبات و شاخ و شۆڕشگێڕیدا گەلی کوردستان شۆڕشی چەکداری کرد بۆ پارێزگاری لە بوون و مافی کوردستان ئەم جارەشیان شۆڕشێکی تر، بەڵام جیاوازتر بە شێوازێکی دیموکراسیانە، تا بەو ھۆیەوە بریاڕ لە دەوڵەتی کوردستان بدەین کە دەنگی بەڵێ کوردستانیانیش بۆ سەربەخۆیییە، چونکە ئەوەی بڕیار لەم پرسە دەدات تەنھا دەنگی بەڵێی خەڵکە،ئەوکاتیش ھەموو جیھان رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرێت.

دامەزراندنی دەوڵەت چەندین بنەمایەکی تایبەتی ھەیە، بوونی گەل، خاک، و حکومەت، دواتر دانپێنانی وەڵاتان بەو دەوڵەتە تازەیەوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ھەڵبەتە ئەمەش وا ھاسان نی یە بەڵکو رێگای یاسای خۆی ھەیە.گرنگی بوونی ھەستی نەتەوایەتی کە ئەمە رۆڵێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی و بونیاد نانی دەوڵەت، دەبێت ئەم ھەستەش دور بێت لە سۆز، بەڵکو دەبێت ھەلقولاوی و بۆ چوونی ناخی خودی مرۆڤ بێت.کورد ئەگەر چی دور لە خواستی خۆی بە دەوڵەتێکی عەرەبی لکێنراوە، ھەڵبەتە ھیچ ساتێک ئەو ھەستەی لا دروست نەبووە کە خۆی بە تاکێکی ئەو وڵاتە بزانێت، ھۆکارەکەشی بۆ دەوڵەت دەگەرێتەوە کە ھاوڵاتی کوردی لە ئامێز خۆی نە کرتووە، ھەستی لا دروست نەکردووە کە تاکی کورد خۆی بە ھاوڵاتیەکی عێراق بزانێت، بەڵکو بەپێجەوانەوە ھەردەم ھاوڵاتی کوردی بە ھاوڵاتی پلە دوو دانەوە، و ھەرچی دژی مرۆڤایەتی یە بەرامبەری رەفتاری کردووە، سەرەڕای ئەوەی ھاوڵاتی کورد قوربانی داوە و ھەوڵی دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی داوە، و ھەر لەو روانگەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنی دروشمی دیموکراسی بەرز کردۆتەوە
لە راستیشدا دەوڵەتێک نەماوە بە ناوی عێراقەوە، عێراق شکۆی نەماوە و لەسەر زەویدا لە رووی سیاسییەوە عێراق بووە بە سێ بە شەوە "کورد، شیعە، سونە " .. ئەوە مەحاڵە جارێکی تر ئەم سێ پێکھاتەیە لە ژێر رەشماڵێکدا بە ناوی عێراقەوە بچنە ژێر رکێفی یەکتری .. گەرچی لە ئەمڕۆدا تا رادەیەک بەرژەوەندییەکی لاوازی ئابووری و سیاسی، بە یەکجاری لێکی نەترازاندوون .. بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکانی نێوانیان، کێشەی زیاتریان لێدەکەوێتەوە .
مافێکی یاسایی و ئاشتییانە و شارستانییە کە ریفراندۆم بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکرتووەکان لە باشووری کوردستاندا ئەنجام بدرێت و، رێز لە ئەنجامەکەی بگیرێت و قبووڵ بکرێت .. مافێکی رەوای خۆمانیشە کە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین "دەوڵەتی کوردستان "رابگەیەنین ، مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی رەوای ھەر گەڵێکی نیشتمان داگیرکراو و ماف زەوتکراوە، کۆمەڵەی نەتەوە یەگرتووەکان لە چەند بڕیارێکی تێکڕاییدا، ئەم مافەی بە رەوا و بە یاسایی کردووە، بە مافی ھەر گەلێکی ستەملێکراو دەزانێت .. کورد وتەنی بۆ ( لە گەلانی تر عادەت بێت و .. لە ئێمەی کورد عێبرەت بێێت ".
بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین، کە پرسی ریفراندۆم و بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین، بڕیارێکی نەتەوەیی چارەنووسازی گەلی کوردمانە .. پێویستە ھەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان، ھاوڕا و ھاودەنگ و ھاوھەڵویست بن لەم بڕیارە گرنگ و چارەنووسازەدا .. پێشبینی ھەموو گریمانەکان و ئەگەرەکانیش بکەین .. پێشبینی ھەموو ئەو تەگەرانەش بکەین، کە دێنە رێمان .. بڕیارێکی ئاسان نییە و پێویستە کاردانەوەی دەوڵەتە ناوچەییەکانیش لەبەرچاو بگرین .. ئەگەر ئیرادەیەکی تەوامان ھەبێت و ھەموو لایەنە کوردییان کۆک و ھاوڕا و یەکدەنگ بن، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان دەبێت .. بۆیە پێویستە ئەم ھەلە زێرینە لە دەست نەدەین .. بە بەشداربوونی ھەموو پارتە کوردستانییەکان، کەسایەتییە دڵسۆز و و سیاسییە بە ئەزموونەکانمان و، شارەزایانی بواری یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی فراوندا، بە راشکاوی باس لە ھەنگاوەکان و لە ئالییەتی جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بکەین .. بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان، بەپێی قەوارەی خۆیان بەرپرسێتی لە ھێنانەتی ئەم ھیوا پیرۆزەی گەلەکەماندا بگرێتە ئەستۆ .. بێگومان سەرکەوتنمان لە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی و یەکوتاری دایە .


Top