دژایەتی ڕیفراندۆم و مێژووی حەسوودی سیاسی کورد

دژایەتی ڕیفراندۆم و مێژووی حەسوودی سیاسی کورد
حەسوودی خەسڵەتێکی کۆشندەی دەروونییە و قۆناغێکی نەخۆشی و شەپرزەیی سایکۆلۆژییە، و بەتایبەت لە نێوان سەرکردایەتی کوردەکان. خەڵکی ھەمیشە ھەوڵی داوە بە قۆستنەوەی ئەو حەسوودییە گۆرزی کۆشندە لە کوردستانیان بداتن.
عەلی وەردی لە لاپەڕەی ٨ بەرگی ٥ بەشی ٢ پەرتووکی خۆی لە بارەی مێژووی عێراقی ھاوچەرخ باس لەوە دەکاتن کە لە سەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ویلسۆنی نوێنەری بەریتانیای داگیرکەر باس لە قازانجەکانی ئەو پرۆژەیە دەکاتن، بەڵام سەرکردەکانی سۆننەی بەشدار لە لایەک پشتەوانی لە توورکەکان دەکەن وەک مۆسلمان، و لە لایەکی ترەوە بڕوایان وایە کە ئەوان خۆدمۆختاری بە عێراق دەدەن. ھەروەھا ئەوان بەو شێوەیە وەڵامی ویسلۆن دەدەنەوە کە بە نیاز بوو ئەوان لە مەترسی کوردەکان و شێعە ئاگادار بکاتەوە: ئەو دوو تاقمە مرۆڤی ساویلکەی نەزانی گۆندن، و دەکرێ بە پەیداکردنی حەسوودی لە نێوان سەرکردەی کوردەکان و پیاوە ئایینییەکانی شێعە ئەو مەترسیانە چارەسەر بکرێن.
دیارە کوردکان لەو قۆناغە ھێزێکی کاریگەری دژی بەریتانیا و دوژمنانی کوردستان بوون و لە گۆشە و کەناری ئەو ناوچەیە ڕاپەرینی مەزن لە دژیان کرا، بەڵام وەک ھەمیشە و ئێستا ھەبوون ئەوانەی حەسوودی چاویانی پڕکردبوو و پڕکردووە و لەگەڵ ئەوەی بوون بە ھۆکاری شکستھێنان بە پرۆژە نیشتمانیەکانی کوردستانیان، بوونەتە ئەگەری ئەوەی کە خەڵک و لایەن بەچاوێکی سووک تەماشەی ئێمەمانان بکاتن و بمانکەن بە گاڵتەجاڕێی کەسانێک کە تەنانەت لە لووتکەی دواکەوتوویی دا دەژیان.
بەڵام دیارە ئەم جارە حەسوودی ئەو کەسانە نەک تەنھا دادیان ناداتن بەڵکۆ سەریشیان دەخۆاتن و ڕیسوای (دنیا) و (ئاخرەتیان) دەکاتن، چونکە ئەزموونەکەی سەرەوە نزیکەی سەد ساڵی دەرباز کرد و ئەزموونی سەد ساڵ ئەزموونێکی ئەوەندە کەم نیە تا جارێکیتر حەسوودی چەند کەس ببێتە ھۆکاری شکستھێنان بە پرۆژەیەکی پیرۆزی نیشتمانی بۆ ھەموو چین و توێژ و ئایین و مەزھەب و نەتەوەکانی کوردستان. کوردستانیان چیتر نابن بە گاڵتەجاڕێی نەوەکانی ئەبووجەھل.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top